Mahmut Geldi
30 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 30 ئاب 2020
بەیروت - AA
سکرتێری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان، حەسەن نەسروڵڵا بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەمریکییەکان هەوڵیان داوە کەناڵی پەیوەندی لەگەڵ بکەنەوە.
لە چوارچێوەی چالاکییەکانی رۆژی عاشوورادا، نەسروڵڵا گوتارێکی بۆ پشتیوانانی دا و رایگەیاند ''ئەمریکییەکان هەوڵیاندا کەناڵی پەیوەندی لەگەڵ حزبوڵڵا بکەنەوە''.
حەسەن نەسروڵڵا لە گوتارەکەیدا گوتی: ''داواکاری پێشکەشکردنی ماڵ و پۆست و پێشخستنی بەرژەوەندیەکانمان درا لە سیستمی سیاسیی وڵاتدا. لە بەرامبەر ئەوەشدا داوا کرا واز لە دۆزەکەمان بهێنین، بەڵام ئێمە نەمان کرد و نایکەین''.
سکرتێری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان باسی لەوە کرد کە رێکخراوەکەیان لە راگەیاندندا رووبەڕووی کەمپینێکی رەشکردنی بێ وێنە بووەتەوە و ئەوەیش بە شێوەیەکی چڕ بەردەوامە.
گوتیشی: ''هەندێک وڵات بۆ مەرامی خراپ سوپای ئەلیکترۆنیان پێکهێناوە و هەوڵی گۆڕینی رای گشتیی دەدەن دژبە وڵاتێک. باڵیۆزانی وڵاتانی بیانیی و کەنداو ملیۆنەها دۆلار دەدەن بە دەزگاکانی راگەیاندن بۆ بە ئامانجگرتنی حزبوڵڵا''.