بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی دەستی لەکارکێشایەوە
بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگای سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا و بەھۆی بەردەوامی مانگرتن و خۆپیشاندانی مامۆستایان و نیگەرانی لە ھەڵوێستی لایەنە سیاسییەکان بەرامبەر دۆخی پەروەردە لە سنورەکەدا، دەست لەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند.

As Sulaymaniyah
سلێمانی AA
بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پارێزگای سلێمانی، دڵشاد عومەر کە لەسەر پکشی بزووتنەوەی گۆڕان و دوای پێکھێنانی ئیدارەی خۆجێی پارێزگاکە ئەو پۆستەی وەرگرتووە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە فەڕمی دەست لەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند.
ئەو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ھۆکاری دەست لەکارکێشانەوەی بۆ بەردەوامی بایکۆت و خۆپیشاندانی مامۆستایان گەڕاندەوە و نیگەرانی خۆشی لە ھەڵوێستی لایەنە سیاسییەکان بە حزبەکەی خۆشیەوە نیشاندا لەوەی بەشێوەیەکی جیاواز مامەڵەیان کردووە.
دڵشاد عومەر گوتی: "حکومەت بە کەمکردنەوەی مووچە ئەم دۆخەی سەپاند و بەبێ ئەوەی ھۆکاربم خەریکە تۆمەتبار دەکرێم ، نەبوونی یەکھەڵوێستی و کێشمەکێشی حزبی ھۆکارێکە بۆ دەستلەکارکێشانەوەم و ھەندێک پەرلەمانتار و بەرپرسانی حزبی دۆخەکەیان قۆستووەتەوە و بۆ پەکخستنی پەروەردە ئەسپی خۆیان تاو دەدەن ".
ئەو نیگەرانی خۆی نیشاندا لەو ھێرش و نووسینانەی لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەکرایە سەریان و ئەوەشی گوت: "ناکرێت من بەڕێوەبەری پەروەردەیەک بم کۆمەڵێک کەسی تێدایە پیشەیان درۆ و بوھتانە".
پێشتر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگاری سلێمانی چەند جارێک رەخنەی ئاراستەی لایەنە سیاسییەکانی سلێمانی گرتووە بەوەی لەلایەک پشتیوانی دەستپێکردنەوەی دەوام و کۆتایی ھێنان بە بایکۆتی مامۆستایان دەکەن و لەلایەکی دیکەش پشتیوانی خۆپیشاندانی مامۆستایان دەکەن و کادرەکانیان سەرپەرشتی خۆپیشاندان و مانگرتنی مامۆستایان دەکەن، بەوەش شەرمەندەییان بۆ ئەو دروست کردووە.
ماوەی زیاتر لە دوو مانگە مامۆستایانی سنوری پارێزگای سلێمانی بەھۆی دواکەوتنی مووچە و سیستمی پاشەکەوتی مووچەوە بەردەوامن لە بایکۆتکردنی دوەام و خۆپیشاندان، تائێستاش چەند جارێک لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگای پارێزگاکە خۆپیشاندانی بەرفراوانیان رێکخستووە و نیگەرانی خۆیان بەرامبەر بەڕێوەبەری پەروەردە نیشانداوە.
لە سنوری پەروەردەی پارێزگای سلێمانی نزیکەی ٤٨ ھەزار مامۆستا و ٧٥٠ ھەزار قوتابی ھەیە.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن