هەڵسەنگاندن و چاودێرێكردنی پەرلەمانی كوردستان لە سێ راپۆڕتی ئەنستتیوتی پەی
- ئەنستیتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان سێ راپۆرت لەبارەی چاودێریی و هەڵسەنگاندنی كارەكانی پەرلەمانی كوردستان و ئەو پێشێلكارە یاساییانەی لە "پەكخستن"ی پەرلەمان كراون رادەگەیەنێت.
هەولێر
ئەنستیتیوتی پەی دەڵێت شكۆی پەرلەمان شكێنراوە و دەبێت بگەڕێتەوە بۆ بارودۆخی پێش 12ی مانگی رابردوو.
ئەنستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان سێ راپۆرت لەبارەی پەرلەمانی كوردستانەوە ئامادە و بڵاودەكاتەوە كە دوویان تایبەتن بە چاودێریی و هەڵسەنگاندنی كارەكانی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان خولی گرێدانی ساڵی دووەمی پەرلەمانی كوردستان لە ماوەكانی نێوان 1ی ئەیلوولی 2014 ەوە تا 28ی شوباتی 2015 و هەروەها 1ی ئاداری 2015 تا 31ی ئابی 2015، هەروەها راپۆرتی سێهەمیشی بە ناونیشانی "پێشێلكاریی یاسایی و پەكخستنی پەرلەمان كوردستان"ە كە تایبەتە بە ئەدای خولی چوارەمی پەرلەمان لە ماوەی نێوان 1ی ئەیلوولی 2015 تا 12ی تشرینی یەكەمی 2015".
لە راپۆرتی دووەمی ئەنستیتیوت تایبەت بە كارەكانی پەرلەمان لە ماوەی نێوان سەرەتای ئەیلوولی ساڵی 2014 تا كۆتایی شوباتی 2015دا چەندین زانیاریی لەسەر پەرلەمانی كوردستان و ژمارەی ئەو دەنگانەی هەر لیستێك بەدەستی هێناون لە هەڵبژاردنی ساڵی 2013 و ئەو كورسییانەی هەیەتی، سەرباری پێكهاتەی لەرووی جێندەری، بڕوانامە و ئاستی خوێندن، پێكهاتەی نەتەوەیی، ئاینی، پارێزگاكان.
بەپێی راپۆرتی پەی لە ماوەی ئەو شەش مانگەدا 182 پرۆژە یاسا لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە پێشكەشی سەرۆكایەتی كراون و حكوومەتیش تەنها چوار پرۆژەی هەبووە، ئەوانەی خوێندنی یەكەمیان بۆ كراوە 186 پرۆژە بوون كە تەنها 13یان پەسەندكراون و 173یان ماون، بەو پێیەش تەنها رێژەی 11,3 لەسەدی ئەو پڕۆژانەی پێشكەش كراون لەو ماوەیەدا پەسەندكراون.
هەروەها ئەوەش خراوەتە روو كە دەبوو لەو ماوەیەدا لێژنەكان 177 كۆبوونەوەیان كردبا، بەڵام 122 كۆبوونەوەیان كردووە، و ژمارەی ئامادەنەبوون بە مۆڵەت و غیابیشەوە 186 بووە، هەروەها 55 كۆبوونەوەش بڕیار بووە بكرێن و نەكراون.
لە ماوەی ئەو شەش مانگەشدا پەرلەمانی كوردستان 21 دانیشتنی ئەنجامداوە و لە كۆی دانیشتنەكاندا 65 بڕگەی كاری لە بەرنامەی خۆیدا خستووەتە روو، 37 بڕگەی جێبەجێ كردووە لەكاتی خۆیدا و 28یشی دواخستووە و لەكاتی خۆیدا جێبەجێی نەكردوون.
هێما بۆ ئەوەش دەكات كە لەو شەش مانگە وەزیری سامانە سرووشتییەكانی هەرێم و ئەنجوومەنی نەوت و گازی هەرێم و وەزیری دارایی و دیسانەوە وەزیری سامانە سرووشتییەكان و وەزیری پەروەردە و وەزیری خوێندنی باڵا بانگهێشتی پەرلەمان كراون، بەڵام ئامادە نەبوون، ئەوەش روونكراوەتەوە كە رێژەی 56 لەسەدی ئەو وەزیرانەی لەلایەن پەرلەمانەوە بانگهێشتكراون نەچوون بۆ پەرلەمان و لە بەرامبەردا تەنها 44 لەسەدی ئەوان لەو شەش مانگەدا چوون.
