سياسەت

مستەفا مەولوودی: "هەبوونی کورد لە پەرلەمانی ئێران بۆ خۆی تێکۆشانێکە"

جێگری سکرتێری گشتیی حزبی دیموکراتی کوردستان مستەفا مەولوودی لە دیمانەیەکی تایبەت بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی شارەزایانی ئێران، ئاڵای کوردستان و یەکگرتنەوەیان لەگەڵ حدکا و چارەسەریی ئاشتیانەی پرسی کورد لە ئێران دوا.

hemn husain  | 05.01.2016 - نوێکردنەوە : 06.01.2016
مستەفا مەولوودی: "هەبوونی کورد لە پەرلەمانی ئێران بۆ خۆی تێکۆشانێکە"

هەولێر

جێگری سکرتێری گشتیی حزبی دیموکراتی کوردستان مستەفا مەولوودی لە چاوپێکەوتنێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی هەڵبژاردنی ١٠مین خولی پەرلەمانی ئێران و هەروەها هەڵبژاردنی پێنجەمین خولی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایان گوتی: "ئێمە هەتا ئێستا لەسەر هەڵبژاردن لە ئێران کە بڕیارە ٧ی شوبات ئەنجام بدرێت، پێمان وایە یاسا و سیستمی چاودێری هەڵبژاردن لە ئێران و رۆڵی بەرپرسانی ئەو وڵاتە بوارێک بۆ هەڵبژاردنی ئازاد لە ئێران ناخوڵقێنێت هەتا وەکو ئێمە بڵێین کە ئەم هەڵبژاردنە گۆڕانێکی جەوهەری دروست دەکات بەڵام وەکو حزبی دیموکراتی کوردستان، خەباتی ئێمە یەک رەهەندی نییە بەڵکو خەباتی ئێمە چەند رەهەندییە و خەڵکی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەجۆرێک لە جۆرەکان لەگەڵ خەبات و تێکۆشان تێکەڵ بوون بەڵام جۆرەکانی جیاوازن. بۆ نموونە لە ئێران بواری یاسایی هەیە دەتوانن لەو بوارەدا باسی فەرهەنگی خۆیان بکەن، باسی بەندەکانی یاسایی بکەن یان لە بواری کارگێڕی و بەڕێوەبردن باسی ئەوە بکەن لە جیاتی ئەوەی کەسێک لە تارانەوە بێت و ببێتە نوێنەری شاری مهاباد یان سنە، ئەوە با کوردێک ئەو رۆڵە ببینێت چونکە نەچوونی کورد بۆ پەرلەمانی ئێران، هیچ سوود بە کورد ناگەیەنێت و باشترە کورد بچێتە پەرلەمان. هەر هیچ نەبێ هەبوونی کورد لەوێ بۆ خۆی تێکۆشانێکە".

لە هەڵبژاردنەکانی پێشووتردا، حزبی دیموکراتی کوردستان بەگشتیی بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی نەکردووە، سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەمجارەش مستەفا مەولوودی گوتی: "ئێمە وەکو حزبی دیموکراتی کوردستان هەتا ئێستا یەکلایی نەبووینەتەوە کە ئایا بایکۆتی ئەم هەڵبژاردنە دەکەین یان بوار بە خەڵک دەدەین کە بەشداری بکات. ئێمە دەستەیەکمان هەیە کە خوێندنەوە بۆ دۆخەکە دەکات بەڵام ئێستا بەشێوەیەکی رەها هیچ بڕیارێکمان نەداوە و لە کۆتاییدا هەر شتێک لە بەرژەوەندی کورد بێت، بە باشی دەزانین".

سەبارەت بە پرسی یەکگرتنەوەی حزبی دیموکراتی کوردستان و حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کە ماوەی نزیکەی نۆ ساڵ دەبێت، بوون بە دوو بەشەوە و لە ماوەی رابردووشدا دەنگۆی یەکگرتنەوەی ئەم دوو باڵە لەئارادا بوو، مەولوودی گوتی: "پێم وایە حزبی دیموکرات نەخشەیەکی گەورەی لە بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە رۆژهەڵاتدا هەیە، ئێستا لە حەفتا ساڵەی تەمەنیەتی و کۆمەڵێک شەهید و قوربانیمان داوە لەپێناو بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان. بۆیە لەم پەیوەندییەدا ئێمە دانیشتنمان هەبووە و هەنگاوی بەرەوپێشچوونمان هەبووە، لەسەر هەندێک لە داخوازییەکانی ئەوان کێشەمان نییە و خەڵکیش لە رۆژهەڵات چاوەڕێی ئەوە دەکەن کە یەک حزبی دیموکرات بوونی هەبێت و ئێمەش بەداخەوە لەم نزیکانە دانیشتنمان نابێت بەڵام لە کۆتاییدا هەر دەبێ یەکبگرینەوە".

سەبارەت بە لێدوانی هاوسەرۆکی پژاک عەبدولڕەحمان حاجی ئەحمەدی کە لەمیانەی چاوپێکەوتنێکیدا گوتبووی ئاڵای کوردستان ئاڵای بنەماڵەی بارزانییە و ئاڵای نەتەوەی کورد نییە، سکرتێری گشتیی حزبی دیموکراتی کوردستان، زیاتر لەم بارەیەوە دوا و گوتی: "ئەو بەڕێزە لە هەندێک شتدا قسە دەکات کە رەنگە بۆ کەسێکی سیاسیی شیاو نەبێت، بۆ مەسەلەی ئاڵای کوردستانیش، بەڕاستی ئەمە زوڵمێکی گەورەیە لە مێژووی میللەتێک دەکرێت. ئەم ئاڵایەی ئێستا هەیە و لەسەر بینای پەرلەمانی هەرێمی کوردستان هەڵکراوە کە دەزگایەکی یاسایی و شەرعییە و بڕياری و پەسندی پەرلەمانی لەسەرە. ئینجا حزبێک لە بەشێکی دیکەی کوردستان قبووڵی نیە، ئەوە کەیفی خۆیەتی، لە دیدی ئێمەوە بەشێکی زۆری حزب و لایەنی سیاسیی ئەم ئاڵایە وەکو ئاڵای نەتەوەیەک دەبینن و قبووڵی دەکەن و لە هەموو بارەگەکانی حزبمان ئەم ئاڵایە هەڵکراوە. هەروەها لە رۆژی ئاڵای کوردستان، ئاڵایەکی دووسەد مەتری لە رۆژئاوای کوردستان لەسەر دەستی خەڵک هەڵکرا و ئەگەرچی هەندێک خەڵکیش ئازاردران بەڵام ئامادە نەبوون ئاڵاکەی کوردستان داگرنە خوارەوە. بۆیە پێم وایە ئەم قسانەی حاجی ئەحمەدی هیچ بنەمایەکی یاسایی و لۆژیکی تێدا نییە".

سەبارەت بە هەوڵدانی دۆزینەوەی رێگەی گونجاو بۆ چارەسەری کێشەکان و بەتایبەت دانیشتن و گفتگۆکردن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، جێگری سکرتێری گشتیی حزبی دیموکراتی کوردستان ئاماژە بە دانیشتنێکی دوو ساڵ لەمەوبەری خۆیان لەگەڵ ئەنجوومەنی بەرزی تەناهی نەتەوەیی دەکات و لەمبارەیەوە گوتی: "ئێمە دەمێکە گوتوومانە مەسەلەی کورد لە رۆژهەڵات مەسەلەیەکی سیاسییە و ئەمەش پێویستی بە چارەسەرێکی سیاسیی هەیە. چارەسەری سیاسیش گفتوگۆ و دیالۆگە. ئەگەر سەیری مێژوو بکەین باشترین چارەسەر ئەوە بووە کە هێزەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن. بۆیە هەرگیز ئەم چارەسەرە لە دەرەوەی بیرکردنەوەی ئێمە نەبووە و هەر لەم پەیوەندییەشدا دکتۆر قاسملوو لەسەر مێزی دانوستان لەگەڵ ئێران، گیانی خۆی بەخت کرد و شەهیدبوو. بۆیە ئێمە هەمیشە باوەڕمان بە دیالۆگ و گفتوگۆیە بەڵام کاربەدەستانی ئێران ئەم پەیامە وەرناگرن، ئێمە پێش دوو ساڵ لەگەڵ نوێنەرانی ئەنجوومەنی بەرزی تەناهی نەتەوەیی دانیشتنمان هەبووە و ئەوان هاتوون و ئێمەش قسەی خۆمان کردووە و چاوەڕێی ئەوان بووین و لەدوای ئەوەش ماوەی دوو ساڵە هیچ دیدار و کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ لایەنی ئێرانی نەبووە".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın