
New York
نیویۆرک - AA
ئەمریکا رایگەیاند کە بەهۆی زیادبوونی ژمارەی تووشبووان لە چین، داوای ئەنجامی پشکنینی کۆرۆنا لەو گەشتیارانە دەکرێت کە لەو وڵاتەوە دێن.
سەنتەری کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان (CDC) رایگەیاند کە بڕیاریداوە لە پێنجی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ەوە، پشکنینی کۆرۆنا لەو گەشتیارانە داوا بکرێت کە لە چینەوە دێن بۆ ئەمریکا.
سەنتەری کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان لە راگەیەندراوێکدا، ئاماژەی بەوە داوە کە بڕیارەکە بەسەر ئەو کەسانەشدا جێبەجێ دەکرێت کە لە هۆنگ کۆنگ و ماکاو-ەوە گەشت دەکەن.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەم رێوشوێنە بە پاساوی ئەوەی کە داتاکانی چین "بەپێی پێویست نین و ناڕونن" گیراوەتەبەر، هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە گۆڕاوەکانی کۆرۆنا لە سەرانسەری جیهاندا بەردەوامن لە سەرهەڵدان.
لە راگەیەندراوەکەدا، ئەوەش خراوەتەڕوو کە پشکنین لە هەموو ئەو کەسانە داوا دەکرێت کە لە چینەوە گەشت دەکەن و تەمەنیان لە دوو ساڵ زیاترە، بەبێ رەچاوکردنی وەرگرتن یان وەرنەگرتنی ڤاکسین، هەروەها بڕیارەکە ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە گەشتی ترانزێت لە رێگەی وڵاتی سێیەمەوە ئەنجام دەدەن.
بەهۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی کۆرۆنا، وڵاتانی وەک ژاپۆن، مالیزیا، کۆریای باشوور، هیندستان، تایوان و ئیتاڵیا رێوشوێنیان بەرامبەر بەو کەسانە گرتەبەر کە لە چینەوە گەشت دەکەن.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن