Zana Natık Kerem
03 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 05 ئاب 2022
ھەولێر ــ AA
میری ئێزدییان، میر حازم تەحسین بەگ رایگەیاند کە تا ئێستا کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی، بەڵێنەکانی خۆی لەبارەی بەجینۆساید ناساندنی کارەساتی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە، جێبەجێ نەکردووە و گوتی: "تا ئێستا فەرمان لەسەر ئێزدییەکان بەردەوامە".
میری حازم تەحسین بەگ لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئاوەدانکردنەوەی شنگال و قەرەبووکردنەوەی خەڵکەکەی، ئاشکراکردنی چارەنووسی سێ ھەزار خوشک و کەسی ئێمە، ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، ھەروەھا ھەوڵدان بۆ بەجینۆساید ناساندنی ئەو کارەساتەی بەسەر ئێمەدا ھاتووە، ئەو بەڵێنانەن کە پێشتر حکومەتی عێراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە ئیمەیان داوە، بەڵام بە داخەوە تا ئیستا ھیچ کام لەو بەڵێنانە جێبەجێ نەکراون".
گوتیشی: "ھێشتا رێکخراوی تیرۆیستیی داعش ماوە و سەرەڕای ئەوەیش، ھەشت ساڵە خەڵکی ئێمە لە کەمپەکاندا دەژین و خەڵکی ئێمە ئاوارە و پەرتەوازەبوونە، جگە لەوەیش تا ئێستا فەرمان لەسەر ئێزدییەکان بەردەوامە".
میر حازم تەحسین بەگ، داوایشی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی، حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کرد، کێشەی شنگال و دانیشتووانەکەی چارەسەر بکەن.
رۆژی سێی ئابی ٢٠١٤، تیرۆریستانی داعش پەلاماری قەزای شنگال رۆژئاوای پارێزگای نەینەوایان دا و بەھۆیەوە ژمارەیەکی زۆری کوردی ئێزدی کوژران و برینداربوون، ھەروەھا ژمارەیەکی زۆری دیکەیش ئاوارەبوون، ئەمە وێڕای ئەوەی سەدانی دیکەیش رفێندران کە تا ئێستا چارەنووسی ژمارەیەکی زۆریان نادیارە.