Dmitri Chirciu
09 مای,س 2022•نوێکردنەوە: 16 مای,س 2022
کیێڤ - AA
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسکی رایگەیاند کە پێویستییان بە مووشەکهاوێژە بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی مەدەنی لە هێرشەکانی رووسیا.
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسکی لە میانی بەشداریکردنی لە لووتکەی سەرکردەکانی G7دا کە بەشێوەی ئۆنڵاین بەڕێوەچوو، باسی لەو جەنگە کرد کە زیاتر لە دوو مانگە لەنێوان ئۆکراینا و رووسیا بەردەوامە.
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسکی باسی لەوە کرد کە دوێنێ سوپای رووسیا هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر گوندی بیلۆخۆریڤکا لە هەرێمی لوهانسک و گوتی: ''لەو هێرشەدا، ٦٠ کەس گیانیان لەدەست دا. ئەو کەسانە لە بینای قوتابخانەیەکدا خۆیان لە هێرشەکان دەپاراست. ئەوە بە واتای لاساییکردنەوەی ئەو تاکتیکە خراپە دێت کە نازییەکان بەرامبەر ئەورووپا ئەنجامیان دا''.
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسکی هەروەها باسی لەوە کرد کە رووسیا هێرشی کردووەتە سەر شاری ئۆدیسا و شارەکانی دیکە و گوتی: ''پێویستییمان بە مووشەکهاوێژە بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی مەدەنی لە هێرشەکانی رووسیا''.
سەرۆکی ئۆکراینا بە پێیوستی زانی سزاکانی سەر رووسیا توند بکرێنەوە و گوتی: ''پێویستە هەموو ئەو کارمەندە رووسیاییانەی خزمەت بە ستەم دەکەن لەگەڵ کارمەندانی جێبەجێکاری یاسا بەتایبەتی دادوەرەکان بخرێنە لیستی سزاکانەوە. ئەو کەسانە هێشتا لە لیستی سزاکاندا نین. هەموو ئەو رووسیاییانەی تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە دەبێت رادەستی دادگا بکرێن و بەهاریکاری نێودەوڵەتی دەستگیر بکرێن''.
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسکی باسی لە گرنگیی پشتیوانی دارایی ئۆکراینا کرد و ئەوەی خستەڕوو کە لانیکەم پێویستییان بە ٦٠٠ ملیار دۆلار هەیە بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو ژێرخانانەی لە جەنگدا زیانیان بەرکەوتووە.
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسکی هەروەها بە پێویستی زانی هەوڵەکان چڕبکرێنەوە بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیریی لە بازاڕی خۆراکی جیهانیی.