ھەولێر
عەلی باپیر ئاشکرایکر شیعری ئەی رەقیب شیعرێکی نەتەوەییە نەک سروودی نیشتمانی، داوای دانانی سروودێکی نیشتمانی دەکات کە گوزارشت لە کۆمەڵگەی کوردی بکا.
لەسەرەتای نووسینەکەیدا کە ناونیشانەکەی (ئایا دەگونجێ شیعری ئەی رەقیب سروودی نیشتمانی بێ)یە، دەڵێ "کورد مافی خۆیەتی خاوەنی قەوارەی سیاسی خۆی بێ و مافی چارەنووسی خۆی بە بڕیاری ئازادانەی خۆی دیاریی بکات، ھەروەھا خاوەنی مافی چارەنووسی خۆبوونیش بۆ نەتەوەکان سەلمێنراوە"
عەلی باپیر کە رۆژی ٦ی ئەم مانگە لەسەروبەندی سوێندخواردنی کاندیدە دەرچووەکانی پاش ھەڵبژاردنەکەی ئەیلولی رابردوو بەشێک لە ئەندامانی فراکسیۆنی حزبەکەی(کۆمەڵی ئیسلامی) لەکاتی سروودی ئەی رەقیب ھەڵنەسانەوە سەر پێ، رەخنەی توندییان رووبەروو کرایەوە، بە ھەشت خاڵ پەنجە لەسەر کێشەکانی ئەو سروودە دادەنێ و دەڵێ شیعرێکی نەتەوەییە نەک سروودی نیشتمانی.
عەلی باپیر لەمەڕ دیارترین کێشەکانی سروودەکەوە دەنووسێ"شیعرەکە بە نەفەسی سروودی نەتەوەییەوە نەنوسراوە چ جای نیشتمانی!، شیعرەکە زیاتر حاڵەتی کاردانەوەی بەخۆیەوە بینیوە و دواندنی ئاراستەی دوژمن و ناحەزانی کورد کراوە، لەکاتێکدا دەبێ سروودی نیشتمانی ئەو خەڵکە بدوێنێ کە لە نیشتیمانەکەدا دەژیین، شیعرەکە تەنیا باسی قەومی کورد زوبان دەکات، لەحاڵەتێکدا سروودی نیشتمانی دەبێت ھەموو ئەو نەتەوە و پێکھاتانەی لەکوردستاندا دەژیین بدوێنێ، کەواتە شیعرەکە شیعرێکی نەتەوەییە نەک سروودی نیشتمانی".
ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی لەدرێژەی قسەکانیدا دەڵێ "شیعرەکە بەھیچ شێوەیەک تەعبیر لە واقیعی ئێستای خەڵکی کوردستان و نەتەوەی کورد ناکات کە لە خوا بەزیاد بێ لە قۆناغی مافی چارەنووس و قەوارەی سیاسیی سەربەخۆداین، بەڵام شیعرەکە دەڵێ کەس نەڵێ کورد مردووە، کورد زیندووە، زیندووە قەت نانەوێ ئاڵاکەمان."
لەدرێژەی نووسینەکەیدا دەڵێ" باسکردنی خوێن و شەڕ و جەنگ بەو زەقییە لە سروودی نیشتمانی گونجاو نییە، ناکرێت خاک و وڵات بکرێتە ئاین و بەرنامەی ژیان، شیعرەکە ھێشتا لە پەرلەمانی کوردستان یاسای پێدەرنەچووە، لە باکووری کوردستانیش بەشێوەیەکی دیکەیە".
سەبارەت بە ھەڵنەسانەوەی بەشێک لە ئەندامانی فراکسیۆنی کۆمەڵ لەسەروبەندی وتنەوەی سروودی ئەی رەقیب لە ھۆڵی پەرلەمان عەلی باپیر دەڵێ " کەس مافی گلەیی کردنی لە ئێمە نەبووە و نییە لەکاتی ھەڵنەسانەوە سەرپێ، چونکە ئێمە ناتوانیین رێز لە شیعرێک بگرین کە بێڕێزیی تێدایە بەرانبەر بە ئاین و عەقیدەی نەتەوەکەمان و سەرجەم ئوممەتی ئیسلامیش".
لەکۆتاییدا داوا دەکات بە میکیانیزمێکی گونجاو شیعرێک دابنرێ یان ھەڵبژێردرێ کە شایستەبێ بکرێتە سروودی نیشتمانی و تێیدا ئاماژە بە کۆمەڵێ بەھای بەرز و پەسەند بکرێت کە خاڵی ھاوبەشی سەرجەم پێکھاتەکانی ھاوڵاتیانی کوردستانن بە کورد و غەیری کورد و موسوڵمان و غەیری موسوڵمانەوە".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن