
İngiltere
لەندەن – AA
سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا، لیز تراس لە کابینەیەکەیدا گرنگی بە "فرەیی پێکهاتەی نەتەوەیی" داوە و پۆستە هەرە گرنگەکانی وەک وەزیری دارایی، دەرەوە و ناوخۆی بەو کەسانە داوە کە بە رەچەڵەک لە نەتەوەی جیاوازن.
تراس کە دوای دەستلەکارکێشانەوەی بۆریس جۆنسۆن لە پێنجی ئەیلوول بووە سەرۆکی نوێی پارتی پارێزگارانی دەسەڵاتدار، دوای ئەوەی دوێنێ لەلایەن شاژنی بەریتانیا، ئەلیزابێتی دووەم راسپێردرا بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی بەریتانیا، کابینەکەی پێک هێنا.
لیز تراس کە سێیەم سەرۆکوەزیرانی ژنە لە مێژووی بەریتانیا گرنگی بە "فرەیی پێکهاتەی نەتەوەیی" داوە و پۆستە هەرە هەستیارەکانی بە کەسانی "نا سپیپێست" داوە.
- کواسی کوارتەنگ-ی بە رەچەڵەک گانایی کراوەتە وەزیری دارایی
لە کابینەی نوێی حکوومەتی بەریتانیادا، کواسی کوارتەنگ کە خانەوادەکەی لە شەستەکانی سەدەی رابردوو لە گاناوە کۆچی کردووە بۆ بەریتانیا، کراوەتە وەزیری دارایی.
کوارتەنگ کە باوکی ئابووریناس و دایکی پارێزەرە لە ١٩٧٥ لە واڵتام فۆرسێت لە رۆژهەڵاتی لەندەن لەدایک بووە و واتای ناوەکەیشی بە زمانی گانایی بە واتای "رۆژی یەکشەممە لەدایک بووە" دێت.
کوارتەنگ لە قوتابخانەی ئیتۆن و لە بەشی مێژوو و کلاسیک لە کۆلێژی ترینتی لە کامبریج خوێندوویەتی و دواتر بە شێوەی سکۆڵارشیپ لە زانکۆی هارڤارد خوێندوویەتی و لە ٢٠٠٠یش بڕوانامەی دکتۆرای لە ئابووری بەدەست هێناوە لە زانکۆی کامبریج.
کواسی کوارتەنگ بەرلەوەی ببێت بە پەرلەمانتار وەک راڤەکاری خزمەتگوزاری ئابووریی کاری کردووە و هەمیشە گرنگی بە سیاسەت داوە. لە ٢٠١٠یش لەسەر لیستی پارتی پارێزگاران هەڵبژێردراوە و بووە بە پەرلەمانتار.
کواسی کوارتەنگ کە چەندین پلە و پۆستی حکوومی پێ دراوە، دواهەمین پۆستی وەزیری ستراتیجییەتی پیشەسازی، وزە و کار بووە لە کابینەکەی بۆریس جۆنسۆن.
ناوبراو کە گرنگی بە مێژوو، هونەری میوزیک و زمان دەدات، ژمارەیەک کتێبیشی نووسیووە.
- جەیمس کڵێڤەرڵی کە بە رەچەڵەک سیەرالیۆنی-یە کراوەتە وەزیری دەرەوە
جەیمس کڵێڤەرڵی کە دایکی لە سیەرالیۆنەوە چووەتە بەریتانیا و باوکی ئینگلیزە لە ١٩٦٩ لە بەریتانیا لەدایک بووە.
کڵێڤەرڵی کە زۆربەی قۆناغی منداڵی لەگەڵ خانەوادەی چێڵمسفۆرددا بەسەر بردووە، دواتر قوتابخانەی جێ هێشتووە و بەردەوامی بە نەریتی خانەوادەکەیان داوە و چووەتە ریزەکانی سوپا.
کڵێڤەرڵی کە بەهۆی برینداربوونییەوە واز لە سوپا دەهێنێت، دواتر دەگەڕێتەوە بۆ خوێندن و بڕوانامەی کار بەدەست دەهێنێت و دواتر بەشداری دەکات لە سوپای خۆبەخشان.
کڵێڤەرڵی بەر لەوەی کۆمپانیای خۆی دابمەزرێنێت لە گۆڤار و پەخشی دیجیتاڵیدا کاری کردووە.
کلێڤەرلی لە ساڵی ٢٠١٥دا لە ناوچەی برەین تری، وەک نوێنەری پارتی پارێزگاران، چووە پەرلەمان و لە حەوتی تەمووزیشەوە تا دوێنێ کە وەک وەزیری دەرەوەی حکوومەتەکەی بۆریس جۆنسۆن دیاریی کرا، پۆستی وەزیری پەروەردەی هەبوو.
ناوبراو، پێشتریش پۆستی وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری ئەورووپا و ئەمریکای باکووری هەبوو.
- جارێکی دیکەش خانمێکی بە رەچەڵەک هیندی بووە وەزیری ناوخۆ
سوێلا برێڤەرمان-ی تەمەن ٤٢ ساڵ لە باکووری لەندەن لە دایک و باوکێکی بە رەچەڵەک هیندی لەدایک بووە.
باوکی، ساڵی ١٩٦٨ بۆ هەڵاتن لە ئاڵۆزییەکانی کینیا، بۆ بەریتانیا کۆچی کردووە.
دایکیشی دواتر بۆ بەریتانیا کۆچی کردووە و بۆ ماوەی ٤٥ ساڵ لە سیستمی تەندروستی نیشتمانیی بەریتانیا پەرستار بووە.
سوێلا برێڤەرمان لە زانکۆی کامبریج، بەشی یاسای خوێندوە و دوای ئەویش لە پاریس ماستەری لە یاسای ئەورووپا و فەڕەنسادا بەدەست هێناوە.
برێڤەرمان لە ساڵی ٢٠١٥دا لە شاری فارهام وەک نوێنەری پارتی پارێزگاران چووەتە پەرلەمان.
سوێلا برێڤەرمان لە کابینەکانی پێشوودا، چەندین پۆستی جیاوازی هەبووە و کۆتا جاریش دوێنێ لە کابینەکەی لیز تراس-دا وەک وەزیری ناوخۆ دیاریی کرا.
برێڤەرمان لە ١٣ی شوباتی ٢٠٢٠ەوە تا وەرگرتنی پۆستی وەزیری ناوخۆ، وەک سەرۆکی داواکاری گشتیی بەریتانیا کاری کردووە.
- نازم زەهاوی وەک وەزیری پەیوەندیی نێوان حکوومەتەکان و یەکسانی دیاریی کرا
نازم زەهاوی کە لە ساڵی ١٩٦٧ لە شاری بەغدا لەدایک بووە و بە رەچەڵەک کوردە، دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی سەدام حوسێن لەگەڵ خێزانەکەی عێراقیان بەجێهێشتووە و روویان لە بەریتانیا کردووە.
زەهاوی لە شاری لەندەن ئەندازیاریی کیمیایی خوێندوە و دواتر لە کۆمپانیایەکدا دەستبەرکاربووە کە خۆی دایمەزراندووە، ژیانی سیاسی ناوبراو لە ساڵی ٢٠١٠دا دەستی پێ کرد کاتێک وەک پەرلەمانتاری پارتی پارێزگاران، هەڵبژێردرا.
نازم زەهاوی لە کابینەکەی لیز تراس-دا، پۆستی وەزیری پەیوەندیی نێوان حکوومەتەکان و یەکسانی پێدرا.
ناوبراو پێشتر وەک وەزیری بەرپرس لە وەرگرتنی ڤاکسین، وەزیری تەندروستی، وەزیری پەروەردە و وەزیری دارایی کاری کردووە.
لە لایەکی دیکەشەوە، کێمی بادێنۆک کە لە کانوونی دووەمی ١٩٨٠دا لە لەندەن لەدایکبووە و بە رەچەلەك نێجیریاییە کرایە وەزیری نوێی بازرگانی نێودەوڵەتیی بەریتانیا.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن