Heman Hussein Yaseen
19 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 20 تشرینی یەکەم 2022
هەولێر - AA
سەرۆکی فەرمانگەی تەکنۆلۆجیا و زانیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھیوا ئەفەندی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بە پڕۆژەی بە دیجیتاڵکردنیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و جەختی لەوە کردووە کە پشتگیری سەرۆکوەزیرانی هەرێم و دیاریکردنی ئاراستەی رێڕەوەکە، هۆکاری سەرکەوتنی پڕۆژەکەیە.
ھیوا ئەفەندی گوتی: "ئەمڕۆ رۆژێکی گرنگە بۆ ئێمە چونکە ئەگەر سەیری بەرەوپێشچوونی ئەو وڵاتانە بکەین لەماوەی ٢٥ ساڵی رابردوودا تەکنەلۆجیا دیجیتاڵییەکان بەکاردەهێنن لە حوکمڕانییدا، دەبینین بەهۆی ئەوەی سیستەمەکە نوێ بووە و ئاراستەکانیش وابوونە کە حوکمڕانییەکی ئەلیکترۆنی جێبەجێ بکەن، بۆیەش سەرکەوتووبوونە".
سەرۆکی فەرمانگەی تەکنۆلۆجیا و زانیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتیشی: "ئەوەی کە لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە وڵاتی پێشکەوتوو پێیگەیشتوون، ئەوەیە کە بەبێ ئەوەی ئەو تەکنەلۆجیایانە بەیەکەوە کار بکەن، بێ ئەوەی کە ئەو سیستەمانە بەیەک ئاراستە بچنە پێشەوە، ئەوا هیچ وڵاتێک پێش ناکەوێت، ئەگەر سەیری وڵاتانی پێشکەوتوو بکەیت دەبینین هۆکاری سەرەکی سەرکەوتنیان تەنیا لەوەدانییە کە سیستەمی ئەلیکترۆنیی یان دیجیتاڵییان دروست کردووە، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە یەکەیەکی ناوەندی سەرپەرشتی پڕۆسەکە دەکات، بۆ ئەوەی کە هەماهەنگی لە نێوان هەموو سیستەمەکان دروست بکەن و ئەو سیستەمانە بتوانن داتا لەنێوان یەکتر ئاڵوگۆڕ بکەن و لەمبارەیەوە ستراتیجییەتییەکیان داناوە".
ھیوا ئەفەندی ئاماژەی بە هۆکاری سەرکەوتنی پڕۆژەی ستراتیجیی بە دیجیتاڵکردنی حکوومەتی هەرێم کرد و گوتی: "دوو هۆکاری سەرەکی هەیە بۆ سەرکەوتنی پڕۆژەکە، یەکەمیان ئەوەیە کە لە بەرزترین ئاستی حکوومەت پشتگیری دەکرێت و خۆشبەختانە ئەمڕۆ سەرۆکوەزیران رایگەیاند کە ئەم بابەتە بە هەند وەردەگرن، دووەمیان ئەوەیە کە بە چی ئاراستەیەک دەچینە پێش و چۆن سوود لە تەکنەلۆجیا وەردەگرین کە بۆ ئەمەش دیراسەیەکی باش کراوە".
سەرۆکی فەرمانگەی تەکنۆلۆجیا و زانیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەشێکی قسەکانیدا، ئاماژەی بە ماوەی کەوتنەکاری پڕۆژەکە کرد و گوتی: "هەر حکوومەتێک (کابینەیەک)بۆ چوار ساڵە، هەندێک لە پڕۆژەکانی ئێمە پێویستییان بە ١٠ ساڵە بۆیە دەبێت لە ئاستی ستراتیجییەوە رێکبکەوین لەسەر ئەم بابەتە، دڵنیاشین لەو ستراتیجییەی کە دامانناوە کە زیاتر لە ١٦٠ دانیشتنی بۆ کراوە لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان و پشتگیری حکوومەتی بەریتانیای لەگەڵە".
بەیانی ئەمڕۆ، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە میانی کۆبوونەوەیەکدا خۆشحاڵی خۆی بۆ راگەیاندنی پڕۆژەکە دەربڕی و گوتی: "ستراتیجیی وەرچەرخانی دیجیتاڵی کە بەشێکە لە پرۆسەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بواری بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و ھەنگاونان بەرەو حکوومەتی ئەلیکترۆنی".
مەسرور بارزانی باسی لە ئامانجی ستراتیجییەکەش کرد و رایگەیاند کە ئامانجیان ئەوەیە لە دوو تا سێ ساڵی داھاتوودا، واتا تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ببێتە یەکێک لەسەر لیستی حکوومەتەکانی ناوچەکە لە بواری بەدیجیتاڵکردن و حکوومەتی ئەلیکترۆنی.