سياسەت, عێراق

ئەمساڵ كۆنسۆڵخانەى توركيا لە مووسڵ دووبارە دەكرێتەوە

سەركۆنسۆڵى توركيا لە مووسڵ محەمەد كوچوكساكاڵڵى: "يەكێتى ژوورەكان و بۆڕسەكانى توركيا ناوچەيەكى پيشەسازيى هاوبەش لە مووسڵ دروست دەكات. بۆ ئەم مەبەستە گفتوگۆكانمان لەگەڵ لايەنە پەيوەنديدارەكان چڕدەكەينەوە"

Yunus Keleş  | 09.01.2020 - نوێکردنەوە : 12.01.2020
ئەمساڵ كۆنسۆڵخانەى توركيا لە مووسڵ دووبارە دەكرێتەوە

Arbil

هەولێر - AA

سەركۆنسۆڵى توركيا لە مووسڵ محەمەد كوچوكساكاڵڵى رايگەياند، بۆ كەوتنەوەكارى كۆنسۆڵخانەى توركيا لە مووسڵ مۆڵەتى پێويست لە حكوومەتى عێراق و دەسەڵاتە خۆجێييەكان ئەو شارە وەرگيراوە و شوێنى بۆ دياريكراوە و گوتى:

"پلانمان هەيە لەناو ساڵى ٢٠٢٠ دەست بكەينەوە بە كارەكانى كۆنسۆڵخانەكەمان لە مووسڵ. ئاڵاكەمان دووبارە لەو شارە دەشەكێتەوە".

محەمەد كوچوكساكاڵڵى لە لێدوانێكيدا بۆ پەيامنێرى ئاژانسى ئانادۆڵو رايگەياند، ناوچەكە لە ماوەى ١٠-١٥ ساڵە بە تاقيكردنەوەى قورسدا تێپەرێوە و لە سەرووى هەموويانەوە بەڵاى تيرۆريستانى داعش بوو كە شارى مووسڵ-يان داگيركرد، ئەم رێكخراوە تيرۆريستييە بەهۆى هەوڵ و قوربانيدانى توركيا و عێراق و هاوپەيمانى نێودەوڵەتى تووشى شكستێكى گەورە بويەوە.

هەوروەها ئاماژەى بەوەیشكرد كە داعش لە پاش خۆيانەوە كاولكارييەكى گەورەيان جێهێشتوە، ناوەندى شارى مووسڵ كە شوێنەوارى مێژوويى زۆرى لێيە و بەتايبەتى ژمارەيەكى زۆرى پاشماوەى مێژوويى عوسمانى ئێستا وێرانەيە، ئێرە پێويستى بە پێشخستن، پەرەپێدان، ئاوەدانكردن و ئارامييە، توركيا ئامادەيە ئەو ناوچانەى عێراق ئاوەدان بكاتەوە كە بەدەستى تيرۆريستانى داعش وێرانكراوە.

محەمەد كوچوكساكاڵڵى باسى لەوەیشكرد كە عێراق لە پێش ئەو وڵاتانەوە دێت كە توركيا بازرگانييان لەگەل دەكات و عێراقى بە گەورەترين هاوبەشى بازرگانى توركياى ناوبرد و گوتى:

"عێراق و توركيا دوو وڵاتى دراوسێن، دوو وڵاتى سەربەخۆى دۆستن، پەيوەندى نێوانيان لەسەر بنەماى سەد ساڵ دۆستايەتى و هاوكارى بەڕێوەدەچێت. پێويستە ئەم پەيوەندييانە قوڵتر و بەهێزتر بكرێت. لەم رووەوە پەيوەندييەكان لەسەر ئاستى حكوومەتى هەردوو وڵات، لەسەر ئاستى بەڕێزان سەركۆماران و لەسەر ئاستى وەزيران بەردەوامە. ئێمەش وەكو كۆنسۆڵخانەى تورکیا لە مووسڵ، دەستمان بە هەوڵەكانمان كردووە بۆ پەرەپێدانى ئەم پەيوەندييانە".

- ئەمساڵ كۆنسۆڵخانەى توركيا لە مووسڵ دەكرێتەوە

سەركۆنسۆڵ محەمەد كوچوكساكاڵڵى گوتى:

"وەكو كۆنسۆڵخانەى مووسڵ دەستمان بە پەيوەندييەكانمان كردووە لەگەڵ لايەنە پەيوەنديدارە خۆجێيەكانى شارەكە. هەر كە دەست بەكاربووم چووم بۆ شارەكە و لەگەڵ پارێزگار و قايمقامى شارەكە و سەرۆكى ژوورى پيشەسازى و بازرگانى دانيشتم. پێم راگەياندن كە توركيا هەموو كات لە پشت مووسڵ-ە، كۆمپانيا توركييەكان ئامادەن فرۆكەخانەى مووسڵ نۆژەن بكەنەوە و لە ساڵى ٢٠٢٠دا كۆنسۆڵخانەكەمان دووبارە دەكرێتەوە و خزمەت پێشكەش دەكات. لەئێستاوە هانى پياوانى كارى وڵاتەكەمان دەدەم پرۆژە گرنگەكانى ژێرخانى مووسڵ بگرنە ئەستۆ. بۆ ئەوەى بە تايبەتى خەريكى ئەم كارانە بم لە يەكى كانوونى يەكەمەوە هاتووم و دەستبەكاربووم شوێن بۆ كۆنسۆڵخانەكەمان لە مووسڵ دياريكراوە. لەكاتى سەردانيكردنم بۆ مووسڵ ئەو شوێنەشم پشكنى. بۆ دووبارە بەكارخستنەوەى كۆنسۆڵخانەكەمان مۆلەتى پێويست لەلايەن حكوومەتى ناوەنديى عێراق و ئيدارەى خۆجێى شارەكە وەرگيراوە. پاش تەواوبوونى كارەكانى بەكرێگرتنى باڵەخانە بۆ كۆنسۆڵخانەكەمان و نۆژەنكردنەوەى دووبارە لە مووسڵ دەستبەكارى خۆمان دەكەينەوە. لەگەل كەوتنەوەكارى كۆنسۆڵخانەكەمان لە مووسڵ لە ساڵى ٢٠٢٠دا هاوكات خزمەتگوزارى ڤيزەش دەست پێ دەكات".

- يەكێتى ژوورەكان و بۆرسەكانى توركيا ناوچەيەكى پيشەسازى هاوبەش دروست دەكات

سەركۆنسۆڵى توركيا لە مووسڵ، ئاماژەى بە تواناكانى توركيا كرد لە رووى كۆمپانياى بەڵێندەرايەتى بەوەى كە دەتوانن گەورەترين سوود ببەخشن بە عێراق و رايگەياند كە كۆمپانيا توركييەكان لە زۆر شوێنى عێراق چالاكييان هەيە، بەڵام لە مووسڵ بە تايبەتى لەم كاتەدا زۆر پێويستى بە كۆمپانيا توركييەكان هەيە و داواتى پياوانى كار و بەلێندەرانى كرد بۆ ئەوەى بێن بۆ مووسڵ.

ئەو زانيارى لەسەر كارى چەند كۆمپانيايەكى توركى دا كە لەعێراق كارى گەورە جێبەجێ دەكەن و رايگەياند كۆمپانيايەكى توركى پرۆژەى ئاوەڕۆ و ئاوى باران بە گوژمەى ٥٠ مليۆن دۆلارى لە حكومەتى عێراق وەرگرتووە و لە مانگى ئايارەوە لە مووسل ٥٠ ئەندازيارى تورك و تەکنيكار و كرێكار دێن و دەست بەكار دەكەن، ئەو باسى كۆمپانيايەكى توركى ديكەى كرد كە كارى دروستكردنى نەخۆشخانەيەكيان لە ئەستۆگرتووە و گوتى:

"لەئێستادا كۆمپانياى بەڵێندەرايەتى هەيە و لە مووسڵ كاردەكەن، بەڵام ئێمە دەمانەوێت ئەو ژمارەى زيادبكات. پياوانى كارى تورك لەئێستادا لە رێگەى ئەو مۆڵانەى كە كردويانەتەوە لە مووسڵ بابەتەكانى جلوبەرگ، مۆبيليا، كەرەستەى بيناسازى و خۆراكەوە پێداويستييەكانى مووسلييەكان دابين دەكەن و دەرفەتى كاركردنيشيان بۆ دەڕەخسێنن. بێگومان بێكارى كێشەيەكى گرنگە لە مووسڵ، پاڵپشتى بازرگانى و پيشەسازى كێشەيەكى گرنگە لەم رووەوە يەكێتى ژوورەكان و بۆڕسەكانى توركيا ناوچەيەكى پيشەسازيى هاوبەش لە مووسڵ درووست دەكات. بۆ ئەم مەبەستە گفتوگۆكانمان لەگەڵ لايەنە پەيوەنديدارەكان چڕدەكەينەوە. لەگەڵ پارێزگارى نوێى مووسڵ و قايمقام لەسەر ئەم بابەتە قسەمان كرد. بە مەبەستى دەستنيشانكردنى شوێنەكە لەم زووانە چاوەڕێى شاندێكى يەكێتييەكە دەكەين. توركيا دەتوانێت شتى زۆر لە مووسڵ بكات، مووسڵاويیەكان، داواكارييان هەيە لەسەر نۆژەنكردنەوەى پردێك لە شارەكە و دروستكردنى پردێكى ديکە لەلايەن توركياوە كە زۆر پێويستيان پێيەتى. لەسەر رێنمايى بەڕێز سەركۆمارمان ئاژانسى هاوكارى و هەماهەنگى توركيا (TİKA) كارەكانى لەسەر ئەو داواكارييە دەستپێكرد. ئومێدەوارم لە ساڵى ٢٠٢٠دا ئەم داواكارييەيان بەجێبگەێنين. لەو بڕوايەدام لە ساڵى ٢٠٢٠دا پێشكەوتن و ئومێد و هەستى ئارامى و بەهێزكردنى دۆستايەتى توركيا و عێراق دەبينن و دەبيستن لە شارى مووسڵ".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın