سياسەت, عێراق

محەمەد شیاع سوودانی و مەسرور بارزانی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمیان تاوتوێ کرد

محەمەد شیاع سوودانی و مەسرور بارزانی ژمارەیەک پرسی گرنگیان تاوتوێ کرد لەنێویاندا دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوت، پێکھێنانی حکوومەتی نوێی ھەرێم، ھەروەھا جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی لەبارەی مووچەی فەرمانبەران ھەرێم.

Zana Natık Kerem  | 13.11.2024 - نوێکردنەوە : 14.11.2024
محەمەد شیاع سوودانی و مەسرور بارزانی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمیان تاوتوێ کرد

Arbil

ھەولێر ــ AA

سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لەچوارچێوەی سەردانەکەی بۆ ھەولێر لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان-عێراق، مەسرور بارزانی کۆبووەوە.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە کۆبوونەوەکەدا، محەمەد شیاع سوودانی پیرۆزبایی سەرکەوتنی پرۆسەی ھەڵبژارنی پەرلەمانی کوردستان-عێراقی ئاراستەی مەسرور بارزانی کردووە.

ڕاشیگەیاندووە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، دۆسیە ھاوبەشەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵیی و حکوومەتی ھەرێم، تاوتوێ کراوە لەسەروویانەوە ھەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی نەوتی ھەرێم، ھەروەھا جەختیان کردووەتەوە لەسەر گرنگی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم.

بەپێی ڕاگەیاندراوەکە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بە گرنگی پاراستنی سەقامگیری سیاسی لە ھەرێم کردووە و ڕایگەیاندووە کە سەقامگیری سیاسی لە ھەرێم، بەشێکی گرنگە لە کۆڵکەکانی سەقامگیریی لە عێراق.

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆکراوە لەبارەی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی ھەرێمی کوردستان-عێراق و لەوبارەیەوە محەمەد شیاع سوودانی جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە پێویستە پەلە بکرێت لە پێکھێنانی حکوومەتی نوێی ھەرێم و ڕایگەیاندووە کە حکوومەتی فیدراڵیی ئامادەییە ھاوکاری لەوبارەیەوە پێشکەش کرد، ھەروەھا بە گرنگی زانیوە کە ھاریکاریی لە نێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی فیدراڵیی لەسەر ئاستی نیشتمانییدا، بەردەوام بێت.

باسی لەوەش کردووە کە ھەر لە میانی کۆبوونەوەکەدا، باس لە ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان کراوە و لەوبارەیەوە ھەردوولا جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە پێویستە ھەوڵەکان بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەکە چڕ بکرێنەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی لایەنە تەکنیکیەکانی پڕۆسەی سەرژمێری لەگەڵ دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان-عێراق چارەسەرکراون، بەپێیەی پڕۆسەکە دەبێتە مایەی پاڵپشتیکردن لە ھەنگاوەکانی گەشەپێدان و پلاندانان لە سەرجەم ئەو کەرتانەی کە بەشدارن لە پێشکەوتنی عێراق.

ھەروەھا ئەوەشی خستووەتەڕوو کە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەبارەی پێشھاتەکانی دۆخی ناوچەکە، لەوبارەیەوە جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە پێویستە ھەماھەنگی و یەکھەڵوێستی ھەبێت لە پێناو پاراستنی ئاسایش و سەروەریی عێراق.

ئەمڕۆ چوارشەممە محەمەد شیاع سوودانی لەچوارچێوەی سەردانەکەی بۆ ھەرێمی کورستان- عێراق، گەیشتە ھەولێر.

ھەر ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای کۆتایی ھاتنی دیدار و کۆبوونەوەکانی لە ھەولێر، سەردانی سلێمانی دەکات.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın