ترەمپ ڕایگەیاند زێلێنسکی ئامادەیە ڕێککەوتنی کانزا دەگمەنەکان واژوو بکات

Washington DC
واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمڕۆ نامەیەکی لە سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکیەوە پێگەیشتووە و ڕایگەیاند: "ئۆکراینا ئامادەیە لە پێناو ئاشتیی درێژخایەندا لە کورترین ماوەدا لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشێت و لەگەڵ ئەمریکادا ڕێککەوتننامەی کانزا دەگمەنەکان واژوو بکات".
لە کاتێکدا سەرۆکی ئەمریکا ترەمپ لە دانیشتنی هاوبەشی کۆنگرێسدا گوتاری پێشکەش بە گەلی ئەمریکا دەکرد، لە بەشی سیاسەتی دەرەکی گوتارەکەیدا باسی لە جەنگی ڕووسیا-ئۆکراینا کرد.
ترەمپ بە پێویستی زانی ئیدی کۆتایی بە جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا بێت و، ئاماژەی بەوە کرد کە زۆر خوازیاری کۆتاییهاتنە بەم جەنگە و، لەگەڵ هەردوو لایەندا بەردەوامن لە گفتوگۆ.
دۆناڵد ترەمپ باسی لەوە کرد کە ئەمڕۆ نامەیەکی لە سەرۆکی ئۆکراینا زێلێنسکیەوە پێگەیشتووە و ڕایگەیاند: "لە نامەکەدا ئەمانە هەیە؛ ئۆکراینا ئامادەیە لە پێناو ئاشتیی درێژخایەندا لە کورترین ماوەدا لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشێت. هیچ کەسێک زیاد لە ئۆکراینییەکان خوازیاری ئاشتیی نیین. من و تیمەکەم ئامادەین لە ژێر ڕێبەرایەتی بەهێزی سەرۆک ترەمپدا لە پێناو ئاشتیی درێژخایەن کار بکەین".
لە درێژەی خوێندنەوەی نامەکەی زێلێنسکیدا، ترەمپ باسی لەوە کرد کە ئۆکراینا ئامادەی واژووکردنی ڕێککەوتننامەی کانزا دەگمەنەکانە و ڕایگەیاند: "کاتێک دێینە سەر ڕێککەوتنی پەیوەست بە کانزاکان و ئاسایش، ئۆکراینا لە هەرکاتێکدا بۆ ئێوە گونجا بێت ئامادەی واژووکردنی ئەم ڕێککەوتننامەیەیە".
ترەمپ سوپاسی زێلێنسکی کرد بۆ ئەو نامەیە و، باسی لەوە کرد کە هاوکات لەگەڵ ڕووسیادا درێژە بە گفتوگۆکان دەدەن و، پێموایە ڕووسەکانیش ئامادەی دانیشتنن لە پێناو ڕێککەوتنی ئاشتییدا.
ڕۆژی هەیینی ڕابردوو سەرۆکی ئەمریکا ترەمپ و سەرۆکی ئۆکراینا زێلێنسکی، لە کۆبوونەوەی ئۆفیسی ئۆڤاڵ لە بەردەم کامێراکاندا بووە دەمەقالێیان، بەو هۆیەوە ئەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانیيە هاوبەشەی بڕیاربوو ئەنجامبدرێت، هەڵوەشێندرایەوە. لەبەرئەوە زێلێنسکی بە تەنیا کۆشکی سپی جێهێشت و ڕێککەتننامە لەسەر کانزا دەگمەنەکان نەکرا.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە زێلێنسکی بێڕێزی بە گەلی ئەمریکا کردووە، زێلێنسکیش ئاماژەی بەوە کرد کە شتێکی هەڵەی نەکردووە هەتا داوای لێبووردن بکات.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن