
Syria
دیمەشق ــ AA
وەزیری نەوت و سامانە کانزاییەکانی سووریا، غیاس دیاب خۆشحاڵی خۆی سەبارەت بە ھەناردەکردنی غازی سروشتی لەلایەن قەتەرەوە بۆ وڵاتەکەی، ڕاگەیاند و ئەو ھەنگاوەی قەتەری، بەھەنگاوێکی گرنگ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی بواری وزە لەقەڵەمدا.
غەیاس دیاب لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی سووریا سانا ئاماژەی بەوەداوە "خۆشحاڵین بە دەستپێشخەرییەکەی قەتەر سەبارەت بە ھەناردەکردنی غازی سروشتی بۆ سووریا"
ڕاشیگەیاندووە کە ئەو ھەنگاوەی قەتەر، ھەنگاوێکی گرنگە بۆ پاڵپشتیکردن لە سووریا بە ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی بواری وزە.
ھەروەھا ڕوونیکردووەتەوە، بەپێی دەستپێخەرییەکە، قەتەر لە ڕێگای ئوردنەوە غازی سروشتی ھەناردەی سووریا دەکات و ئەوەش یارمەتیدەر دەبێت لە بەرھەمھێنانی کارەبا بە ڕێژەی ٤٠٠ مێگاوات لە ڕۆژێکدا.
دوێنێ پێنجشەممە، سندوقی قەتەر بۆ گەشەپێدان ڕایگەیاندبوو کە غازی سروشتی لە ڕێگای ئوردنەوە ھەناردەی سووریا دەکەن، ئەوەش بە ئامانجی پڕکردنەوەی پێداویستیی ھاووڵاتییانی سووریا لە وزەی کارەبادا.
ئاماژەی بەوەشدابوو کە لە ڕێگای ھەناردەکردنی غازە سروشتییەکەوە، دەتواندرێت بە ڕێژەی ٤٠٠ مێگاوات لە ڕۆژێکدا، کارەبا لە سووریا بەرھەمبھێندرێت.