توركيا, عێراق

لەژێڕ رۆشنایی بڕیارەکەی سەرکۆماری تورکیا ئاودێری لە عێراق دەبوژێتەوە

دوای بڕیاری سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ زیاتر بەردانەوەی ئاوی رووباری دیجلە، چاوەڕێ دەکرێت زەویوزارەکان جارێکی تر ببوژێنەوە.

Rewa Mahmood Hasan  | 23.03.2023 - نوێکردنەوە : 23.03.2023
لەژێڕ رۆشنایی بڕیارەکەی سەرکۆماری تورکیا ئاودێری لە عێراق دەبوژێتەوە

As Sulaymaniyah

سلێمانی - AA

عێراق کە لەئێستادا، رووبەڕووی وشکبوونەوەی خاکەکەی بۆتەوە بەهۆی وشکەساڵیی و کاریگەرییە خراپەکانی گۆرانی ئاووهەواوە کە بەپێی راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی گەورەترین زیانی بەردەکەوێت بەهۆی گۆڕانی ئاووهەواوە، دوای بڕیاری سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ زیاتر بەردانەوەی ئاوی رووباری دیجلە چاوەڕێ دەکرێت زەویوزارەکان جارێکی تر ببوژێنەوە.

رۆژی سێشەممەی رابردوو، سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ھاوبەشدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی رایگەیاند کە ئەوان پرسی ئاو وەک ناوەندێکی ھەماھەنگی دەبینن کە خزمەت بە بەرژەوەندی ھاوبەش بکات و ئاشکراشی کرد کە ئەوان ئاگاداری کێشەی لەناکاوی ئاون کە رووبەڕووی عێراق بووەتەوە.

سەرکۆمار ئەردۆغان رایگەیاند کە بارانبارین لە تورکیا لە نزمترین ئاستدایە لە ماوەی ٦٢ ساڵی رابردوودا و گوتی: "بەھۆی گۆڕانی ئاووھەواوە بە قۆناغێکی وشکەساڵییدا تێدەپەڕین، سەرەڕای سەرجەم ئەو نەرێنیانە بۆ نەھێشتنی تەنگەژەکانی عێراق، بڕیارماندا بڕی ئەو ئاوەی کە لە رووباری دیجلەوە دەڕژێت، بۆ ماوەی مانگێک بەپێی توانا زیاد بکەین".

ئەم لێدوانانەی سەرکۆماری تورکیا لە کاتێکدایە کە بەهۆی وشکەساڵی و کەمی بارانبارین و بەرزی پلەکانی گەرما و نەبوونی دارستان لە عێراق، بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، عێراق بووەتە یەکێک لەو پێنج وڵاتەی کە بەهۆی گەرمبوونی جیهانەوە زیانیان بەرکەوتووە و چاوەرێ دەکرێت بەردانەوەی زیاتری ئاوی دیجلە، خاکە وشکبووەکانی عێراق ببوژێنێتەوە.

لە راپۆرتی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتییدا کە لە مانگی ئاداری ٢٠٢٢دا بڵاوکرایەوە، راگەیەندرا کە زیاتر لە سێ هەزار و ٣٠٠ خێزان لە ١٠ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەهۆی بارودۆخی ئاووهەواوە ناچاربوون کۆچ بکەن، لەکاتێکدا لەگەڵ بەردانەوەی ئاوی دیجلە چاوەرێ دەکرێت بواری کشتوکاڵیش لە شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بوژانەوە بەخۆیانەوە ببینن و سەرلەنوێ ناوچە کشتوکاڵییەکان بوژانەوە بەخۆیانەوە ببیننەوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە تورکیا لەسەر بڕیاری سەرکۆمار، رەجەب تەیب ئەردۆغان بڕی بەردانەوەی ئاوی رووباری دیجلە زیاد دەکات لەکاتێکدا تورکیا خۆیشی بەهۆی وشکەساڵییەوە ناچاربووە ئەو ئاوەی لە رووبارەکەوە دەرژێت گل بداتەوە بۆ ئاودێری.

