گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو کەرتی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە ڕاگیرا
دوای کۆتایی ھاتنی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی دیلەکان، گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو کەرتی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە ڕاگیرا.

Quds
قودس ــ AA
دوای کۆتایی ھاتنی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی دیلەکان، گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو کەرتی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە ڕاگیرا کە ئەوەش ھاوکاتە لەگەڵ ھاتنی مانگی ڕەمەزان.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە: "ھاوکات لەگەڵ کۆتایی ھاتنی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی دیلەکان، بڕیارمانداوە لە ئەمڕۆ یەکشەممەوە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو کەرتی غەززە، ڕابگرین، ئەوەش بەھۆی ئەوەی حەماس پلانەکەی نوێنەری تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ستیڤ ڤیتکۆڤ سەبارەت بە درێژکردنەوەی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە بۆ مانگی ڕەمەزان، ڕەت کردووەتەوە".
ڕاشیگەیاندووە: "بەبێ ئازادکردنی ڕفێنراوەکانمان، ئاگربەست لە غەززە پەسەند ناکەین، هەروەها ئەگەر حەماس لەسەر ڕەتکردنەوەی ئاگربەست لە غەززە بەردەوام بێت، ئەوا لێکەوتەی دیکەی لێ دەکەوێتەوە".
پێشتر نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو کە حکوومەتی ئیسرائیل پلانەکەی نوێنەری تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ستیڤ ڤیتکۆڤ سەبارەت بە درێژکردنەوەی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە بۆ مانگی ڕەمەزان پەسەند کردووە.
تا ئێستا بزووتنەوەی حەماس، ھیچ ڕاگەیاندراوێکی لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.