سەرۆكی ئەنستیتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان د.سەروەر عەبدولڕەحمان لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی ئەو سێ راپۆرتەیانەوە گوتی: "ئەم راپۆرتانە لەلایەن ئەنستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان دەرچوون كە تایبەتن بە هەڵسەنگاندن و چاودێریكردنی كارەكانی پەرلەمانی كوردستان و هەروەها ئەو پێشێلكاری و پەكسختنەی بەرامبەر بە پەرلەمان كراوە لەمدواییانەدا".
روونیشیكردەوە، "لەو راپۆرتانە ئەدای پەرلەمان لە رووی یاسادانان و چاودێریكردن و پەسەندكردنی بوودجە و رەوشی پەرلەمان خۆشییەوە باسكراون لە دوو خولی شەش مانگی و راپۆرتێكی دیكەشیان سەبارەت بە دوو مانگی ئەمدواییەیە كە پەرلەمانی كوردستان بەهۆی قەیرانی سیاسییەوە پەكخراوە و رێگری لە سەرۆكی پەرلەمان كراوە بێتە پەرلەمان و بەوەش پەرلەمان پەكخراوە".
گوتیشی "ئومێد دەكەین حزبەكان پێداچوونەوە بەخۆیاندا بكەن و بگەڕێنەوە بۆ بەرواری پێش 12ی مانگ".
ناوبراو لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: "بەپێی زانیاری و داتا و هەڵسەنگاندی ئێمە دەردەكەوێت پەرلەمانی كوردستان لەرووی دانانی یاسا و چاودێریكردن وەكو پێویست نەبووە و بوودجەش ئەوە سێ ساڵە نەچووەتە پەرلەمان و پەرلەمان دەزگایەكی شەرعی و یاسایی و چەتری كۆكەرەوەی لایەنەكان بوو و پێویست بوو هەروا بمێنێت، بەڵام بەداخەوە ئێستا شكۆی شكێنراوە".
ئەو راپۆرتانە كە دوو راپۆرتی یەكەمیان بە هاوكاری یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان ئامادە كرابوو، هەر بۆیەش راگەیاندنی راپۆرتەكان لە هۆڵی باڵەخانەی یەكێتی پەرلەمانتاران لە هەولێر بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە پەرلەمانتار و ئەندامانی پێشووی پەرلەمانی كوردستان و عێراق و ژمارەیەك كەسایەتی دیكە بەڕێوەچوو.
هەرچی لە راپۆرتی سێهەمی ئەنستیتیوتی پەی هەیە كە تایبەت بە كارەكانی پەرلەمان لە ماوەی نێوان سەرەتای ئاداری ساڵی 2015 تا كۆتایی ئابی 2015دا هەمان زانیاریی لەسەر پەرلەمانی كوردستان و ژمارەی ئەو دەنگانەی هەر لیستێك بەدەستی هێناون لە هەڵبژاردنی ساڵی 2013 و ئەو كورسییانەی هەیەتی، سەرباری پێكهاتەی لەرووی جێندەری، بڕوانامە و ئاستی خوێندن، پێكهاتەی نەتەوەیی، ئاینی، پارێزگاكان.
بەڵام لە شەش مانگی دووەمی كاركردنی پەرلەماندا، واتە لەنێوان ئەو ماوەیەی ئاماژەی پێكراوە 221 پڕۆژە یاسا لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە پێشكەش بە سەرۆكایەتییەكەی كراوە، ژمارەی ئەو پڕۆژانەشی حكوومەت رەوانەی پەرلەمانی كردوون پێنجن، هەروەها خوێندنەوەی یەكەم بۆ 226 پرۆژەكە كراوە، ئەو پڕۆژانەشی لەو ماوەیە پەسەند كراون تەنها 13 پرۆِژە بوون و 202 پڕۆژەیان كاریان لەسەر نەكراوە، بەو پێیە تەنها 16,1 لەسەدی ئەو پرۆِژانەی پێشكەشكراون، پەسەندكراون.
لەبارەی ژمارەی كۆبوونەوەی لێژنەكانیش ئەوا 172 كۆبوونەوە كراوە و 296 ئامادەنەبوون بە مۆڵەت و بە غیابەوە تۆماركراوە.
