توركيا

تورکیا پێشوازی دەکات لە کۆبوونەوەی لایەنەکانی فەڵەستینی لە پەکین بۆ یەکگرتوویی نەتەوەیی

Tuğba Altun, Gökhan Çeliker  | 23.07.2024 - نوێکردنەوە : 23.07.2024
تورکیا پێشوازی دەکات لە کۆبوونەوەی لایەنەکانی فەڵەستینی لە پەکین بۆ یەکگرتوویی نەتەوەیی

Ankara

ئەنقەرە - AA

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند: "بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی دەکەین لە کۆبوونەوەی لایەنەکانی سیاسی فەڵەستینی لە پەکین و دەرکردنی ڕاگەیاندراوێک بۆ دەستبەرکردنی یەکگرتوویی نەتەوەیی".

وەزارەتەکە لەبارەی کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی فەڵەستینی لە پەکین'ی پایتەختی چین، ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا وێڕای پێشوازیکردن لە کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی فەڵەستینی بە میوانداری چین و هەروەها دەرکردنی ڕاگەیاندراوێک بۆ دەستبەبەرکردنی یەکگرتوویی نەتەوەیی، ڕایگەیاندووە، "پێزانینمان هەیە لە ڕۆڵی چین لە نزیککردنەوەی لایەنەکانی فەڵەستینی".

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، "لە کاتێکدا هێرشەکانی ئیسرائیل بە هەموو هێزەوە دژ بە غەززە بەردەوامە و گوشارەکانیش بۆ سەر کەناری ڕۆژئاوا و قودسی ڕۆژهەڵات درێژەی هەیە، یەکگرتوویی گوتاری لایەنە فەڵەستینییەکان زیاتر لە ڕابردوو گرنگی هەیە. چاوەڕوانیمان ئەوەیە کە ئەو هەنگاوانەی لە ڕاگەیاندراوەکەی پەکین دا دەرکراون جێبەجێ بکرێن و ئەو هەوڵانەی کە ماوەیەکی زۆرە بە بەشداری وڵاتەکەمان بۆ گەیشتن بە یەکگوتاری سیاسی لە فەڵەستین بەردەوامە، لە زووترین کاتدا بگەنە ئەنجامێکی ئەرێنی".

دوێنێ دووشەممە، ١٤ لایەنی فەڵەستینی لە پەکین لەسەر پێکھێنانی حکوومەتێکی تەوافوقی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی غەززە و کەناری ڕۆژئاوا دوای شەڕی غەززە، ڕێککەوتن.

ئەو لایەنانەی کە لە پێکھێنانی حکوومەتێکی تەوافوقی نیشتمانی فەڵەستین بەشدارن بریتیین لە فەتح، حەماس، جیھادی ئیسلامی، بەرەی میللیی ڕزگاریخوازیی فەڵەستین، بەرەی دیموکراتی بۆ ڕزگارکردنی فەڵەستین، پارتی گەلی فەڵەستین، بەرەی خەباتی میللی فەڵەستین، بزووتنەوەی دەستپێشخەری نیشتمانی فەڵەستین، فەرماندەیی گشتی بەرەی میللی، یەکێتی دیموکراتی فەڵەستین، بەرەی ڕزگاریخوازی فەڵەستین، بەرەی ڕزگاریخوازی عەرەبی، بەرەی عەرەبی فەڵەستین و بەرەی شەڕی ڕزگاریخوازی میللی.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın