سياسەت, جيهان

جارێکی دیکە کۆبوونەوەی پەرلەمان دواخرا

خۆشناو: "بە هەموو شێوەیەک وەک فراکسیۆنەکەمان پێمانوایە کۆبوونەوە لەسەر ئەو یاسایە بەشێکی گرنگە لە چاکسازی و رێکخستنی کاروبارەکان و پێداچوونەوە بەو نادادیییەی کە هەیە، هەروەها لە پێناو نەمانی پاشەکەوتی مووچە هەموو هەولێکمان خستووەتەگەڕ".

Hemin Hüseyin  | 16.04.2018 - نوێکردنەوە : 16.04.2018
جارێکی دیکە کۆبوونەوەی پەرلەمان دواخرا

Arbil

هەولێر-AA

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، ئومێد خۆشناو گوتی: "وەک ئاگادارن لە ماوەی رابردوودا یەکێک لە یاسا گرنگەکان لە لایەن حکوومەتی هەرێمەوە پێشکەش بە پەرلەمانی کوردستان کرا، دوای چەندین دانیشتن لە نێوان فراکسیۆنەکان و لێژنە پەیوەندییدارەکانی پەرلەمانی کوردستان، دواجار لە ٢٧ی شوبات لە دانیشتنی ژمارە ١٣ی پەرلەمانی کوردستان یاسای چاکسازی پەسەند کرا، دوای پەسەندکردنی ئەم یاسایەش بیروبۆچوونی جیاواز خرایەڕوو، بەتایبەت فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان کە رای شەقاممان بە هەند وەرگرت و لە چواری ئاداردا یاداشتێکمان پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد بۆ ئەوەی واژوو لەسەر یاساکە نەکرێت بۆ ئەوەی تێبینی هاووڵاتییان بە هەند وەربگیرێت و داواکەمان پەسەندکرا".

ئومێد خۆشناو گوتیشی: "بە هەموو شێوەیەک وەک فراکسیۆنەکەمان پێمانوایە کۆبوونەوە لەسەر ئەو یاسایە بەشێکی گرنگە لە چاکسازی و رێکخستنی کاروبارەکان و پێداچوونەوە بەو نادادیییەی کە هەیە، هەروەها لە پێناو نەمانی پاشەکەوتی مووچە هەموو هەولێکمان خستووەتەگەڕ".

سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد کە لە ئێستادا جددیەتێک لە تێپەڕاندنی یاساکە نابینن، بۆیە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنەکەیان کە بڕیار بوو کۆبوونەوەیەکی دیکەی سەرۆک فراکسیۆنەکان و نوێنەرانی حکوومەت ئەنجام بدرێت، ئەنجام نەدراوە و لە درێژەی قسەکانیدا ئومێد خۆشناو گوتی: "بۆیە دوو داوامان ھەیە، یەکەم، بە شێوەیەکی فەرمی داوا لە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان دەکەین کە سبەی کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆک فراکسیۆنەکان ئەنجام بدرێت بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر تێپەڕاندنی یاساکە. دووەمیشیان، یاداشتێکمان پێشکەشی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردووە و تێیدا داوامان کردووە کە لە ماوەی ھەفتەیەکدا پەرلەمانی کوردستان دانیشتنێکی نائاسایی ئەنجام بدات، بۆ دەرکردنی یاساکە بە زووترین کات".

ئومید خۆشناو گوتیشی: "ئێمە داواکارین کە یاساکە نەخرێتە چوارچێوەی ھەڵمەتەکانی ھەڵبژاردن و فراکسیۆنی پارتی ئامادەیە تا گەیشتنی نەمانی خانەنشینی بۆ پەرلەمانتاران، پشتیوانی لەو یاسایە بکات. ئێمە پشتیوانی لە پڕۆژەکەی حکوومەت دەکەین، داوای کارکردن بە یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراقی کراوە بۆ پلە تایبەتەکان، ئەمەش خراپ نییە، بەڵام دووپاتی دەکەینەوە کە تا نەھێشتنی تەواوەتیی خانەنشینی پەرلەمانتاران، پشتیوانی لە دەرکردنی یاسای چاکسازی دەکەین".

دووەمین جارە دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان دوادەخرێت کە بڕیارە لەسەر یاسای چاکسازی و خانەنیشینیی کۆببنەوە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن