ئیمانوێل ماکرۆن: "نابێت چارەنووسی ئایندەی ئەورووپا لە واشنتۆن یان مۆسکۆ دیاری بکرێت"

Ankara
ئەنقەرە ــ AA
سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن ڕایگەیاند کە دەبێت چارەنووسی ئایندەی کیشوەری ئەورووپا لەناو کیشوەرکە دیاری بکرێت، نەک لە واشنتۆن یان مۆسکۆ.
ئیمانوێل ماکرۆن لە گوتارێکی تەلەڤیزیۆنییدا کە ئاراستەی گەلی فەڕەنسای کرد، باسی لە جەنگی ئۆکراینا و کاریگەری جەنگەکە لەسەر ئەورووپا کرد.
سەرکۆماری فەڕەنسا، جەختی کردەوە لە گرنگی سەربەخۆیی لە بوارەکانی بەرگریی و ئاسایشدا لە کاتێکدا ئەمریکا و ڕووسیا پەیوەندییەکان لەسەر ئاشتی لە ئۆکرانیا پتەوکردەوە و لە بەرامبەردا وڵاتانی ئەوروپا ترسیان لەوەی ھەیە کە لە دەرەوەی مێزی گفتوگۆکان، بمێننەوە.
ئاماژەی بەوەشدا کە پێشھاتەکانی جیۆسیاسی لە جیھانیدا، وای کردووە ئاسایش و خۆشگوزەرانی زیاتر نادیار بێت، ھەروەھا ئەو ڕووداوە مێژووییانەی کە لە ئێستادا ڕوودەدەن، بوونەتە مایەی نیگەرانی بۆ ھەمووان.
سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن ڕاشیگەیاند کە دەبێت چارەنووسی ئایندەی کیشوەری ئەورووپا لەناو کیشوەرکە دیاری بکرێت، نەک لە واشنتۆن یان مۆسکۆ.
ئەوەشی وەبیرھێنایەوە کە ھەر لە سەرەتای سەرھەڵدانی جەنگی ئۆکراینا، ئەورووپا بەردەوامبوو لە پاڵپشتیکردنی ئۆکراینا و سەپاندنی سزا بەسەر ڕووسیادا و گوتی: "ھەڕەشەی ڕووسیا کاریگەری لەسەر وڵاتانی ئەورووپا ھەیە، لەنێویاندا فەڕەنسا، ھەروەھا مۆسکۆ جەنگی ئۆکراینای کردووە بە ململانێیەکی جیھانی".
ئاماژەی بەوەشدا: "جارێکی دیکە جەنگی ئۆکراینا، بوونی ھەڕەشەی ڕووسیا بۆ سەر ئاسایشی ئەورووپا دووپات کردەوە، جگە لەوەش مۆسکۆ بەردەوامە لە ئەنجامدانی ھێرشی ئەلیکترۆنی و ھەوڵدەدات بە بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، کاریگەری لەسەر ڕای گشتیی دروست بکات".
گوتیشی: "ڕێگای ئاشتی ئەگەر بە ئۆکراینا تێناپەڕێت، ئەوا بەدی نایەت، ھەروەھا ئاشتی مانای خۆبەدەستەوەدان یان ڕووخانی ئۆکراینا نییە".