حکوومەتی هەرێم قەرز دەداتە گەنجان
بەڕێوەبەری قەرزی بچووک لە هەرێمی کوردستان، ئارام ئەنوەر: "پرۆژەیەکمان بۆ دەستپێکردنەوەی قەرزی بچووک داڕشتووە لەو پارانەی سوودمەندانی رابردوو بۆمان دەگێڕنەوە، دەینێرین بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پەسەندکردن".

Arbil
هەولێر - AA
بەڕێوەبەرایەتی سندوقی پشتیوانی پرۆژە بچووکەکانی لاوان، ئامادەکاری خۆیان کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆژەی پێدانی قەرزی بچووک بە گەنجان و تەنها رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیرانیان پێویستە.
پێشتر لە مانگی شوبات پلانی دەستپێکردنەوەی پرۆژەکەیان ناردە ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی کار و وەزارەتی دارایش بە پرۆژەکە قایل بوون چونکە بەپێی پلانەکە پارەیان لە خەزێنەی حکوومەت ناوێت، بەڵام ئەوکات بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بڕیاردانی لەسەر دەستپێکردنەوەی پرۆژەکە وەستاند و ئێستا دووبارە پلانێکی نوێ داڕێژراوە و دەخرێتەوە بەردەستی حکوومەت.
بەڕێوەبەری قەرزی بچووک لە هەرێمی کوردستان، ئارام ئەنوەر بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رايگەیاند "ئێمە پلانێکی سێ ساڵەمان داڕشتووە و پێشکەشی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەکەین، پێشتریش دیراسەی لەسەر کراوە، لەسەر ئەو پارەیەی کە مانگانە لە سوودمەندەکانی پیشترەوە بۆمان دەگەڕێتەوە پلانمان داناوە کە چۆن بەردەوامبین لە پێدانی قەرزی بچووک بەبێ ئەوەی کە هیچ بڕە پارەیەک لە حکوومەت و وەزارەتی دارایی داوا بکەین".
ئارام ئەنوەر گوتی: "لە ئایندەیەکی نزیکدا پرۆژەکە پێشکەش بە ئەنجوومەنی وەزیران دەکەین بۆئەوەی لەوێ پەسەندبکرێت و دەست بە پێدانی قەرز بکەینەوە، پێش کۆرۆنا پرۆژەکەمان ناردە لای حکوومەت وەڵامدانەوەشیان بۆی باشبوو چونکە هیچ بارگرانییەک لەسەر حکوومەت و وەزارەتی دارایی دروست ناکات".
بەڕێوەبەری قەرزی بچووک لە هەرێمی کوردستان، ئارام ئەنوەر دەربارەی میکانیزی پێدانی قەرزەکە و بڕەکەی گوتی: "هەمان ئەو پارەیەی کە لە سوودمەندان وەردەگیرێتەوە جارێکی دیکە دابەشی دەکەینەوە، ئەوەی ئەمجارە دابەشی دەکەین بڕەکەی بەپێی ئەو داهاتە دەبێت کە بۆمان دەگەڕێتەوە، واتە هەرچەند گەڕایەوە لەسەر بنەمای ئەوە پلانی خۆمان دادەنێین کە چۆن و بە چ میکانیزمێک ئەو پارەیە جارێکی دیکە بدەینەوە بە قەرز و بەشی چەند کەس دەکات لێی سوودمەند بێت".
ئەو گوتیشی: "سیستەمێکی داتابەیسمان هەیە بەهۆی ئەو سیستەمەوە بەرچاوڕونین کە مانگانە چەند پارەمان بۆ دەگەڕێتەوە، بۆیە بەو پێیە پلانی خۆمان دادەرێژین و دەزانین ئەوەی مانگانە بۆمان دەگەڕێتەوە بەشی چەند کەسی دیکە دەکات لە پرۆژەکە سوودمەند بن".
بەگوتەی بەڕێوەبەری سندوقی پشتیوانی پرۆژە بچوکەکانی لاوان، سوودمەندانی پێشتری پرۆژەکە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا نزیکەی دوو ملیار و 700 ملیۆن دیناریان گەڕاندووەتەوە و بەردەوامیش قەرزیان بۆ دێتەوە، بەڵام دۆخی نەخوازراوی کۆرۆنا بڕەکەی کەم کردووەتەوە و گوتی:
"هاتنی کۆرۆنا کاریگەری هەبوو لەسەر بڕی گەڕاوەی ئەو پارەیەی سوودمەندان بۆمان دەگێڕنەوە، ئەمە جگە لەو دۆخە داراییەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەیە بۆیە ئێمە وامان کرد کە دواخستنی پاژەمان بۆکردوون تا 1/3/2021 پارەی قەرزەکان وەرناگرینەوە مەگەر کەسێک خۆی بە ئارەزوومەندانە پارەکەمان بۆ بگەڕێنێتەوە".
ئارام ئەنوەر راشیگەیاند "ئەوانەی ئێستا قەرزیان لایە و ناتوانن پارەکە بگەڕێننەوە هیچ سزایەکی دارایی ناکەوێتە سەر شانیان تا ئەو وادەیەی درێژ کراوەتەوە کە رۆژی (1/3/2021)ە و تا ئەو وادەیە دواخستنی پاژە بۆ هەموو سوودمەندان کراوە، لەدوای ئەوە هەر سوودمەندە و دەبێت پابەندبێت بەو خشتەیەی بۆی دیاری دەکرێت و دەبێت بەپێی ئەو خشتەیە هەر شەش مانگ جارێک قەرزەکە بگەڕێننەوە".
بەڕێوەبەری قەرزی بچووک لە هەرێمی کوردستان، ئارام ئەنوەر دەربارەی ئەوەی ئەگەر کەسێک پرۆژەکەی شکستی هێنابێت و تووشی زەرەر بوبێت، هیچ لێخۆشبوونێک هەیە بۆیان رایگەیاند "ئەگەر کەسێک نەتوانێت لەکاتی خۆی قەرزەکە بگەڕێنێتەوە بەرەزامەندی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی سندوق دەتوانین دواخستنی گەڕانەوەی بۆ بکەین، بەڵام بەپێی یاسا ئەگەر کەسێک پارەی نەختینەیی وەرگرتبێت بەهیچ شێوەیەک لێخۆشبوون بۆ قەرزەکە نییە و هەر دەبێت ئەو پارەیە بگێڕنەوە ئەگەر کەسەکە لە ژیانیشدا نەمابێت".
پرۆژەی قەرزی بچووک بۆ لاوان یەکێک بوو لە پرۆژەکانی کابینەی شەشەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەپێی پرۆژەکە هەر گەنجێک کارێکی سەربەخۆی دابمەزراندایە بەپێی بڕی تێچووی پرۆژەکە لە یەک ملیۆن دینار تاوەکو 15 ملیۆن دیناری بە قەرز پێدەدرا لەلایەن حکوومەتەوە و قەرزەکەش بە ماوەی شەش ساڵ وەردەگیرایەوە.
تا ئێستا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا، هەشت هەزار و 136 کەس قەرزی بچووکی وەرگرتووە و لە پرۆژەکە سوودمەند بووە کە بڕی ئەو پارەیەی وەریان گرتووە نزیکەی 76 ملیار دینارە، لەو بڕەش تا ئێستا نزیکەی 44 ملیار دیناریان گەڕێندراوەتەوە و 32 ملیار هێشتا وەک قەرز لای سوودمەندانی پرۆژەکە ماوە.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن