وەزیری ئابووریی نیشتمانیی فەڵەستین: "تورکیا فەڵەستینی خستووەتە دەرەوەی قەدەغەکردنی مامەڵەی بازرگانیی دژبە ئیسرائیل"
وەزیری ئابووریی نیشتمانیی فەڵەستین، محەمەد عامور: "پیشتر داوامان لە حکوومەتی تورکیا کردبوو کە فەڵەستین لە بڕیارە تایبەتەکەی سەبارەت بە قەدەغەکردنی مامەڵەی بازرگانیی لەگەڵ ئیسرائیل دوور بخاتەوە".
Istanbul
ئیستانبوڵ ــ AA
وەزیری ئابووریی نیشتمانیی فەڵەستین، محەمەد عامور ڕایگەیاند، بڕیارەکەی تورکیا لەبارەی قەدەغەکردنی ھەناردەکردن بۆ ئیسرائیل، بووەتە مایەی بەرزبوونەوەی ئاستی ھەناردکردنی تورکیا بۆ فەڵەستین، چونکە پێشتر بەشێک لە ھەناردەکردنی تورکیا بۆ فەڵەستین لە ڕێگای بازرگانانی ئیسرائیلەوە دەکرا، بەڵام دوای بڕیاری قەدەغەکردنەکە، لە ڕێگای بازرگانانی فەڵەستینیەوە کەلوپەل لە تورکیاوە بۆ فەڵەستین ھاوردە دەکرێت و ئاماژەی بەوەشدا: "تورکیا لەسەر داوای ئێمە فەڵەستینی خستووەتە دەرەوەی قەدەغەکردنی مامەڵەی بازرگانیی دژبە ئیسرائیل".
محەمەد عامور لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو سوپاس و پێزانینی بۆ حکوومەت، گەلی تورکیا و سەرکۆمار ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەربڕی لەھەمبەر پاڵپشتیکردنیان لە گەلی فەڵەستین، بەتایبەتیش لە دوایین قۆناغدا کە فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەززە و کەناری ڕۆژئاوا ڕووبەڕووی شەڕی دڕندانە و تاوانکاریی بوونەتەوە و گوتی: ھەڵوێست و پاڵپشتی برایانەی تورکیا کاریگەریی ئەرێنی لەسەر گەلی فەڵەستین ھەبووە، ھەروەھا کاریگەرییەکی گەورەی ھەبووە لەسەر کەمکردنەوەی ئەوشەڕەی کە دژبە گەلەکەمان بەردەوامە".
ھەروەھا وەزیری ئابووریی نیشتمانیی فەڵەستی ستایشی ئەو ھەوڵانەی کرد کە لەلایەن تورکیاوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی بۆ وەستاندنی شەڕی ئیسرائیل دژبە گەلی فەڵەستین خستوویەتەگەڕ.
محەمەد عامور لە بارەی پەیوەندی بازرگانیی نێوان تورکیا و فەڵەستین، گوتی: "پەیوەندی بازرگانیی نێوان تورکیا و فەڵەستین، پەیوەندییەکی مێژوویی و درێژخایەن و زۆربەی کەلوپەلەکان لە تورکیاوە لە ڕێگای بازرگانانی فەڵەستینەوە یان لە ڕێگەی کۆمپانیاکانەوە ھاوردەی فەڵەستین دەکرێن".
گوتیشی: "بەھۆی واقیعی جوگرافییەوە و لەبەر ئەوەی ھێشتا فەڵەستین لە ژێر داگیرکردندایە، تا ئێستاش ئێمە بەندەرەکانی ئیسرائیل بەکاردەھێنیین".
"تورکیا فەڵەستینی خستووەتە دەرەوەی قەدەغەکردنی مامەڵەی بازرگانیی دژبە ئیسرائیل".
وەزیری ئابووریی نیشتمانیی فەڵەستین، محەمەد عامور ئاماژەی بە گرنگی بڕیارەکەی تورکیا کرد بۆ قەدەغەکردنی مامەڵەی بازرگانیی لەگەڵ ئیسرائیل و ڕایگەیاند کە تورکیا لە ڕیگای ئەو بڕیارەوە، ھەوڵدەدات فشار بخاتە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی شەڕی سەر گەلی فەڵەستین بوەستێنێت.
باسی لەوەش کردووە دوای ئەوەی لە ٢ی ئایاری ڕابردووەوە، تورکیا ھەناردەکردنی بۆ ئیسرائیل قەدەغەکرد، گفتوگۆیان لەسەر ئەو میکانیزمانە کردووە کە بازاڕی فەلەستین لە کەلوپەلی تورکیا بێبەش نبێت، تا گەیشتنە ڕێککەوتن لەسەر میکانیزمێکی دیاریکراوی لەبارەی ڕێکخستنی پەیوەندی بازرگانی نێوان ھەردوو وڵات و گوتی: " تورکیا لەسەر داوای ئێمە فەڵەستینی خستووەتە دەرەوەی قەدەغەکردنی مامەڵەی بازرگانیی دژبە ئیسرائیل".
ڕاشیگەیاند، بەپێی ئەو میکانیزمەی کە لەسەری ڕێککەوتوون، ئەو کەلوپەلانەی تورکیا کە قەدەغەکردنەکە دەیان گرێتەوە، تەنھا ھەناردەی بازاڕی فەڵەستین دەکرێن، ئەوەش لە چوارچێوەی (کۆدێک)دا کە بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی تورکیا، بۆ فەڵەستین دانراوە.
جەختیشی لەوە کردووە کە ھەوڵی زیاتر دەدەن، بۆ ئەوەی کەلوپەلی زیاتر لە تورکیاوە ھەناردەی فەڵەستین بکرێت.
ئاماژەی بەوەشدا کە لە ٨ی حوەزیرانی ڕابردوودا لە میانی دیداری لەگەڵ وەزیری بازرگانی تورکیا، عومەر پۆڵات لەسەر ئەو میکانیزمانە ڕێککەوتوون.
ــ "گەلی فەڵەستین پێویستی بە کەلوپەلی ھاوردەکراوەی تورکیا ھەیە"
وەزیری ئابووریی نیشتمانیی فەڵەستین، محەمەد عامور لەوبارەیەوە ڕایگەیاند: "لە سایەی ئەو شەڕەی کە لە فەڵەستین ڕووبەڕووی بووینەتەوە، پێویستمان بە پاڵپشتی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی ھەیە، بۆ ئەوەی بتوانین پێدوایستییەکانمان لە ڕووی ئابوورییەوە دابین بکەین".
محەمەد عامور گوتیشی: "ئێمە ماوەیەکی زۆرە مامەڵەی بازرگانیی لەگەڵ تورکیادا دەکەن و بۆ دابینکردنی پێدوایستییەکانی گەلەکەمان، پێویستمان بەوەیە کە کەلوپەلە سەرەکییەکان لە تورکیاوە ھاوردە بکەین".
ئاماژەی بەوەشدا: "پێشتر بەر لە ڕاگەیاندنی شەڕ و ڕێوشوێنەکانی تورکیا، بەشێک لە ھەناردەکردنی تورکیا بۆ فەڵەستین لە ڕێگای بازرگانانی ئیسرائیلەوە دەکرا، بەڵام دوای بڕیاری قەدەغەکردنەکە، لە ڕێگای بازرگانانی فەڵەستینیەوە کەلوپەل لە تورکیاوە بۆ فەڵەستین ھاوردە دەکرێت".
باسی لەوەش کرد کە بەم دواییانە، بەشێوەیەکی بەرچاو ئاستی ھەناردەکردن لە تورکیاوە بۆ فەڵەستین بەرزبووەتەوە.
ئاشکراشی کرد لە پەراوێزی ٤٠ھەمین کۆبوونەوەی لیژنەی ھەمیشەیی ھاوکاری ئابووریی و بازرگانیی رێکخراوی ھاریکاری ئیسلامی "İSEDAK" کە لە ئیستانبوڵ بەڕێوەچوو، لەگەڵ وەزیری بازرگانیی تورکیا، عومەر پۆڵات لەسەر زیادکردنی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان تورکیا و فەڵەستین ڕێککەوتوون، بەتایبەتیش لەسەر زیادکردنی ھەناردەکردنی خورما لە فەڵەستین بۆ تورکیا.
ــ "ھەناردەکرنی کەلوپەل لە تورکیا تەنھا دەگاتە بازاڕی فەڵەستین"
محەمەد عامور وەک بەشێک لە قۆناغی نوێی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان فەڵەستین و تورکیا، گوتی: "لە ماوەی ڕابردوودا، بەرلە بڕیارەکەی تورکیا لەبارەی قەدەغەکردنی ھەناردەکردن بۆ ئیسرائیل، کۆدێک تایبەت بە ئیسرائیل ھەبوو کە ٦٢٤ بوو و کۆدێکی دیکەش تایبەت بە فەڵەستین ھەبوو کە ٦٢٥بوو".
گوتیشی: پێشتر بەشێک لە ھاوردەکردنمان لە تورکیا لە ڕێگای کۆدی ئیسرائیلەوە بوو، بەڵام دوای ڕێوشوێنەکانی تورکیا، کۆدی ئیسرائیل وەستێندرا و ئێستا ھەناردەکردن لە تورکیا بۆ فەڵەستین، تەنھا لە ڕێگەی کۆدی فەلەستینیەوە ئەنجام دەدرێت".
ڕاشیگەیاند: "لە وەزارەتەکەمان، زنجیرەیەک ڕێوشوێنمان گرتووەتەبەر، ئەوەش بە ئامانجی ئەوەی ئەو کەلوپەلانەی کە لە تورکیا ھەناردەی فەڵەستین دەکرێن، تەنھا دەگەنە بازاڕی فەڵەستین و لەلایەن ھاووڵاتییانی فەڵستینەوە بەکار دەھێنرێن".
وەزیری ئابووریی نیشتمانیی فەڵەستین، محەمەد عامور ئومێدی خواست کە شەڕی سەر کەرتی غەززە بوەستێندرێت و کەشێکی ئەرێنی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا فەڵەستین برەخسێندرێت و گوتی: "ئێستا لە قۆناغی ئەوەداین کە بە ھاوبەشی لەگەڵ تورکیا، ناوچەیەکی پیشەسازیی تورکیا و فەلەستین دروست بکەین کە ئەوەش ناوچەی پیشەسازی جەنین-ە".
ڕاشیگەیاند کە ھەوڵدەدەن لە قۆناغی داھاتوودا، ئاسۆی ھاریکاریی و ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان تورکیا و فەڵەستین زیاد بکەن و ئاماژەی بەوەدا کە ھەڵدەدەن لە قۆناغی داھاتوودا، دەرفەتی وەبەرھێنان لە فەڵەستین بۆ وەبەھێنەرانی تورکیا بڕەخسێنن.
گوتیشی: "ئەو دەنگۆیانەی کە باس لە بەردەوامی پەیوەندی بازرگانیی نێوان تورکیا و ئیسرائیل دەکەن، تەنھا خزمەت بە حکوومەتی ئیسرائیل دەکەن".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن