توركيا, تەندروستی

لێدوانی وەزیری تەندروستیی تورکیا لە بارەی تێکشکاندنی چەتەی یەنیدۆغان

وەزیری تەندروستیی تورکیا: "بە هەماهەنگی تەواوی نێوان بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیمان و یەکەکانی جێبەجێکاری یاسا و دەسەڵاتی دادوەری، ئەم چەتەیەمان داڕووخاند. پێموایە کەسانێک بەمە ناڕەحەت بوون بۆیە هێرشێکی بێبەزەییانەیان بۆ سەرمان دەستپێکرد".

Burcu Çalık Göçümlü, Ersin Çetintaş  | 20.11.2024 - نوێکردنەوە : 20.11.2024
لێدوانی وەزیری تەندروستیی تورکیا لە بارەی تێکشکاندنی چەتەی یەنیدۆغان

Ankara

ئەنقەرە - AA

وەزیری تەندروستیی تورکیا، کەمال مەمیشئۆغڵو سەبارەت بە دۆسیەی "چەتەی یەنیدۆغان" کە تۆمەتبارە بە هێشتنەوەی منداڵانی تازە لە دایک بوو لە بەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانە و بوونە هۆکاری گیانلەدەستدانیان، ڕایگەیاند: "بە هەماهەنگی تەواوی نێوان بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیمان و یەکەکانی جێبەجێکاری یاسا و دەسەڵاتی دادوەری، ئەم چەتەیەمان داڕووخاند. پێموایە کەسانێک بەمە ناڕەحەت بوون بۆیە هێرشێکی بێبەزەییانەیان بۆ سەرمان دەستپێکرد".

لە میانی گفتوگۆکان لە بارەی بوودجەی ساڵی ٢٠٢٥ی وەزارەتەکەی لە لیژنەی پلان و بوودجەی پەرلەمانی تورکیا، مەمیشئۆغڵو وەڵامی پرسیار و ڕەخنەی پەرلەمانتارانی دایەوە.

مەمیشئۆغڵو ئاماژە بەوە کرد کە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی پشکنەر لەسەر بابەتەکە لە ٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٤دا تەواو بووە و، ڕادەستی سەرۆکایەتی دەستەی پشکنین کراوە و گوتی: "لەلایەن نووسەرانی ڕاپۆرتی دەستەی پشکنینەوە ڕاپۆرتێکی لێکۆڵینەوەی پێنج هەزار لاپەڕەیی و هاوپێچەکەی پشکنینی بۆ کرا، لە ١٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤دا ڕەزامەندی لەسەر جێبەجێکردنی ڕاپۆرتەکە وەرگیرا. لە ڕاپۆرتە پەیوەندیدارەکەدا پێشنیاری داخستنی ئەو نەخۆشخانە تایبەتانە کرا کە کە کاری نایاسایی کردووە و، هەمان ڕۆژ داخران".

گوتیشی: "لەبەرئەوەی پێمانوابوو ڕێکارە کلاسیکییەکان بەس نابن بەرامبەر تۆمەتەکان، پەیوەندیمان بە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئیستانبوڵەوە کرد و بەو نامەیەی لە پێنجی ئایاری ٢٠٢٣دا نووسیمان، لێکۆڵینەوەی دادوەریی دەستیپێکرد".

مەمیشئۆغڵو باسی لەو لێکۆڵینەوانە کرد کە تیمەکانیان لە ساڵی ٢٠٢٤دا ئەنجامیانداوە و ڕایگەیاند: "تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٤دا تیمەکانی پشکنینمان تێکڕا ٥٤ هەزار و ٨٨٥ پشکنینیان بۆ دامەزراوە تەندروستییە تایبەتەکان ئەنجامداوە، کە نزیکەی ٤٦ هەزاریان ئاسایی بوون، شەش هەزاریان نائاسایی بوون و سێ هەزاریشیان ماوەیان بەسەرچوو بووە. لە ئەنجامی پشکنینەکانیشدا سزای ڕاگرتنی کار و چالاکی و سزای پارە دراون و سکاڵا تۆمارکراون".

هەروەها وەزیری تەندروستی تورکیا مەمیشئۆغڵو ڕایگەیاند: "پێویستە هەمووان ئەوە بزانن وەک پزیشکێک کە بە درێژایی تەمەنم دژی هەموو جۆرە نادادپەروەری و ناحەقی و نایاساییەک وەستاومەتەوە، هەموو ڕێوشوێنێکی پێویستم گرتووەتەبەر و دەیگرمەبەر بۆ ڕێگریی کردن لەو جۆرە تاوانانەی ئازاری ویژدانی گەلەکەمان دەدەن".

مەمیشئۆغڵو ئەو پەیوەندیە تەلەفۆنانەی نێوان ئەندامانی ڕێکخراوەکەی نیشاندا کە لە سکاڵانامەکەشدا خراوەتەڕوو و لە پشکنینەکانی ٢٥ی ئەیلوولدا ئاشکراکراون.

ڕاشیگەیاند: "بە هەماهەنگی تەواوی نێوان بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیمان و یەکەکانی جێبەجێکاری یاسا و دەسەڵاتی دادوەری، ئەم چەتەیەمان داڕووخاند. پێموایە کەسانێک بەمە ناڕەحەت بوون بۆیە هێرشێکی بێبەزەییانەیان بۆ سەرمان دەستپێکرد".

چەتەی یەنیدۆغان ئەو کارەی بە بەدەستهێنانی پارە کردووە، کە لەلایەن دامەزراوەی ئاسایشی کۆمەڵایەتیی تورکیا (SGK)یەوە بەرامبەر پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری بۆ نەخۆش دابینکراوە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن