Sarmand Hameed
17 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 17 شوبات 2021
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی و سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆلتنبێرگ تاوتوێی ھەماھەنگی ھاوبەشیان لەنێوان عێراق و ناتۆدا کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، ستۆڵتنبێرگ لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە کازمی کردووە.
بەگوێرەی راگەیاندراوەکە کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا کازمی و ستۆلتنبێرگ تاوتوێی ھەماھەنگی ھاوبەشی نێوان عێراق و ناتۆیان کردووە بەتایبەت لە پێشکەشکردنی پاڵپشتیی بۆ دامەزراوە ئەمنیی و سەربازییەکانی عێراق لە بوارەکانی مەشق، راوێژکاریی، ھەماھەنگی ھەواڵگریی لەسەر بنەمای لەپێشینە و راسپاردەکانی حکوومەتی عێراق بەجۆرێک سەروەری عێراق بپارێزێت.
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لە گرنگی پەرەپێدان بە ھەماھەنگی لەگەڵ ناتۆ لەژێر رۆشنایی بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ھێزە ئەمنییەکانی عێراق لەدژی تیرۆر و راوەدوونانی پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش کردووەتەوە.
لەلای خۆیەوە، سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆلتنبێرگ ستایشی ھەنگاوەکانی حکوومەتی عێراقی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کردووە و جەختی لە بەردەوامیی پشتیوانەکانی ناتۆی بۆ عێراق لە ھەوڵەکانی بۆ راوەدوونانی رێکخراوە تیرۆریستییەکان کردووەتەوە.
ستۆلتنبێرگ سەرسامی ناتۆی بە ھەنگاوەکانی حکوومەتی عێراق لە پابەندبوونی بە بەرنامە چاکسازییەکەی نیشانداوە و رایگەیاندووە بە جێبەجێکردنی ئەو بەرنامەیە وڵات دەبوژێتەوە.