ئەمە لەکاتێکدایە کە پێشتر لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوودا لە سەردانێکدا بۆ پارێزگای دیالە، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، عەلی رزا گیونەی باسی لە کاریگەرییە خراپەکانی گۆڕانی ئاووهەوا کردبوو و رایگەیاندبوو ''بەداخەوە لە ٢٠٣٠دا ئەو بڕە ئاوەی کە ئێستا هەیە، لەبەردەست نابێت. لە ٢٠٥٠شدا ئەو برە ئاوەی لە ٢٠٣٠دا دەستمان دەکەوێت، بەردەست نابێت. ئەمە رووداوێکی جیددییە. کۆماری تورکیا ئاوی رووباری لە عێڕاق نەگرتۆتەوە. لە رووی کشتوکاڵەوە تورکیا پێویستی بە ئاو هەیە بۆ ئاودێری دوای بەکارهێنانی بڕی ئاوی ماوە دەخاتەوە سەر رووبارەکانی دیجلە و فورات. ئاوەکەمان نەگرتۆتەوە، رێڕەوی رووبارەکانمان نەگۆڕیوە. راستە بەنداو دروست دەکەین، ئەمە کاریگەری و سوودی زۆر باشی هەیە لەسەر رێکخستنی رێڕەوی ئاو. هەرکاتێک وشکەساڵی بێت لە عێراق ئاوەکە بەردەدەینەوە، هەرکاتێکشیش ئاو زیادی کرد، ئاوەکە دەوەستێنین، بەردەوام دەبین لە هەماهەنگی لەگەڵ عێراق لەسەر پرسی ئاو".

لە مانگی تەمووزی ٢٠٢٢دا، سەرۆکی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان، عەبدولرەحمان سدیق لە میانی هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لە پرسی وشکەساڵی و بەبیابانبوون و پرسی دیکەی پەیوەست بە گۆڕانی ئاووهه‌وا کرد و رایگەیاندبوو ''وەزارەتی کشتۆکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوى عێراقى رایگەیاندووە کە رێژەی بەبیابانبوون لە عێراق گەیشتووەتە ٣٩ لەسەدا و ئەو رێژەیە کاریگەری لەسەر ئێمەش دەبێت لە ناوچەکانی باشووری ھەرێمی کوردستان و بەشێک لە كاریگه‌ریی بەبیابانبوون و وشکەساڵی دەرکەوتووە وەکو باشووری و رۆژئاوای ھەولێر، گەرمیان بە شێوازێکی سەرەکی و باشووری دھۆک-یش."

عه‌بدولره‌حمان سدیق لەبارەی کۆکردنەوەی ئاوی بارانیشه‌وه‌ بۆ ئانادۆڵو گوتبووی "ئێمە سەرچاوەی زۆری ئاومان ھەیە، بەڵام ساڵانە کۆمان نەکردووەتەوە پێویستیمان بەوە ھەیە ئەو ژمارە زۆرە بەنداوەی ھەرێم (١٥یان چوونەتە بواری جێبەجێکردن) بەنداوی بچووک و پۆند (بچوکتر لە بەنداو) دروست بکرێت کە ئاوی ژێرزەویش زۆر ببێت".

لە بەشێکی تری قسەکانیدا سەرۆکی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان گوتبووی "ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە کوالیتی ئاوەکەیە و ئاو کۆبکرێتەوە و ئیدارەدانێکی زیرەکانە ھەبێت لە بەکارھێنانی بە جۆرێک بۆ ماڵانیش بە ھەدەر نەدرێت کە لەئێستادا ھەر تاکێکی ئێمە ٣٥٠ بۆ ٤٠٠ لیتر ئاو بەکار دەھێنێت، ئەویش لەسەدا ٨٠ی بەھەده‌ر ده‌ڕوات و ریسایکڵیش نابێتەوە. تەنھا سەدا ١٥ بۆ ٢٠ سوودی راستەوخۆی لێ وەردەگیرێت. بەو شێوازە نابێت و پێویستییمان بە سیاسەتێکی نوێی ئیدارەدانی ئاو ھەیە".

