
New York
نیویۆرک - AA
بۆ جاری دووەم پێشانگای دەهەمین ساڵی خەڵاتی فۆتۆی ئیستانبوڵ (İstanbul Photo Awards)، کە پێشبڕکێیەکی نێودەوڵەتیی بواری وێنە هەواڵە و ئاژانسی ئانادۆڵو ڕێکیدەخات، لە نیویۆرک کرایەوە.
یەکەمین پێشانگا لە ١٥ی تشرینی یەکەمدا لە ماڵی تورک "تورک ئێڤی" کرایەوە و، دووەمینیشی لە بلو گەلەری بەڕووی هونەردۆستاندا کرایەوە.
پێشانگاکە کە وێنە سەرنجڕاکێشەکانی جیهانی لەخۆگرتووە، لە بلو گەلەری لە شەقامی ٤٦ی ناوچەی مانهاتن کرایەوە، لە ڕۆژانی ٧-١٢ی تشرینی دووەمدا لە نێوان کاتژمێر ١٢.٠٠-١٧.٠٠ پێشوازی لە میوانەکانی دەکات.
لە نیویۆرک یەکەمین پێشانگای دەهەمین ساڵی خەڵاتی فۆتۆی ئیستانبوڵ لە ١٥ی تشرینی یەکەمدا لە رێوڕەسمێکدا لە ماڵی تورک "تورک ئێڤی" بە میوانداری سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕی و بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی ئانادۆڵو، سەردار کاراگۆز کرایەوە.
ژمارەیەکی زۆر لە باڵیۆز، دیپلۆماتکار، نوێنەرانی نێودەوڵەتیی، ئەکادیمیست و ڕاگەیاندنکار بانگهێشتی کردنەوەی پێشانگاکە کرابوون.
لەم پێشانگایەدا وێنەی ٣٢ فۆتۆگرافەر کە لە ١٠ بەشی جیادا خەڵاتیان بەدەستهێناوە نمایش کراون و، ڕووداوەکانی جیهان دەگێڕنەوە وەک؛ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر فەڵەستین، ئەو بوومەلەرزە بەهێزەی تورکیای هەژاند و ناوی "کارەساتی سەدە"ی لێنرا، ڕێکخراوە تاوانکارییەکانی مەکسیک، کەمپی پەنابەران لە ئەفغانستان، بەکارهێنانی پلاستیک لە نێجیریا، شوێنی ژیانی فیلەکان لە سریلانکا کە بووەتە زبڵدان، پاڵەوانێتی جیهانی مەلەوانی لە ژاپۆن، پاڵەوانێتی تێنسی ویمبڵدۆن، جیاکاری لە هیندستان و ئەو کۆچبەرانەی لە لافاوەکەی ئیسپانیادا گیانیان لەدەستدا.
ئەمساڵ زیاتر لە ٢٠ هەزار داواکاری فۆتۆ بۆ بەشداری لە پێشبڕکێکە هەبووە، کە لەسەر وێنەی تاک و زنجیرەیی لە بوارەکانی هەواڵ، وەرزش، ژینگە، پۆرترێت و ژیانی ڕۆژانە هەڵسەنگاندنیان بۆ کرا.
پێشبڕکێکە کە بە سپۆنسەری پەیوەندییەکانی کۆمپانیای تورکسێل سازکراوە، کۆمپانیای سۆنی وەک سپۆنسەری خەڵات، سەرۆکایەتی دەزگای هاریکاری و هەماهەنگی تورکیا وەک سپۆنسەری چالاکییەکانی دەرەوەی وڵات، هێڵی ئاسمانی تورکیا وەک سپۆنسەری هێڵی ئاسمانی پاڵپشتی دەکەن.
دەتوانرێت لە ڕێگەی ماڵپەڕی "istanbulphotoawards.com"ەوە زانیاری ورد لەسەر ئەو وێنانەی خەڵاتیان بەدەستهێناوە، وەربگیرێت.