جيهان, ژيان

هەولێر.. خێزانێک خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکان کاندید دەکەن

- کاندید بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران، زانا شێروانی: "لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٣ ی پەرلەمانی کوردستان، ٣٠ هەزار دەنگم هێنابوو، بەڵام دواتر پێیان راگەیاندم کە تەنها ٣٠ دەنگم هێناوە و بەم هۆیەشەوە نەمتوانی کورسی پەرلەمان بەدەستبهێنم".

Hemin Hüseyin  | 19.04.2018 - نوێکردنەوە : 21.04.2018
هەولێر.. خێزانێک خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکان کاندید دەکەن

Arbil

هەولێر-AA

لە هەولێر پێنج کەسی سەر بە خێزانێک خۆیان بۆ خولی ئەمجارەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستێکی عەرەبی کاندید کردووە و وەک خۆیان دەڵێن، ئەم کارەیان رووبەڕووی هەندێک بەربەستیان دەکاتەوە و رایدەگەیەنن کە هیچ شتێک سڵیان ناکاتەوە و بەردەوام دەبن و، پێشبینی ئەوەش دەکەن کە هەموویان دەنگی پێویست بەدەستبهێنن و بڕۆنە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.

لە ژوورێکدا، خەریکی راوێژکردن بوون لەبارەی دەستنیشانکردنی گوتەبێژێک بۆ لیستی خێزانەکەیان، بەڵام بۆچوونە جیاوازەکان نەیتوانی بیانگەیەنێتە خاڵێکی هاوبەش.

زانا شێروانی خەڵکی شاری هەولێرە و هەڵگری رەگەزنامەی بەریتانیایە و لە هەڵبژاردنەکانی خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان لەسەر لیستێکی سەربەخۆ خۆی تاقیکردووەتەوە و دەنگی پێویستی بەدەست نەهێناوە، ئەمجارەیان لەگەڵ دوو برا و خوشکێک و براژنێکی، خۆیان لەسەر لیستێکی عەرەبی بەناوی لیستی رەوتی نیشتمانی عەشایری لە عێراق کاندید کردووە و، وەک خۆیان دەڵێن ئەوان لە داهاتوودا دەیانەوێت لە سێکتەرە جیاوازەکان کار بکەن بۆ ئایندەی وڵات.

زانا شێروانی تەمەن ٣٧ ساڵ کە هەڵگری بڕوانامەیە لە بواری سینەمادا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەساڵی ٢٠١٣ خۆم کاندید کرد و بە شێوەیەکی سەربەخۆ و ئەمجارەش پێنج کەس خۆمان کاندید کردووە و هۆکارەکەش ئەوەیە کە ئێمە سێ برا خۆمان کاندید کرد و پێویست بوو رێژەی بەشداربووی ئافرەت لە لیستەکەدا هەبێت و بەم هۆیەوەش خوشکم و براژنەکەم خۆیان کاندید کردووە".

لەبارەی بەدەستهێنانی دەنگەکان لە خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، زانا شێروانی گوتی: "لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٣ی پەرلەمانی کوردستان، ٣٠ هەزار دەنگم هێنابوو، بەڵام دواتر پێیان راگەیاندم کە تەنها ٣٠ دەنگم هێناوە و بەم هۆیەشەوە نەمتوانی کورسی پەرلەمان بەدەستبهێنم".

زانا شێروانی ئاماژە بەوە دەکات کە لەم ماوەیەدا بەهۆی ئەوەی پێنج کەس لە خێزانێک خۆیان کاندید کردووە، رووبەڕووی شتی جۆراوجۆر دەبنەوە و وەک خۆی دەڵێت کە هەندێک خەڵک بە گاڵتەوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن و هەندێکیش رێز لە کارەکەیان دەگرێت.

زانا شێروانی گوتی: "دەمانەوێت بگەینە دەسەڵات و گۆڕانکاری لە سیستەمی حکومڕانیدا بکەین".

ئەو خێزانە بەهۆی خراپی باری داراییان، هیچ پڕوپاگەندە و پۆستەرێکیان هەڵنەواسیووە تەنها لە رێگای پەیوەندییەکانی خۆیانەوە هەوڵی بەدەستهێنانی دەنگی پێویست دەدەن.

یەکێکی دیکە لە کاندیدەکانی ئەم خێزانە، بەناوی فازڵ کەریم عەزیز، تەمەن ٣٩ ساڵ بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "من پێشووتریش لە رێگای رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی هەوڵی بە دیموکراتیزەکردنی خێزانم داوە و هەوڵم داوە کۆمەڵگایەکی مەدەنی دروست بێت بۆیە لە ئایندەشدا کار لەسەر ئەوە دەکەم".

کوڕێکی دیکەی ئەو خێزانە بەناوی دانا عەزیز کەریم کە ئەندازیاری بواری تەکنەلۆجیایە و کاندیدی لیستەکەیە گوتی: "هەر کاندیدێک بیرۆکە و پڕۆژەی خۆی هەیە و منیش کار لەسەر ئەوە دەکەم کە سیستەمی ئەلیکترۆنی دروست بێت کە ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی رۆتین لە فەرمانگەکانی حکوومەت".

کچێکی ئەو خێزانە، لەسەرەتای چاوپێکەوتنەکەدا، ئاماژەی بەوەکرد کە خەڵک گلەیی دەکەن بەهۆی خۆکاندیدکردنیان لەسەر لیستێکی عەرەبی، بەڵام ئەم پێی وایە کە نابێت جیاوازی نەتەوەیی هەبێت.

مژدە کەریم عەزیز بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە هەریەکەوە دەتوانین بە بیرۆکەی جیاواز بگەینە ئامانجێک و ئەمەش کارێکی ئاسان نییە و پڕۆسەیەکی گرنگە بۆیە هەوڵدانی پێویستە، لەم چوارچێوەیەشدا دەبێت بگەیەنە ناو ئەنجوومەنی نوێنەران و لەوێ ئەوەی پێویستی کرد و پلانی بۆ دابنێین".

بڕیارە لە ١٢ی ئایاری داهاتوو، پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت کە لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ٥٠٠ کاندید، کێبڕکێ لەسەر ٤٦ کورسی دەکەن و لەم چوارچێوەیەشدا زیاتر لە سێ ملیۆن دەنگدەر مافی دەنگدانیان ھەیە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن