Sarmand Hameed
11 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 17 ئادار 2022
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاند، ئەو ئەرکەی بۆی بانگهێشتکرابوون کە خزمەتکردنی گەلی عێراق بوو، رایانپەڕاندووە.
مستەفا کازمى لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر پەیامێکی بڵاوکردوە و تیایدا داوا لە پارت و لایەنە سیاسییەکانی براوەی هەڵبژاردنەکان دەکات بەرپرسیارییەتى پاراستنى رەوتى نیشتمانى بگرنە ئەستۆ لەرێگەى کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی و پێکهێنانى حکوومەتێک کە نیشتمان بپارێزێت و بەرگریى لە یەکێتییەکەی بکات.
لە پەیامەکەی مستەفا کازمییدا کە ناوەڕۆکەکەی زیاتر لە پەیامی ماڵئاوایی دەچوو، هاتووە "ئەو ئەرکەی بۆی بانگهێشتکرابووین کە خزمەتکردنی گەلی عێراقی مەزنە رامانپەڕاند، ھیچ کات راڕا و و کەمتەرخەم و سازشکار نەبووین لەسەر بەرژەوەندییە نیشمانییە باڵاکان، بەرژەوەندی خۆمان نەخستووەتە پێش بەرژەوەندی گەلەکەمان و داشنەبەزین بۆ ئاستی مشتومڕ و موزایەدە کردنەکان".
سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی بەشێک لەو ئەرکانەی کردووە کە جێبەجێی کردووە و نووسیوویەتی "نیشتمانمان بەرەو ھەڵبژاردنی ئازاد و بێگەرد گەیاند و سەرباریی لەمپەرە ناوخۆیی و ئالنگارییە دەرەکییەکان بە ئارامیی بنەماکانی تێپەڕاندنی قەیرانی ئابووری وئەمنی و کۆمەڵایەتییە گەورەمان دانا، عێراقمان بەسەربەرزیەوە گێڕایەوە بۆ ئامێزی هەردوو کۆمەڵگا ھەرێمایەتیی و نێودەوڵەتیی و رێگای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گەندەڵکاران واڵاکرد و دەوڵەتیشمان لە چنگی تاقمەکانی نادەوڵەت دەرهێنا".
مستەفا کازمی رووی پەیامەکەی ئاراستەی هێز و لایەنە سیاسییە براوەکانی هەڵبژاردنی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ ی عێراق کردووە و رایگەیاندووە: "ئەو ھێز و پارت و کەسایەتیە نیشتمانیانەی کە لە هەناوی پرۆسەی ھەڵبژاردنی هاتوونەتە دەرەوە، ئەمڕۆ بەرپرسیارێتی پاراستنی رێڕەوی نیشتمانییان لە ئەستۆدایە، لە رێگەی کۆتاییھێنان بە چەقبەستووە سیاسییەکان و پێکھێنانی حکوومەتێک کە شان بداتە بەر ئەرکەکان و نیشتمان بپارێزێت و بەرگریی لە یەکێتیی و تواناکانی بکات و دەستخۆشیش لە هەموو هەولێک دەکەین کە لەم رێگایەدا و بۆ ئەم ئامانجە کار بکات".
بەپێی ئەنجامەکانی ئەنجامە کۆتاییەکانی ھەڵبژاردنەکانی ١٠ی تشرینی یەکەمی رابردووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رەوتی سەدر بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر بە بەدەستهێنانی ٧٣ کورسی بووەتە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکە، هاوپەیمانیی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبووسی ٣٧ کورسی، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی ٣٣ کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی ٣١ کورسی و هاوپەیمانیی عەزم بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر ١٤ کورسییان لە کۆی ٣٢٩ کورسی ئەنجوومەنەکە بەدەستهێنا.
هەریەک لە رەوتی سەدر، پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوپەیمانی سەروەریی کە لە هەردوو هاوپەیمانی تەقەدوم و عەزم پێکهاتووە، لێکتێگەیشنیان هەیە بۆ پێکهێنانی حکوومەتی زۆرینەی نیشتمانیی و لەسەر ئەم بنەمایەش دەستەی سەرۆکایەتیی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی هەڵبژێردرا کە کاندیدی هاوپەیمانیی سەروەریی محەمەد حەلبوسی بە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و پەرلەمانتاری فراکسیۆنی سەدر، حاکم زاملی بە جێگری یەکەم و پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، شاخەوان عەبدوڵڵا بە جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران هەڵبژێردران.
موقتەدا سەدر کە رەوتەکەی براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکانە، خواستی پێکهێنانی حکوومەتی زۆرینەی نیشتمانیی هەیە جیاواز لە هێزە شیعەکانی دیکەی نێو چوارچێوەی هەماهەنگیی کە داوای پێکهێنانی حکوومەتی تەوافوقی دەکەن کە هاوشێوەی حکوومەتەکانی پێشوو سەرجەم هێزە سیاسییەکانی نێو ئەنجوومەنی نوێنەران لەخۆبگرێت.
سەدر بەردەوام ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ چوونە ناو هاوپەیمانێتی لەگەڵ هێزە شیعەکانی دیکەی نێو چوارچێوەی هەماهەنگیی جگە لە سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی، ئەمەش لەلایەن هێزەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگیی رەتدەکرێتەوە.
رێبەری رەوتی سەدر رەخنەی ئەوە لە نوری مالیکی دەگرێت کە بۆ ماوەی دوو خولی یەک لەدوای یەک (٢٠٠٦-٢٠١٤) سەرۆکایەتی حکوومەتی دەکرد، بە "گەندەڵی و کردەی توندوتیژی" لە وڵاتەدا و هەروەها داگیرکردنی رووبەری یەک لەسەر سێی خاکی عێراق لە هاوینی ٢٠١٤دا لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە.
بەڵام شەوی رابردوو، نووسینگەی تایبەتی رێبەری رەوتی سەدر لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، موقتەدا سەدر پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی و سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی و سەرۆکی هاوپەیمانی سەروەری، خەمیس خەنجەر ئەنجام داوە.