وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا رێککەوتن لەسەر رێوشوێنەکانی تایبەت بەو گەشتیارانەی لە چینەوە دێن
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا، پێویستە لەمەودوا تەواوی ئەو گەشتیارانەی لە ئەورووپاوە دەچنە چین یان لە چینەوە دێنە ئەورووپا، دەمامک بەکاربهێنن، بەڵام پشکنینی کۆرۆنا لەسەر گەشتیاران پێویست نەکراوە.

Brussels Hoofdstedelijk Gewest
بڕۆکسل - AA
وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا و ئەو وڵاتانەی شنگن کە ئەندامی یەکێتییەکە نین، لەسەر گرتنەبەری رێوشوێنی تایبەت بەرامبەر زیادبوونی حاڵەتەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا لە چین، گەیشتنە رێککەوتن.
بەرپرسانی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان لە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا و ئەو وڵاتانەی شنگن کە ئەندامی یەکێتییەکە نین لە بڕۆکسل پایتەختی بەلجیکا بۆ تاوتوێکردنی رێوشوێنەکانی دژبە زیادبوونی حاڵەتەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا لە چین، کۆبوونەوە.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئەوە خراوەتەڕوو کە پێویستە لەمەودوا تەواوی ئەو گەشتیارانەی لە ئەورووپاوە دەچنە چین یان لە چینەوە دێنە ئەورووپا، دەمامک بەکاربهێنن.
بەڵام بەگوێرەی بڕیارەکانی ناو کۆبوونەوەکە، ئەنجامدانی پشکنینی کۆرۆنا لەسەر گەشتیاران پێویست نەکراوە.
وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا "بەتەواوی ستایشی" داواکردنی ئەنجامی پشکنینی کۆرۆنای ٤٨ کاتژمێر پێش گەشتکردنی ئەو گەشتیارانە دەکەن کە لە چینەوە دێنە ئەورووپا.
هەروەها وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا لەسەر پشکنینی ئاوەڕۆی ئەو فڕۆکانەی لە چینەوە دێن، پشکنینی هەڕەمەکی گەشتیارەکان و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست لە کاتی بینینی هەر حاڵەتێکی تووشبوون بە کۆرۆنا، رێککەوتن.
بڕیاریشە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا لە ناوەڕاستی مانگی کانوونی دووەمدا، دووبارە هەڵسەنگاندن بۆ رەوشەکە بکەنەوە.
دوای ئەوەی چین لە سەرەتای مانگی رابردوودا، رێوشوێنەکانی خۆپارێزیی لە پەتای کۆرۆنا کەم کردەوە، ژمارەی تووشبووانی پەتاکە لەو وڵاتە زیادیان کرد و زۆرێک لە وڵاتانی جیهان بۆ رێگریکردن لە دووبارە تەشەنەسەندنی پەتاکە، رێوشوێنیان بەرامبەر ئەو گەشتیارانە گرتەبەر کە لە چینەوە سەردانیان دەکەن.
ژمارەیەک وڵاتی یەکێتیی ئەورووپا وەک ئیتاڵیا، ئیسپانیا و فەڕەنسا، هاوشێوەی ئەمریکا، هیندستان، ژاپۆن، مالیزیا، بەریتانیا، ئوسترالیا و کەنەدا، بڕیاری ئەنجامدانی پشکنین و چاودێریکردنی باری تەندروستیی ئەو گەشتیارانەیاندا کە لە چینەوە سەردانیان دەکەن.
کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپاش داوای جێبەجێکردنی هەمان ئەو رێوشوێنانەی لە تەواوی یەکێتییەکەدا کرد، بەڵام زۆرینەی وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا، ئەم داوایەیان پەسەند نەکرد.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن