ئابووری, عێراق

کاسبکاران داوا دەکەن بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار لە عێراق سەقامگیر ببێت

تا ئێستا بەهۆی کەمی خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە، بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار سەقامگیر نییە و رۆژانە گۆڕانکاری بەسەردا دێت و ئەمەش هاووڵاتییانی بەگشتی و بازرگانانیشی بەتایبەتی تووشی دڵەڕاوکێ کردووە.

Heman Hussein Yaseen  | 06.04.2023 - نوێکردنەوە : 10.04.2023
کاسبکاران داوا دەکەن بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار لە عێراق سەقامگیر ببێت

Arbil

هەولێر - AA

مانگی رابردوو، بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند کە دۆلار بە نرخی فەرمی نوێ بەرامبەر بەدینار دەفرۆشێت و ئاماژەی بەوەدابوو کە نرخی کڕینی یەک دۆلار لە وەزارەتی دارایی بە ھەزار و ٣٠٠ دینار دیاریی کراوە و فرۆشتنی یەک دۆلار بە بانکەکان لە رێگای سەکۆی ئەلیکترۆنییەوە بە ھەزار و ٣١٠ دینار دیاریی کراوە، ھەروەھا فرۆشتنی یەک دۆلار لە بانکەکاندا بە ھەزار و ٣٢٠ دینار دیاریی کراوە.

بەشێک لە کاسبکاران پێیان وایە تا ئێستا بەهۆی کەمی خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە، بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار سەقامگیر نییە و رۆژانە گۆڕانکاری بەسەردا دێت و ئەمەش هاووڵاتییانی بەگشتی و بازرگانانیشی بەتایبەتی تووشی دڵەڕاوکێ کردووە.

کاسبکارێکی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر ئاماژە بەوە دەکات کە ماوەی چەند رۆژێکە بەهۆی خستنەڕووی بڕی زیاتری دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە، بەهای دینار بەرزبووەتەوە، پێشبینی ئەوەش دەکات لەگەڵ پەسەندکردنی بوودجەی عێراق، جارێکی دیکە بەهای دینار بەرزبێتەوە.

کاسبکاری ئاڵوگۆڕی دراو، سەعدی عەلی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "چەند رۆژێکە بەهای دینار بەرزبووەتەوە، هۆکارەکە بۆ گرتنەبەری چەند رێکارێک دەگەڕێتەوە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە، یەکێک لەو رێکارانە ئەوەیە کە رۆژانە بڕێکی زۆر دۆلار دەخرێتە بازاڕەوە کە زیاتر لە ٢٠٠ ملیۆن دۆلارە کە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر بەرزبوونەوەی بەهای دینار هەیە".

سەعدی عەلی گوتیشی: "ئەم بەرزبوونەوەی بەهای دینار کاریگەری ئەرێنی لەسەر دۆخی بازاڕ هەیە و هیوادارین کە بگاتە ئەو نرخەی کە بانکی ناوەندی مەبەستییەتی، لەگەڵ ئەوەشدا پێموایە لەکاتی پەسەندکردنی بوودجە بەهای دینار هێشتا بەرزدەبێتەوە".

- بەهای ١٠٠ دۆلاری بەرامبەر بە ١٣٥ هەزار دینار جێگیرکردووە

کۆمپانیایەکی فرۆشتنی کەلوپەلی کارەبایی بەهای ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە ١٣٥ هەزار دیناری عێراقی جێگیرکردووە و بەم نرخە مامەڵە لەگەڵ کڕیارەکانیدا دەکات.

کارمەندی کۆمپانیایەکی فرۆشتنی کەلوپەلی کارەبایی لە هەوڵێر، ئەحمەد بەختیار لەبارەی شێوازی نوێی فرۆشتنەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئامانجی ئێمە ئەوەیە کڕیارەکانمان سوودمەندبن، دۆخەکە بەهۆی بەرز و نزمی بەهای دینارەوە، دڵەڕاوکێی دروست کردووە، بۆیە ویستمان کەشێکی سەقامگیر بۆ کڕیارەکان فەراهەم بکەین و بڕیارماندا بۆ کەلوپەلەکان بۆ هەر ١٠٠ دۆلارێک بڕی ١٣٥ هەزار دینار وەربگرین، هاوکات ئێمە رەچاوی ئەوەشمان کردووە کە هەموو شایستە داراییەکانی هاووڵاتییان بە دینارە، بۆیەش ئێمە دینارمان جێگیر کرد".

ئەحمەد بەختیار ئاماژەی بەوەشکرد کە لە کاتێکدا هەر ١٠٠ دۆلار بە ١٣٥ هەزار دینار وەردەگرن، بەڵام دەستکاری نرخی کەلوپەلەکان نەکراوە و هەمان ئەو نرخانەیە کە پێشتر لەسەر جێگرکراوە و گوتیشی: "لەم بڕیارە بەردەوامین تا دۆخەکە سەقامگیر دەبێت، ئەو نرخە لەسەر هەموو مارکەکانیشە، هەرچەندە ئێمە کەلوپەلەکان بە دۆلار دەکڕین، بەڵام بە دینار دەیفرۆشینەوە".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın