Arif Yusuf,Zana Natık Kerem
06 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 07 تشرینی دووەم 2019
بەغدا ــ AA
نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ یارمەتییدانی عێراق (یۆنامی) هێزە ئەمنییەكانی عێراقی بەوە تۆمەتبار كرد كە پێشێلكارییان بەرامبەر بە خۆپیشاندەراندا ئەنجامداوە.
نووسینگەی مافەكانی مرۆڤ سەربە نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق راپۆرتێكی لەبارەی خۆپیشاندانەكانی عێراقەوە بڵاوكردەوە و تیادا هاتووە: "لە میانی شەپولی دووەمی خۆپیشاندانەكاندا كە لە ٢٥ی مانگی رابردوو شاری بەغدا و ژمارەیەك شاری ناوەڕاست و باشووری عێراقی گرتووەتەوە، هێزە ئەمنییەكان پێشێلكارییان بەرامبەر بە خۆپیشاندەران ئەنجامداوە".
لە راپۆرتەكەدا ئەوە خراوەتەڕوو كە لە میانی خۆپیشاندانەكانی عێراق لە ٢٥ی مانگی رابردووە تا ٤ی ئەم مانگە، ٩٧ كەس كوژراون و بەهەزارانی دیكەش بریندار بوون.
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان رادەگەیەنێ، سەرەرای ئەوەی هێزە ئەمنییەكانی عێراق بەراورد بە خۆپیشاندانەكانی پێشوودا مامەڵەكانیان گۆڕیوە بە تایبەتیش لە شاری بەغدا، بەڵام هێشتا چەكی قەدەغەكراو بەرامبەر خۆپیشاندەران بەكار دەهێنن كە ئەوەش جێگەی نیگەرانییە.
لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بەوەكراوە كە بەهۆی بەكارهێنانی بۆمبی گازی فرمێسكڕێژ لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە، ١٦ خۆپیشاندەر گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەكی دیكەش بریندار بوون.
هاوكات لە راپۆرتەكەدا نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، جێنین هێنیس- پلاسخارت جەختیكردووەتەوە لەسەر ئەوەی كە گرنگە توندوتیژی لە خۆپیشاندانەكان رابگیرێن و گوتوویەتی: "دەبێت درك بەوە بكەین كە ئەمڕۆ لەم سەردەمەدا ئینتەرنێت بووەتە گرنگییەكی رۆژانەی هەموو تاكێك، بۆیە ناكرێت ئینتەرنێت و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان رابگیرێن، بە پێچەوانە راگرتنی ئینتەرنێت دەچێتە چوارچێوەی پێشێلكردنی ئازادی رادەربڕینەوە".
لای خۆیەوە بەرپرسی نووسینگەی مافەكانی مرۆڤ سەربە نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، دانێل بێل گوتوویەتی: "بەكارهێنانی گازی فرمێسكڕێژ لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی عێراقەوە بەرامبەر بە خۆپیشاندەران هیچ پاساوێك هەڵناگرێت".
لەسەرەتای مانگی رابردووەوە، عێراق رووبەڕووی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی جەماوەری بەرفراوان بووەتەوە و تائێستا بەردەوامی ھەیە، داواكاری سەرەكی خۆپیشاندەران جگە لە باشكردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكان، دابینكردنی ھەلی كار، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، هەڵوەشانەوەی حكوومەتەكەی عەبدولمەھدییە.