زۆرجار باس لەوە دەکرێت کە شەڕی داھاتوو لەنێوان وڵاتان لەسەر پرسی ئاو دەبێت، له‌وباره‌یه‌وه‌ سەرۆکی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان بە بێچەوانەی ئەو گوتەیە دەڵێت، "با نەڵێین شەڕی داھاتوو لەنێوان وڵاتان لەسەر پرسی ئاو دەبێت بەڵکو بڵێین، ئاشتی نێوان وڵاتان بەھۆی ئاوەوە دەبێت، ئەویش ھاوکێشەکە وایە، بۆ نموونە تورکیا پێویستی بە نەوتە و عێراقیش پێویستی بە ئاو ھەیە، وەک زەمانی پێش داھێنانی پارە ئاڵوگۆر دەبێت لەنێوان وڵاتان و دەتوانین جۆری بیرکردنەوەمان بگۆڕین لە بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی و بەبیابانبوون. یەکێک لە باشییەکانی وشکەساڵی ئەوەیە کە دەمانخەتە بیرکردنەوەی ئه‌وه‌ی چۆن زاڵ بین بەسەر ئەو گرفتەدا و چارەسەری بکەین، بەم شێوازە دەتوانین ئێمە ھەڕەشەکان بگۆڕین بۆ دەرفەت. مەوڵانای روومی دەڵێت 'نەخۆشی خراپە، بەڵام یەکێک لە باشییەکانی نەخۆشی ئەوەیە کە دکتۆری زیرەک بۆمان دەردەخات'، یەکێک لە باشییەکانی وشکەساڵی ئەوەیە کە دەمانخەتە سەر بیرکردنەوە چوون ئێمە ئەو کەسە باشە بین زاڵ بین بەسەر ئەو گرفتە و چارەسەری بکەین بەم شێوازە دەتوانین ئێمە ھەڕەشەکان بگۆرین بۆ دەرفەت".

هەر لەسەر ئەو پەرسە بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان، سامان ئیسماعیل محەمەد لە مانگی رابردوودا لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، لەبارەی هۆکاری کەمبوونی ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان گوتی: ''داهاتمان لە ماوەی سێ چوار ساڵی رابردوودا کەمی کردووە، ئەوەی پەیوەستە بە ناوخۆوە لە ئێرانەوە بۆمان دێت و ئەویش کەمی کردووە. ئەوەی ئێمە گوێمان لێی بووە کە زانیاریی فەرمی نیین، ئاستی بەنداوەکانی ئێرانیش کەمی کردووە و لە نیوەدایە. کەمیی ئاو لە ئێراندا وا دەکات ئێمەیش داهاتی ئاومان کەم بێت. ئەوەی لەم چوار ساڵەدا لە ئاستی داهاتی ئاو روویداوە لە مێژووی بەنداوی دەربەندیخاندا نەبووە. بەراورد بە ساڵی پار، نزیکەی دوو مەتر و حەفتا سانتیمەتر ئاستی ئاومان کەمترە، بەڵام ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە و بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی مانگی سێ و چوار بارانێکی باش لە ناوچەکەمان دەبارێت".

بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان، سامان ئیسماعیل محەمەد ئاماژە بەوە دەکات کە لەم کاتەدا، گلدانەوەی ئاو یەک ملیار و ٣٥ ملیۆن مەتر سێجایە کە دەکاتە لەسەدا ٣٧ی رێژەی گلدانەوەی بەنداوەکە و بەراورد بە ساڵی پار لەم کاتانەدا، ١٠٠ ملیۆن مەتر سێجا کەمترە.

بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژە بەوە دەکات کە ماوەی چوار ساڵە ئاست و داهاتی ئاو لە بەنداوی دەربەندیخان کەم بووەتەوە، چونکە لە دوای ساڵی ٢٠١٩ـەوە ناوچەکە بە وشکەساڵیدا تێپەڕیوە و دەڵێت ''لەو ماوەیەدا بەشێوەیەکی بەرچاو باران کەم بووە، ئەمساڵ نەبێت کە رێژەی بارانبارین لە هەموو ناوچەکان بەگشتی باشە تاکو ئێستا".

سامان ئیسماعیل محەمەد سەبارەت بە زانیاریەکانی لەسەر بەنداوی دەربەندیخان لە مانگی شوباتی ٢٠٢٣دا بە ئانادۆڵوی گوت ''لەئێستادا، گلدانەوەی ئاو یەک ملیار و ٣٥ ملیۆن مەتر سێجایە لە بەنداوی دەربەندیخان، لەم رێژەیەش نزیکەی لەسەدا ٣٧ی رێژەی خەزنی بەنداوەکەمانە. خەزنی ئاومان بەراورد بە ساڵی پار ئەم کاتانە، نزیکەی ١٠٠ ملیۆن مەتر سێجا کەمترە، لەبەرئەوەی داهاتمان لە مانگی یەک و دوو لە ساڵی پار کەمتر بووە".

هەر لە ساڵی رابردوودا و لە مانگی ئەیلولدا، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان ئاماژەی بەوەدا کە بری ئاوی هاتوو لە ئێرانەوە لەسەر رووباری سیروان بۆ سفر مەتر سێجا کەمبووەتەوە و تەنیا پشت بە بارانبارین و چەمەکان و کانیاوەکانی هەرێمی کوردستان دەبەستن بۆ پڕکردنەوەی بەنداوی دەربەندیخان.

لە مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٢دا، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان گوتبووی کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان کاریگەریی کردۆتە سەر زەوی کشتوکاڵیی و ئاژەڵداریی لە ناوچەکانی سەربە پارێزگای هەڵەبجە، هاوکات بۆتە هۆی زیانگەیاندن بە سیستەمی ئاودێری کشتوکاڵی لە خوار بەنداوەکەوە بەتایبەت لە گەرمیان.

بەپێی زانیارییەکان، ئێران لەناو خاکی خۆیدا، بەنداوی لەسەر رووباری سیروان کە سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی بەنداوی دەربەندیخانە دروست کردووە و ئەوەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر کەمبوونەوەی ئاوی بەنداوەکە دروست کردووە بەجۆرێک لەئێستادا و بەدرێژای وەرزی هاوین، ئاستی ئاوی هاتوو لە ئێرانەوە بۆ سفر مەترسێجا دابەزیوە و تەنیا پشت بە کانیاو و چەمەکان دەبەسترێت بۆ پڕکردنەوەی ئاستی ئاوی رووباری سیروان.

هەروەها ئێران چەندین ساڵە لەناو خاکی خۆیدا بەنداوی گەورەی دروستکردووە، پەیڕەوکردنی ئەو سیاسەتەی ئاو بووەتە هۆکاری وشکبوونی دەریاچەی ورمێ لەناوخۆ و لە دەرەوەش بووەتە هۆکاری کەمبوونەوەی ئاو لە هەرێمی کوردستان.

وەک بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان، سامان ئیسماعیل باسی لێوە کردبوو سەرچاوەکانی کۆکردنەوەی ئاوی دەربەندیخان بەڕێژەی لەسەدا ٧٠ زیاتری سەرچاوەی ئەو ئاوەیە کە لە ئێرانەوە دێت و دەڵێت ''ئەو لەسەدا ٣٠یەی تری کە ماوەتەوە لە ناوخۆ دابین دەکرێت، واتە ئەو جۆگە و چەمانەی کە دەرژێنە ئاوی سیروانەوە کە بەهۆی کەمی بارانەوە زۆر دابەزیوە، هاوکات ئەو بەشەی کە لە ئێرانەوە دەگاتە سەر زێی سیروان و بۆ بەنداوی دەربەندیخان بەکاردەهێنرێت، ئەویش کەمی کردووە، بۆیە هەموو ئەمانە هۆکارن بۆ کەم بوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان. بۆیە ئێستا رۆژانە ٥-٦ مەترسێجا ئاومان بۆ دێت، دەتوانین بڵێیین کە هەمووی سەرچاوەی ناوخۆیی خۆمانە".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın