Dlshad Saifaalddin Ahmed
03 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 03 کانوونی یەکەم 2018
سلێمانی – AA
دوای بڕیارەكەی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە دیاریكردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەسرور بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە رێگەی گوتەبێژەكەیەوە پێشوازی لەو هەنگاوەی پارتی دەكات.
گوتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە بۆ كاندیدی پۆستی سەرۆكوەزیران بڕیاری پارتی دیموكراتی كوردستان كە ئەوە بڕیاری خۆیانە كێ دادەنێن پێشوازی لێدەكەین و بەم بڕیارەش هەوڵەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت هەنگاوێكی باش چووەتە پێشەوە".
لە بارەی كاندیدی حزبەكەیان بۆ پۆستی جێگری سەرۆكوەزیران كە یەكێتی بەپشكی خۆی دەزانێت، سەعدی ئەحمەد پیرە لە وەڵامدا گوتی: "لە كۆبوونەوەی داهاتووی مەكتەبی سیاسی گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە دەكرێت و كاندیدی خۆمان دەست نیشان دەكەین، ئەگەر پێویست بكات دواتر لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكلایی دەكرێتەوە".
گوتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەوەی رەتكردەوە كە كاندیدی پارتی كاریگەری لەسەر بڕیاری حزبەكەی بۆ دیاریكردنی كاندیدی جێگری سەرۆكوەزیران هەبێت.
سەعدی ئەحمەد پیرە خوازیارە دوای بڕیارەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان و دیاریكردنی كەسی راسپێردراو لە لایەن ئەو حزبەوە بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران، بەزوویی گفتوگۆ و دانوستانەكانی تایبەت بە پێكهێنانی حكوومەت دەست پێ بكاتەوە و لە میانی ئەمساڵدا حكوومەتی نوێ پێكبهێنرێت.