راپۆرتەكەی پەی ئەوەشی تێبینی كردووە كە لە كۆی ئەو شەش مانگەدا پەرلەمانی كوردستان لە كۆی 24 ئەندامی ئەنجوومەنی وەزیران داوای ئامادەبوونی 15 وەزیری كردووە لە هۆڵی پەرلەمان ئامادەبن، بەڵام تەنها چوار دانەیان ئامادەبوون و 11 لەوانەی بانگ كراون نەچوونەتە پەرلەمانەوە و هەندێك لەوانە زیاتر لە جارێك بانگهێشت كراون.
لەو ماوەیەدا 19 كۆبوونەوەی ئاسایی و سێ كۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجام دراوە، واتە بەگشتی 22 كۆبوونەوەدا كراوە، كۆبوونەوە ئاساییەكان پێنجیان دوو دانیشتن بوون واتە بەیانی و ئێوارە، ئەوە سەرباری ئەوەی لە شەش دانیشتنی جیاوازیشدا 169 ئەندام بایكۆتی كۆبوونەوەكانییان كردووە.
راپۆرتی چوارەمی ئەنستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدانە تایبەتە بە پێشێلكاریی یاسایی و پەكخستنی پەرلەمانی كوردستان كە تایبەتە بە خولی گرێدانی ساڵی دووەم لە ماوەی نێوان یەكی ئەیلوولی 2015 تا 12ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2015.
لە راپۆرتەكەدا ئەوە خراوەتە روو كە خولی ئێستای پەرلەمانی لەدەستبەكاربوونییەوە تا 12ی تشرینی یەكەم 226 پڕۆژە یاسا و بڕیار پێشكەشی پەرلەمان كراون، 155یان خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ كراوە و 71 پرۆژەش هێشتا خوێندنەوەیان بۆ نەكراوە، لە كۆی ئەو پڕۆژانەش تا ئێستا 18 یاسا و 7 بڕیار پەسەند كراون و ئەوانەی تر وەكو خۆیان ماونەتەوە.
لە ماوەی ئەو دوو مانگەدا لێژنەكانی پەرلەمان 33 كۆبوونەوەیان كردووە و لەو كۆی ئەو كۆبوونەوانەدا 54 جار ئەندامان ئامادەنەبوون، بەگشتی لەم خولەدا شەش كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجام دراوە و یەك كۆبوونەوەی نا ئاسایی، لە پێنج دانیشتنیشدا 114 جار ئەندامان بەشداریی كۆبوونەوەكانییان نەكردووە، هەروەها لەو ماوەیەدا پەرلەمان میواندار و بانگهێشت و لێپرسینەوەی لە وەزیرەكان كردووە كە چوار جار بووە سێیان بۆ وەزیری سامانە سروشتییەكان بووە، بەڵام هیچیان ئامادەنەبوون.
د.سەروەر عەبدولڕەحمان لەبارەی چاودێریكردنی پەرلەمانیشەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هەرچەندە لە دنیادا پەرلەمانەكان لەلایەن رێكخراو یان دەزگاكانەوە چاودێری دەكرێن سەرباری ئەوەی بۆخۆی دەزگایەكی چاودێرییە، بەڵام مەبەست لەو چاودێریكردنە ئەوەیە ئیشوكارەكانی ئەو دەزگایە بەر رەخنە و بەدواداچوون بكەوێت".
لە چوارچێوەی راپۆرتەكەدا رێگەنەدان بە سەرۆكی پەرلەمان بۆ ئەوەی بێتە ناو شاری هەولێر كە 12ی ئەم مانگە لە بازگەی پردێ لە هەولێر روویدا بە "نایاسایی" لەلایەن ئەنستتیوتی پەیەوە ناوبراوە، هەروەها هێما بۆ ئەوە كراوە كە ئێستا شكۆی پەرلەمانی كوردستان شكێنراوە و سووكایەتی پێكراوە كە ئەوەشی بە سووكایەتی بۆ سەرجەم خەڵكی كوردستان ناوبردووە.
هەروەها هاتووە "پەكخستنی پەرلەمان دەبێتە هۆی بێ متمانەیی خەڵك بە پەرلەمان وەكو باڵاترین دەزگای هەرێم و باوەڕی نەمان بە دەنگدان و هەڵبژاردن، پرۆسەی یاسا پەكس كەوتووە، پرۆسەی چاودێریكردنی دەسەڵاتی جێبەجێ كردنی، ناردنی بودجە دواكەوتووە، كۆبوونەوە و كاروباری لێژنەكان راوەستاوە، پرسی دەستووریش راوەستاوە، پرسی سەرۆكایەتی هەرێم بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، پێكهێنانی ئەنجوومەنی سەندووقی داهاتە نەوتییەكان راگیراوە".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن