جيهان

نێچیرڤان بارزانی بەبۆنەی کۆچی دوایی پاپای ڤاتیکان پەیامێکی بڵاوکردەوە

سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی: "ھاوئازاری لەدەستدانی ئەم کەسایەتییە مێژووییە گەورەیەین کە ژیانی خۆی بۆ خزمەتی مرۆڤ و بەرگری لە شکۆی مرۆیی و بڵاوکردنەوەی پەیامی خۆشەویستی و پێکەوەژیان تەرخان کردبوو".

Heman Hussein Yaseen  | 21.04.2025 - نوێکردنەوە : 21.04.2025
نێچیرڤان بارزانی بەبۆنەی کۆچی دوایی پاپای ڤاتیکان پەیامێکی بڵاوکردەوە

Arbil

هەولێر - AA

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان-عێراق، نێچیرڤان بارزانی بەبۆنەی کۆچی دوایی پاپای ڤاتیکان، پەیامێکی سەرەخۆشی بڵاوکردەوە.

لە پەیامەکەی سەرۆکی ھەرێم دا ھاتووە: "بە خەمێکی زۆر و دڵتەنگییەکی قووڵەوە، ھەواڵی کۆچی دوایی قەداسەتی پاپای ڤاتیکان، پاپا فرەنسیسم بیست کە سیمبولێکی ئاشتی و دادپەروەری و نزیکبوونەوەی نێوان گەلان و ئایینەکان و نموونەیەکی خاکەڕایی و ڕۆحانییەت و بەزەیی بوو".

نێچیرڤان بارزانی بەناوی ھەرێمەوە سەرەخۆشی و ھاوخەمیی قووڵی پێشکەش بە جیھانی مەسیحی و تەواوی مرۆڤایەتی کردووە و لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەشدا هاتووە: "ھاوئازاری لەدەستدانی ئەم کەسایەتییە مێژووییە گەورەیەین کە ژیانی خۆی بۆ خزمەتی مرۆڤ و بەرگری لە شکۆی مرۆیی و بڵاوکردنەوەی پەیامی خۆشەویستی و پێکەوەژیان تەرخان کردبوو".

سەرۆکی هەرێم ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە، لە ھەرێمی کوردستان، کە فرەیی و لێبوردەیی و پێکەوەژیان بنەمای کۆمەڵگەکەمان پێکدێنن، میراتی مرۆیی و ڕۆحیی پاپا فرەنسیس بەرز دەنرخێنین و نزا دەکەین و لە خوای مەزن داواکارین گیانی بە بەزەیی و میھرەبانیی خۆی شاد بکات و ئارامی و دڵنەوایی بە ھەمووان ببەخشێت.

سەرۆکی ھەرێم ئاماژەی بە سەردانەکەی پاپا فڕانسیس کردووە کە ساڵی ٢٠٢١ بۆ ھەرێم ئەنجامی دا و جەختی لەوە کردووەتەوە کە یاد و پەیامەکەی ھەمیشە بە چرای ھیوا و ئاشتی بۆ مرۆڤایەتی دەمێنێتەوە، بۆ ئێمەش یادی سەردانەکەیان بۆ ھەمیشە زیندووە و جێی شانازیمان دەبێت.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن