ئابووری

کۆنفرانسی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران بەڕێوەچوو

- نێچیرڤان بارزانی: "قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان ئێران و ھەرێمی کوردستان ساڵانە نزیکەی ٦ ملیار و نیو دۆلارە، ئەمەش زیاتر لە سەدا ٢٥ـی کۆی گشتی ھاوردەکردنی ھەرێمی کوردستانە، جگە لە فڕۆکەخانەکان و پارێزگاکانی خوارووی عێراق".

Hemin Hüseyin  | 02.05.2018 - نوێکردنەوە : 03.05.2018
کۆنفرانسی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران بەڕێوەچوو

Arbil

هەولێر - AA

بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و وەزیری پیشەسازی و کانزاکانی عێراق، محەمەد سودانی و وەزیری بازرگانی ئێران محەمەد شەریعەتمەداری و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکەی حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان و ئێران، چوارەمین کۆنفڕانسی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان بەرێوەدەچێت.

لەشاری هەولێر، یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی ھەرێمی کوردستان، چوارەمین کۆنفڕانسی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی ھەرێمی کوردستانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەنجامدا.

لەسەرەتای کۆنفڕانسەکەدا، وەزیری بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە وەکالەت، عەلی سندی گوتەیەکی پێشکەش کرد و تێیدا ئاماژەی بەوەکرد کە لە ساڵی ٢٠١٧دا قەبارەی بازرگانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتی ئێران ٨ ملیار دۆلاربووە کە لەو بڕەش ٥ ملیار دۆلار قەبارەی ھەناردەی ئێران بووە، کە تییایدا ٦٦٥ کۆمپانیا و ١٣٥ کارگەی ئێرانی لە ھەرێمی کوردستان ھەیە".

عەلی سندی گوتیشی: "پێویستە ستراتیژی ئابووری ھەردوولا گەڵاڵە بکرێت و کاربکرێت لەسەر بە فەرمییکردنی خاڵە لاوەکییەکان، ھەروەھا داوا لە حکوومەتی عێراق کە بازگەی عوزێم کاری لەسەر بکرێت".

پاشان وەزیری بازرگانی و کانزاکانی عێراق، محەمەد ئەلسودانی لە گوتەیەکدا گوتی: "دوای شەڕی داعش ژێرخانی ئابووری عێراق وێران بوو، ئێستا قۆناغی بونیادنانەوەیە و پێویستە ھەموولایەک ھاوکار و ھەماھەنگ بن بۆ ئەوەی بتوانین پەرە بەبواری ئابووری بدەین".

ھەر لە کۆنفڕانسەکەدا، وەزیری بارزگانی ئێران، محەمەد شەریعەتمەداری گوتی: "دەمەوێت لەو دەرفەتەدا داوا لە عێراق و ھەرێمی کوردستان دەکەم لە رووی خزمەتگوزاریی و رێکارە یاساییەکان ھاوکاری کۆمپانیا بازرگانییەکان بکات بۆ ئەوەی بتوانین پەرە بە کەرتی بازرگانی بدەین، پەیوەندی سیاسیی و بازرگانی دوو شتی جیاوازن و ھیوادارین پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان پتەوتر بکەین بە تایبەت دوای شەڕی داعش ھەست دەکەین کەرتی بازرگانی گۆڕانکاری بەسەردا ھاتووە و ئێمە لەناوخۆی ئێران توانیوومانە بەھۆی پەرەپێدانی کەرتی بازرگانی زاڵبین بەسەر ئەو ئابلۆقە ئابوورییەی بەسەر ئێراندا سەپێنراوە".

سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە کۆنفڕانسەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و باسی لە پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێرانی کرد.

نێچیرڤان بارزانی گوتی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئێران لە زۆر لاوە بەرژەوەندییان لەگەڵ یەک ھەیە و پێویستییان بە ھاوکاری و کاری ھاوبەشە. ھەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆر بە پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی لەگەڵ ئێران دەدات، بۆیە بە بایەخەوە لەو کۆنفرانسە دەڕوانێت و پشتگیری لێدەکات، پشتگیری لە ھەر کار و چالاکییەکی دیکەش دەکات کە ببێتە ھۆی پەرەپێدان و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان لەگەڵ ئێران، ھەرێمی کوردستان بەردەوام کاری بۆ ئەوە کردووە پەرە بە پەیوەندییەکانی بدات".

نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "ئێمە سنوورێکی زۆرمان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا ھەیە کە سێ مەرزی فەرمیی و پێنج مەرزی لاوەکی بازرگانی لێ دەکرێت و ھیوادارین کە ناوچەیەکی بازاڕی ئازاد دروست بکرێت و بتوانین پەرە بە پەیوەندییە ئابوورییەکانمان بدەین و سەقامگیری ئابووری دەستەبەر بکەین".

هەر لە گوتارەکەیدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان ئێران و ھەرێمی کوردستان ساڵانە نزیکەی ٦ ملیار و نیو دۆلارە، ئەمەش زیاتر لە سەدا ٢٥ـی کۆی گشتی ھاوردەکردنی ھەرێمی کوردستانە، جگە لە فڕۆکەخانەکان و پارێزگاکانی خوارووی عێراق. هەروەها ھەرێمی کوردستان سەدا ٦٧ـی ھاوردەی ئۆتۆمبێل لەرێگەی سنوورەکانی ئێرانەوە ئەنجامدەدات".

چوارەم کۆنفڕانسی ئابووری ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت کە تێیدا گفتوگۆ و بیروڕا بازرگانییەکان ئاڵوگۆڕ دەکرێن.



بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن