سياسەت, archive

پەرلەمانتارێکی ئەڵمانی چووە ناوچە كوردییەكانی سوریا

پەرلەمانتارێکی پارتی چەپی ئۆپۆزسیۆنی ئەڵمانیا سەردانی ناوچە كوردییەكانی سوریای كرد و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا باسی ئەنجامی سەردانەکەی کرد.

13.01.2014 - نوێکردنەوە : 13.01.2014
پەرلەمانتارێکی ئەڵمانی چووە ناوچە كوردییەكانی سوریا

سلێمانی

جێگری سەرۆكی پارتی چەپی ئەڵمانیا یەن فەند ئاكین كە پارتەكەی گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی ئەڵمانیایە، ماوەی چەند ڕۆژێكە بەسەرۆكایەتی شاندێك لە هەرێمی كوردستانە. ئاكین دوای سەردانی سلێمانی و هەڵەبجە سەردانی ناوچە كوردییەكانی سوریای كرد. شەوی ڕابردوو دوای 12 سەعات لە بەڕێكەوتنی لە شاری قامیشلۆوە گەیشتەوە شاری سلێمانی.

ئاكین لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كەهیلاكی گەشتەكەی پێوە دیاربوو، ئامانجی سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان و ئامانجی سەردانەكەی بۆ ناوچە كوردییەكانی سوریا خستەڕوو. ئەو دەڵێ‌ سەردانەكەی بۆ سێ‌ مەبەست بووە ئەوانیش زانینی ڕەوشی هەڵبژاردن و ڕوداوەكانی دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان، سەردانی هەڵەبجە كە گرنگی تایبەتی بۆ ئاكین هەیە كەلەبواری جینۆساید كاردەكات، لەگەڵ سەردانی كردنی ناوچە كوردییەكانی سوریا و بینینی ئیدارەی سەربەخۆی ئەو ناوچەیە.

ئاكین گوتی: "لەڕۆژی هەینییەوە لەناوچەكانی ڕۆژئاوای كوردستانم و سەردانی قامیشلۆم كرد، زۆر قسە و باس هەیە لەنێوان سلێمانی و ڕۆژئاوا لەسەر ئیدارەی سەربەخۆی ناچەكانی ڕۆژئاوا. لەوێ‌ گفتوگۆمان لەسەر ئامادەیی كوردان لە كۆبونەوەی جنێڤ 2 و چۆنێتی ئامادەبونەكە و گوتاری ئەوان لەو كۆبونەوەیە لەگەڵ دۆخی ئاسایشی ناوچەكە كرد."

پەرلەمانتارەكەی ئەڵمانیا نیگەرانی خۆی نیشاندا لەڕێگری پ د ك بۆ چونە ناوچە كوردییەكانی سوریاو گوتی: "پاساوەكەیان ئەوەبو كەدۆخی ئاسایشی ئەو ناوچەیە باش نییە، بۆیە ناچاربوم لەڕێگەی عێراقەوە بڕۆین، ئەوەش وای كرد سەردانەكەمان لەڕوی ئاسایش و سەلامەتی گیانمانەوە ئارام نەبێ. مەسعود بارزانیش بەرپرسیارە لەئاسایش و سەلامەتی من."

ئاكین خۆشحاڵە بەوەی یەكەم دیبلۆماتكار و پەرلەمانتاری ئەوروپایە سەردانی ئەو ناوچەیە دەكا و گوتی: "ئەو سەردانە بۆ من گرنگی خۆی هەیە، چونكە دەبێتە هۆكار دوای من چەندین كەسایەتی و دیبلۆماتكاری تر سەردانی ئەو ناوچەیە بكەن. هەر ئەوەش هۆكاری سەرەكی ڕێگریكردنم بوو لەسەردانەكە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە."

جێگری سەرۆكی پارتی چەپی ئەڵمانیا باسی دۆخی ئەو ناوچانە كرد و گوتی: "ناوچەكانی ڕۆژئاوای كوردستان لەلایەن توركیا، سوریا، عێراق و هەرێم گەمارۆ دراوە، ئەوەش بۆتە هۆی كەموكورتی لەو ناوچانە بەتایبەت لەبواری پزیشكی و داو و دەرماندا، بەڵام بەهۆی ئەوەی ناوچەیەكی كشتوكاڵین كەس لەو ناوچانە برسی نییە. تەنها پێویستییان بەشەكر و چا و برنج و ڕۆن هەیە."

داواشی لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی كرد سنورەكان بەڕووی ناوچە كوردییەكانی سوریا بكاتەوە.

بڕیارە هەفتەی داهاتوو كۆبونەوەیەكی تایبەتی پەرلەمانی ئەوروپا لەبارەی دۆخی سوریا و پەیوەندییەكانی ئەوروپا و سوریا بەڕێوە بچێ و لەبارەیەشەوە ئاكین گوتی: ‌"لەو كۆبونەوەیەدا پلانێك دادەنێین و بۆخۆم بەشداری تێدا دەكەم. هەروەها فشار دەخەمە سەر حكومەتی ئەڵمانیا تاوەكو كارێكی باشتر بكات بۆ خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستان كە تا ئێستا هیچ شتێكی بۆ ئیدارەی سەربەخۆیی ئەو ناوچەیە نەكردووە، بۆ ئەو مەبەستەش پەیوەندی بەلایەنە جیاكانەوە دەكەم بۆ گوشار دروستكردن و هاوكاریكردنی حكومەت بۆ ئەو ئیدارەیە."

لەوەڵامی پرسیارێكی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی هەڵوێستی ڕەسمی حكومەتی ووڵاتەكەی بەرامبەر ئەو ئیدارەیە، ئاكین گوتی: "تائێستا حكومەتی نوێ‌ دانەمەزراوە، نازانم هەڵوێستی حكومەتی ئاییندە چی دەبێ بەرامبەر ئەو ئیدارە سەربەخۆیە."

پەرلەمانتارەكەی ئەڵمانیا لەوەڵامی پرسیارێكی تری پەیامنێری ئانادۆڵوی لەبارەی بەشداری كۆمپانیاكانی ووڵاتەكەی لەكارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجەدا گوتی: "زۆربەی كۆمپانیاكانی ئەڵمانیا هاوكاری ڕژێمی سەدام حسێنیان كرد و چەكی كیمیاییان پێدا، بەشێك لەو كۆمپانیا و كەسایەتییانە لەئەڵمانیا بەو هۆیەوە دادگایی كراون. هەڵوێستی ئێمە ئەوەیە دەبێت حكومەتی ئەڵمانیا پشتویانی خەڵكی هەڵەبجە بكات و هاوكارییان بكات، بەڵام بەداخەوە تائێستا حكومەت دانی بەوەدا نەناوە بەرپرسیارێتی هەبێ لەو تاوانە و هاوكاری خەڵكەكەی بكا."

نیگەرانی خۆشی نیشاندا لەوەی ئەڵمانیا پەندی لەو تاوانە وەرنەگرتووە و هاوكاری ڕژێمی سوریاشی كردووە و گوتی: "زۆر بەداخەوە حكومەتی ئەڵمانیا هیچ شتێك لەو تاوانانەی كە سەدام كردی فێر نەبوو، لەمانگی ئابی ساڵی پار چەكی كیمیایی گازی سارین لەسوریا بەكارهات. بەپێی ئەو لێكۆڵینەوەیەی لەسەر ڕوداوە كردمان بۆمان دەركەوت لەماوەی دە ساڵی ڕابردوو كۆمپانیاكانی ئەڵمانیا بازرگانییان لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد كردووە و ئەو بازرگانییەی بۆ چەكی كیمیایی بەكارهێناوە."

لەبارەی كۆبونەوەی جنێف 2 كەبڕیارە لە22ی ئەم مانگە بەڕێوە بچێ، جێگری سەرۆكی پارتی چەپی ئەڵمانیا گوتی: ‌"وەك ئەڵمانیا پێمان وایە ئەو كۆبونەوەیە گرنگە بۆچارەسەری كێشەكانی سوریا، بەلاشمانەوە گرنگە بزانین كورد بەشداری دەكات یان نا، بەڵام لەو بڕوایەدا نیم حكومەتی ئەڵمانیا پلانێكی هەبێ بۆ پشتیوانی كوردەكان تا بەشداری كۆبونەوەكە بكەن."

بەوتەی پەرلەمانتارەكەی ئەڵمانیا حكومەتی ووڵاتەكەی پشتیوانی گرووپی ئەستەنبوڵ و سوپای سوریای ئازاد دەكا، بەڵام نازانێت پشتیوانی كوردەكان دەكات یان نا.

پەرلەمانتاری هەرێمی كوردستان لەفراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان سالار مەحمود گوتی: "بەرنامەمان هەیە لەپەرلەمانی كوردستان دانیشتنێكی تایبەت لەسەر دۆخی ڕۆژئاوای كوردستان ئەنجام بدەین، دەمانەوێ پەرلەمان ئیدارەی سەربەخۆی ڕۆژئاوا بەڕەسمی بناسێ." 

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın