
Beijing
پەکین – AA
لێژنەی تەندروستیی نیشتمانی لە چین رایگەیاند لە ناوچە وشکانییە بەسەریەکەوەکانی چین لە میانی ٢٤ کاتژمێر رابردوودا، چوار هەزار و ١٠ حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆنا کە نیشانەکانیان دەرکەوتوون و ٢٧ هەزار و ٦٤٦ حاڵەتی دیکە کە نیشانەکانیان دەرنەکەوتوون تۆمار کراون و تووشبوویەکی ڤایرۆسی کۆرۆنایش گیانی لەدەستداوە.
بەم جۆرە ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا لە رۆژێکدا، گەیشتە بەرزترین ئاست کە لە کۆتایی ٢٠١٩ ەوە تاکوو ئێستا لەو وڵاتە تۆمار کرابێت.
هەرچەند بۆ دوا جار حاڵەتەکانی تووشبوون بەو ڤایرۆسە کە نیشانەکانی تیادا دەرکەوتبن لە مانگە سەرەتاییەکانی ٢٠٢٠ نزیک ببوونەوە لە چوار هەزار، بەڵام نەگەیشتبوونە ئەم رێژەیە. بۆ یەکەمجاریشە تێکڕای حاڵەتەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا ٣٠ هەزار تێبپەڕێنێت.
لایەنە تەندروستییەکانی چین رێگە نادەن ئەو کەسانەی پشکنینەکانیان پۆزەتیڤ دەرچوون، بەڵام نیشانەکانی پەتاکەیان لێ بەدەر نەکەوتوون تێکەڵی خەڵک ببن.
مەزەندەی ئەوە دەکرێت دوا شەپۆلی کۆرۆنا لە پاییزدا، جۆری BA.5.2 ی ئۆمیکرۆن بێت کە ئەگەری بڵاوبوونەوەی بەرزە.
لایەنە پەیوەندیدارەکانی چین هەوڵەکانیان چڕ کردوونەتەوە بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەی زیاتری ڤایرۆسەکە و لەو میانەیەدا کەرەنتینەی بەشەکیی لە هەشت ناوچەی ژینگژۆ کە ناوەندی ویلایەتی هێنانە راگەیەندراوە.
تا دێت حاڵەتەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا لە پەکینی پایتەختیش بەرز دەبێتەوە و لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٥٠٠ حاڵەت کە نیشانەکانی دەرکەوتوون و هەزار و ١٣٩ حاڵەتیش کە نیشانەکانیان دەرنەکەوتوون لە پەکین تۆمارکراون لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتووانی شارەکە نزیکەی ٢٢ ملیۆن کەسە.
بەهۆی راگەیاندنی کەرەنتینەی بەشەکی، خامۆشی باڵی بەسەر ژمارەیەکی زۆر لە ناوچەکانی ئەم شارەدا کێشاوە.