تەكنەلۆجيا و زانست, ژيان

بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان پێویستییان بەنۆژەنکردنەوە هەیە

بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و کۆگاکانی ئاو، ئەکرەم ئەحمەد: "دروستکردنی پڕۆژەکانی ئێران کاریگەرییەکی زۆری هەیە و لە داهاتووشدا مەترسی دروستبوونی کارەساتی لێ دەکرێت"

Hemin Hüseyin  | 20.02.2017 - نوێکردنەوە : 22.02.2017
بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان پێویستییان بەنۆژەنکردنەوە هەیە

Arbil

هەولێر-AA

لە هەرێمی کوردستان ١٥ بەنداو ھەیە کە توانای گلدانەوەی ١٠ ملیار مەترسێجا ئاویان ھەیە، بەنداوی دوکان بەگەورەترین بەنداو هەژمار دەکرێت لە هەرێمی کوردستان کە لە ماوەی رابردوودا بەردەوام لەگەڵ بەنداوی دەربەندیخان تاکە سەرچاوی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبان.

بەڕێوەبەری گشتی بەنداو و کۆگاکانی ئاو لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەکرەم ئەحمەد رایگەیاند کە بەنداو کۆن بێت یان تازە پێویستی بەدەستکاریکردن هەیە و بەم هۆیەشەوە حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراق بوودجەیەکی دیاریکراویان بۆ نۆژەنکردنەوەی هەر سێ بەنداوی دوکان و دەربەندیخان و دهۆک تەرخانکردووە و لەماوەی داهاتوودا لە شێوەی تەندەرێکی ئاشکرا رادەگەیەنرێت.

بەڕێوەبەری گشتی بەنداو و کۆگاکانی ئاو لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەکرەم ئەحمەد لە چاوپێکەوتنێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە هەرێمی کوردستاندا ١٥ بەنداو هەیە، کە سێ لەو بەنداوان لە سەردەمی حکوومەتی عێراقدا دروستکراون و ئەوانی دیکەش دوای راپەڕین دروستکراون لەسەر رووبارە هەمیشەیی و وەرزییەکان، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین بەنداو بۆخۆی خۆی دەسەپێنێت لەو شوێنەی کە دەیەوێت".

سەبارەت بەتوانای گلدانەوەی ئاو لە سەرجەم بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان، ئەکرەم ئەحمەد رەسوڵ گوتی: "بەگشتی لە هەرێمی کوردستان ئەمباری ١٠ ملیار مەترسێجا ئاومان هەیە لەو ١٥ بەنداوەی کە هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا زیاتر لەسەد پۆند (حەوز) هەیە لە هەرێمی کوردستان".

بەڕێوەبەری گشتی بەنداو و کۆگاکان رایگەیاند، بەنداوی دوکان و دەربەندیخان لە کۆتایی ساڵی پەنجاکاندا دروستکراون و بەنداوی دهۆک لە سەردەمی حکوومەتی بەعس دروستکراوە و تاوەکو ئێستا سوود لە هەردوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان دەبینین بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا.

ماوەیەک پێش ئێستا هەرسێ بەنداوی دوکان و دەربەندیخان و دهۆک بەهۆی زۆری تەمەنییانەوە مەترسی هەرەسهێنانیان لێدەکرا و لەمبارەیەوە بەڕێوەبەرەی گشتی بەنداو و کۆگاکانی ئاو پێی وایە کە بەنداو کۆن بێت یان تازە ئەوا پێویستی بەنۆژەنکردنەوە و دەستکاری هەیە و گوتی: "بەنداو تازە بێت یان کۆن بێت، بەردەوام پێویستی بەنۆژەنکردنەوە هەیە، هەر سێ بەنداوی دوکان و دەربەندیخان و دهۆک، هیچیان مەترسی هەرەسهێنانی لێناکرێت، بەڵام پێویستییان بەدەستکاری هەیە چونکە تەمەنی بەنداوی دوکان و دەربەندیخان نیو سەدەی تێپەڕکردووە و بەنداوی دهۆک بەهەمان شێوە نزیکەی چل ساڵی تەمەنە، بۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ٢ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کردووە و حکوومەتی عێراقیش بوودجەیەکی بۆ نۆژەنکردنەوەی بەنداوی دوکان و دەربەندیخان تەرخانکردووە، میکانیزمی نۆژەنکردنەوەکەش لە رێگای پارێزگاکاندا دەبێت و بەشێوەی تەندەر رادەگەیەنرێت و خودی پارێزگاکانیش سەرپەرشتی پڕۆژەکە دەکەن".

لە سنووری پارێزگای هەولێر چەند بەنداوێک هەیە وەکو بەنداوی حەمامۆک کە دەکەوێتە قەزای کۆیە و بەنداوەکانی بانووی تاڵەبان و دێگەڵە و ئاقۆیان و رەزگەدوین و جەلی، کە ئەوانیش تازە دروستکراون و بەگوتەی ئەو بەڕێوەبەرە گشتییەی بەنداو و کۆگاکانی ئاو، بەنداوی دێگەڵە تەواوبووە بەڵام بەنداوی جەلی بەهۆی قەرەبوونەکردنەوەی خاوەن زەوییەکانی ئەو ناوچەیە، نەتوانراوە ئاوی لێ کۆبکرێتەوە و لەمبارەیەوە ئەکرەم ئەحمەد رەسوڵ گوتی: "بەنداوی دێگەڵە تەواوبووە و هیچ کێشەیەکی نییە و ئاویشی کۆکردووەتەوە، بەنداوی بانووی تاڵەبان بەهۆی قەیرانی دارایی، پڕۆژەکە وەستاوە، بەنداوی جەلی زۆربەی دامەزراوەکانیشی تێدا تەواوبووە، بەڵام بەهۆی وەرنەگرتنی قەرەبووی جووتیاران، ئەوانەی کە زەوییەکانییان ژێر ئاوکەوتووە لەو ناوچەیەدا، نەتوانراوە ئاوی تێدا کۆبکەینەوە و لە ئێستادا رەزامەندییەکی زارەکی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی داراییمان وەرگرتووە کە پارەی جووتیاران بەشێوەی چەک بدرێت، بۆ ئەوەی ئێمەش بتوانین ئاوەکە بگرینەوە".

بەنداوەکانی پارێزگای سلێمانیش بریتین لە بەنداوی دوکان کە توانای گلدانەوەی ٦ ملیار و ٨٠٠ ملیۆن مەترسێجا ئاوی ھەیە، دەربەندیخان توانای گلدانەوەی ٣ ملیار مەترسێجا ئاوی ھەیە، ئاوەسپی توانای گلدانەوەی ٢١ ملیۆن و٥٠٠ ھەزار مەترسێجا ئاوی ھەیە و هەڕاوە توانای گلدانەوەی ١٠ ملیۆن مەترسێجا ئاوی ھەیە.

بەنداوی دھۆکیش کە دەکەوێتە شاری پارێزگای دهۆک توانای گلدانەوەی ٥٢ ملیۆن مەترسێجایە، هاوکات لە سنووری ئیدارەی گەرمیان چەند بەنداوێک هەیە کە بریتین لە بەنداوەی باوەشاسوار، حەسەن کەنووش، خۆرنەوازان و قادر کەرەم و شیوەسوور.

سەبارەت بەڕێژەی کۆکردنەوەی ئاو لەمساڵدا بە بەراورد بەساڵی رابردوو، ئەکرەم ئەحمەد گوتی: "لە بەنداوی دوکان نزیکەی ٤٠٠ ملیۆن مەترسێجا لە ساڵی پار کەمترە، بەڵام بەنداوی دوکان زۆر زیاترە لە ساڵی پار، هەرچەندە ئەمساڵ بارانبارین کەم بووە بەڵام جێگای مەترسی نییە".

بەهۆی ئەوەی بەنداوی دەربەندیخان دەکەوێتە سەر رووباڕی سیروان و لە دیوی ئێرانیش ژمارەیەک پڕۆژە لەسەر ئەو رووبارە دروستکراوە و بەم هۆیەوە مەترسی کەمبوونەوەی ئاو لە بەنداوی دەربەندیخان دەکرێت و ئەو بەرپرسەی بەنداوەکانیش لەمبارەیەوە هۆشداری دەدات و دەڵێت "دروستکردنی پڕۆژەکانی ئێران کاریگەرییەکی زۆری هەیە و لە داهاتووشدا مەترسی دروستبوونی کارەساتی لێ دەکرێت، چونکە ١٢ پڕۆژەی بەنداو و ٤ وێستگەی کارەبا و ٢ تونێڵی لەسەرە، واتا ئەگەر تەواوی ئەو پڕۆژانە بکەونە کارکردن ئەوا نزیکەی سەدا ٧٠ی ئاوەکەی دەبات و مەترسی لەسەر بەنداوی دەربەندیخان دروست دەبێت".

بەڕێوەبەری گشتی بەنداو و کۆگاکانی ئاو لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەکرەم ئەحمەد گوتیشی: "بەهۆی قەیرانی دارایی پڕۆژەکانمان پەکیانکەوتووە هەرچەندە کێشەی ئاو لە هەموو دونیا سەریهەڵداوە بۆیە ئێمەش پێویستە بەنداوی نوێ دروست بکەین بۆ ئەوەی بۆ خواردنەوە و بۆ کشتوکاڵ سوودی لێ ببینین، ئێمە بەردەوام کاری بۆ دەکەین و لەگەڵ حکوومەتی هەرێم لێکتێگەیشتنێکمان هەیە لەوبارەیەوە".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن