بەدرێژایی دوێنێ شەو لە سنووری لوبنان-سووریا تۆپ و مووشەک بارانکردنی یەکتر بەردەوام بوو
سوپای لوبنان: "پەیوەندی نێوان بەرپرسانی سوپای لوبنان و بەرپرسانی سووریا بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی و پاراستنی سەقامگیریی لە ناوچەی سنوور درێژەی هەیە".

Beyrut
بەیروت - AA
گرژییەکانی سنووری لوبنان-سووریا کە دوای کوژرانی سێ سەربازی سووری لەسەر سنوور سەریانهەڵدا، بە درێژایی دوێنێ شەو بە تۆپ و مووشەک بارانکردنی یەکتری بەردەوام بوو.
لەو هەواڵانەی لە میدیای لوبناندا بڵاوکراوەنەتەوە، باس لەوە دەکرێت سوپای سووریا لە پاش کوژرانی سێ سەربازی لەسەر سنوور، دەستی کردووە بە تۆپ و مووشەک بارانکردنی سنووری ڕۆژهەڵاتی لوبنان.
لە هەواڵەکاندا باس لەوە کراوە کە شەڕ و پێکدادانەکان هەتا بەرەبەیان بەردەوام بوون و، خەڵکی ناوچە سنوورییەکان کە نیگەرانن لە توندبوونی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان سوپای سووریا و حزبوڵڵا، ماڵ و حاڵیان جێهێشتووە و ئاوارە بوون.
سوپای لوبنان لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد دوو سەربازی سووری لە ناحیەی ئەلقەسری نزیک سنوور کوژراون و، سەربازێکی دیکەش برینداربووە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە سەربازە بریندارکەش لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە و، تەرمی هەر سێ سەربازەکەیان ڕادەستی بەرپرسانی سووریا کردووەتەوە و، بەو هۆیەوە وەک سوپای لوبنان ڕێوشوێنی ئەمنییان گرتووەتەبەر و هەتا کاتەکانی درەنگانی شەو گفتوگۆی چڕ ئەنجامدراوە.
هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە دواتر لە سووریاوە بۆردومانی ناوچەکانی سنووری لوبنان کراوە و یەکە سەربازییەکانیش بەرپەرچیان داوەتەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە کە: "پەیوەندی نێوان بەرپرسانی سوپای لوبنان و بەرپرسانی سووریا بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و پاراستنی سەقامگیریی لە ناوچەی سنوور درێژەی هەیە''.
ئاژانسی هەواڵی فەڕمی سووریا SANA، لە هەواڵێکیدا کە بە پشت بەستن بە نووسینگەی میدیایی وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکە بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە ئەندامانی حزبوڵڵا سێ سەربازی سوپای سووریایان خستووەتە کەمینێکەوە و ڕفاندوویانن بۆ سووریا.
لە هەواڵەکەدا باس لەوە کراوە کە ئەندامانی حزبوڵڵا ئەو سێ سەربازە سوورییەی ڕفاندوویانن بۆ لوبنان، لەسێدارەیان داون.
لەم نێوەندەدا، حزبوڵڵا لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە هیچ پەیوەندی بەو ڕووداوانەوە نییە کە لە سنووری لوبنان-سووریا ڕوویانداوە.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن