وەزیری بازرگانی تورکیا: "بەرزترین ئاستی ھەناردە لە مێژووی کۆمارەکەمان لە مانگی ئابدا تۆمار کراوە"
وەزیری بازرگانی تورکیا، عومەر پۆڵات: "لەسەر بنەمای مانگانە، ھەناردەمان لە مانگی ئابی ئەمساڵدا بەروارد بە مانگی ئابی ساڵی ٢٠٢٣ بەڕێژەی سەدا ٢،٤ زیادیکردووە و گەیشتووەتە ٢٢ ملیار و ١٠٠ ملیۆن دۆلار".
Istanbul
ئیستانبوڵ ــ AA
وەزیری بازرگانی تورکیا، عومەر پۆڵات ڕایگەیاند کە بەرزترین ئاستی ھەناردە لە مێژووی کۆماری وڵاتەکەی لە مانگی ئابی ئەمساڵدا تۆمارکراوە و گەیشتووەتە ٢٢ ملیار و ١٠٠ ملیۆن دۆلار.
ئەمڕۆ دووشەممە، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ھەناردەکارانی تورکیا بەڕێوەچوو کە لە میانیدا ئامارەکانی بازرگانی دەرەکی بۆ مانگی ئاب ڕاگەیاندرا.
عومەر پۆڵات لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوەداوە کە بەرزترین ئاستی ھەناردە لە مێژووی کۆماری تورکیا لە مانگی ئابدا تۆمار کراوە.
ڕاشیگەیاندووە کە لەسەر بنەمای مانگانە، ھەناردەی تورکیا لە مانگی ئابی ئەمساڵدا بەروارد بە مانگی ئابی ساڵی ٢٠٢٣ بەڕێژەی سەدا ٢،٤ زیادیکردووە و گەیشتووەتە ٢٢ ملیار و ١٠٠ ملیۆن دۆلار.
باسی لەوەشکردووە کە دامەزراندنی بازرگانی دەرەکی، بەردەوام گرنگترین پایەی سیاسەتی ئابووری وڵات پێکدەھێنێت.
دووپاتیشی کردووەتەوە کە ئاستی ھاوردەکردن بۆ تورکیا ڕوو لە دابەزینە و گوتی: "ئاستی ھاوردەکردن لە مانگی ئابدا بەڕێژەی سەدا ١٠،٨ دابەزینی تۆمارکردووە و گەیشتووەتە ٢٧ ملیار دۆلار".
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە لەسەر بنەمای ساڵانە، کورتھێنانی بازرگانی دەرەکی بەڕێژەی سەدا ٣٤،٤ دابەزینی تۆمارکردووە و گەیشتووەتە چوار ملیار و ٩٠٠ ملیۆن دۆلار کە ئەوەش نزمترین ئاستە کە لە ٣٤ مانگی ڕابردوودا تۆمار کرابێت.
ھەروەھا ڕاشیگەیاندووە کە لە ھەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ھەناردەی تورکیا بەروارد بە ھەشت مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، بەڕێژەی سەدا ٣،٩ زیادیکردووە و گەیشتووەتە ١٧٠ ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دۆلار.
ڕوونیشی کردووەتەوە کە ھەر لە ھەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ھاوردەکردن بۆ تورکیا بەراود بە ھەشت مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا، بەڕێژەی سەدا ٨،٧ کەمیکردووە و گەیشتووەتە ٢٢٥ ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دۆلار.