Sarmand Hameed
07 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 07 کانوونی دووەم 2022
هەولێر - AA
هێرشێکی مووشەکیی کرایە سەر میحوەری پێنجی کەرکووکی پێشمەرگە لە ناحیەی پردێ سەربە پارێزگای کەرکووک.
دژەتیرۆری کوردستان هێرشەکەی پشتڕاستکردووەتەوە و لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە: "کەمێک پێش ئێستا، هەشت مووشەکی کاتیۆشا لە نزیک میحوەری پێنجی کەرکووک لە پردێ کەوتنەخوارەوە".
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکان هیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەبووە.
تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارییەتی خۆی لە ئەنجامدانی ئەو هێرشە رانەگەیاندووە.
پێشتریش چەندین جار هێرشی هاوشێوە کراوەتە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە هەمان میحوەر و بەرپرسانی پێشمەرگە بەرپرسیارییەتی ئەو هێرشانە دەخەنە ئەستۆی گرووپە چەکدارییە لە یاسا دەرچووەکان و هۆکارەکانیشی دەگەڕێننەوە بۆ بوونی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی کە لەنێوان سوپای عێراق و پێشمەرگەدا هەیە.