ئیدارەی سەربەخۆی سۆران راگەیەندرا
ئیدارەی سۆران لە قەزاکانی، سۆران، رواندز، چۆمان و مێرگەسور پێکدێت و هەڵگورد شێخ نەجیب وەک سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکە دەست نیشان کرا.

Arbil
هەولێر - AA
لە مەراسیمێکدا لە قەزای سۆران بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی و وەزیری ناوخۆ، رێبەر ئەحمەد و وەزیری پلاندانان، دارا رەشید و پارێزگاری هەولێر، ئۆمێد خۆشناو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران راگەیەندرا و سەرپەرشتیاری ئیدارەکەش لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەست نیشان کرا.
لە مەراسیمەکەدا قایمقامی پێشتری سۆران، هەڵگورد شێخ نەجیب بە سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکە دیاریی کرا و لەلایەن سەرۆکی حکوومەت نامەی دەستبەکاربوونی پێ بەخشرا.
وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد لە سەرەتای مەراسیمەکەدا گوتی: "ئامانج لە دەرکردنی بڕیارکە لە خودی ئیدارەکەدا نییە، بەڵکو خزمەتکردنە بە ناوچەکە و زەمینەسازیشە بۆ داھاتوو کە بکرێتە پارێزگا، لێرە بەدواوە دەسەڵات شۆڕ دەکرێتەوە و دەسەڵات بە سەرپەرشتیاری ئیدارەکە دراوە لە رووی ئیداری و میلاکەوە و کارەکان رایی بکات، سەرۆکی حکوومەتیش پشتیوانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەکات و لە یەکەم ھەنگاودا، ١٠ ئۆتۆمبێل بە ئیدارەی سۆران بەخشرا کە کارەکانیانی پێ رایی بکەن".
وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد راشیگەیاند "ئێمە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە تەنیا جێناھێڵین و پشتیوانی دەکەین و ئەم پڕۆسەیە بەردەوام دەبێت و لە رووی داراییەوە پاڵپشتی دەکرێت".
دواتر سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی نامەی دەستبەکاربوونی بەخشییە سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، هەڵگورد شێخ نەجیب کە پێشتر قایمقامی قەزای سۆران بوو.
سەرۆکی حکوومەت لە وتەیەکدا لە مەراسیمی راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆراندا رایگەیاند "خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لێرە لەگەڵ ئێوە ئامادەین، بۆ راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کە لە ھەر چوار قەزای سۆران، رواندز، چۆمان و مێرگەسۆر پێکدێت، خەڵکی ناوچەکانی سۆران و باڵەکایەتی و برادۆست و بارزان کە دانیشتووانی ئەم دەڤەرە تێکۆشەرەن، سەرەڕای ئەو ھەموو قوربانی و زەحمەت و ئازارەی کە بینیویانە، ئەمڕۆ دەبینن کە ئێمە وەکو وەفادارییەک بۆ خەبات و تێکۆشانی ئەوان ھاتووینەتە خزمەتیان بۆ راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی ئەم دەڤەرە".
مەسرور بارزانی گوتیشی: "ئەمڕۆ بە راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و دەستبەکاربوونی سەرپەرشتیاری ئەم دەڤەرە قۆناغێکی نوێ دەست پێ دەکات و ئاییندەیەکی گەشتر چاوەڕێتان دەکات، ئەم دەڤەرە دەوڵەمەندە بە سروشتێکی دڵگیر و سەرنجڕاکێش، بە خەڵکێکی قارەمان و تێکۆشەر و کۆڵنەدەر، بە خەباتێکی دوورودرێژ و مێژوویی، ھەرچی بکرێت بۆ ئەم دەڤەرە کەمە، ئەوەی ئێمە لە حکوومەت لە تواناماندا بێت بەردەوام دەبین لە پشتگیریکردنی ئەو ئیدارە سەربەخۆیەی کە دەتوانێت خزمەتێکی زیاتر پێشکەش بە ھاووڵاتییان بکات، رووتین کەم بکاتەوە، ھاتوچۆی بەینی ناوچە و دەڤەرەکان کەم بکاتەوە و زۆربەی کارەکان ھەر لەم دەڤەرە رایی بکرێن، فشارێکی زۆریش لەسەر ھەولێر کەم بکرێتەوە، بە یەکەوە دەتوانین وڵاتێکی ئاوەدانتر و سەقامگیرتر بینا بنێین".
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند "دەزانین کە زۆر لەو ناوچانەی کە دڵگیر و سەرنجڕاکێشن بەتایبەتیش لە ناوچە سنوورییەکان، ھێشتا گیرۆدەی بابەتی ئەمنی و سەقامگیرین، بەڵام لە حکوومەت ھەموو ھەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی ئەو ناوچانە جارێکی دیکە ئارامی سەقامگیریان بۆ بگەڕێتەوە، بخرێنە خزمەتی خەڵکی ئەم دەڤەرە و ھەموو کوردستان، چونکە دڵنیام ئەم ناوچانە بێوێنەن لە رووی گەشتیارەوە دەتوانن یارمەتیدەرێکی یەکجار زۆری خەڵکی ئەم دەڤەرە و ھەموو کوردستان بن، ئەم ناوچەیە دەوڵەمەندە بە کانزاکانی ئێمە دەتوانین یارمەتیدەر و پشتیوان بین لە بۆ پێشخستنی کەرتی پیشەسازی و کەرتی کشتوکاڵ و کەرتی گەشتوگوزاری لەم دەڤەرە".
مەسرور بارزانی لە کۆتایی وتەکەیدا ئاماژەی بە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق کرد و گوتی: "لەم هەڵبژاردنە پێویستە باشترین نوێنەر کە داکۆکی لە مافەکانی خەڵکی کوردستان بکات بنێرینە بەغدا، بۆ ئەوەی لەوێوە پشتیوان بێت بۆ دەستەبەرکردنی ھەموو مافەکانی خەڵکی ئێمە، ئەو نوێنەرانەی کە دەستنیشان دەکرێت پێویستە بەبێ فەرق و جیاوازی نوێنەرایەتی ھەموو خەڵکی کوردستان بکات، ھیوادارم لە ھەڵمەتی ھەڵبژاردن لە جیاتی پەلاماردانی یەکتر لەجیاتی یەکترشکاندن، ھەوڵ بدرێت ھەر یەکێک بەرنامەی خۆی پێشکەشی خەڵکی کوردستان بکات کە چۆن دەتوانێت باشتر خزمەتی خەڵکی کوردستان بکات".
مەسرور بارزانی هەروەها گوتی: "ئەوەی ھیچی لە ھەگبەدا نەبێت یان نەمابێت بە پەلاماردانی لایەنەکانی دیکە ناتوانێت خزمەت بکات، توانای جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەشی نابێت ئەگەر خۆی بەرنامەی چاکسازیی و پێشخستن و خزمەتکردنی ھاووڵاتییان پێشکەش نەکات، ئێمە لە هەموو قۆناغێکدا هەوڵمانداوە ئەو بەڵێنانە بە خەڵکی خۆمان بدەین کە بتوانین جێبەجێیان بکەین".
سەرۆکی حکوومەت داوایەکی ئاراستەی هەموو لایەنە سیاسییەکانیش کرد و گوتی: "داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکان و بەربژێرەکان دەکەم، لەم هەڵمەتە هەوڵی ئەوە بدەن زیاتر رووی گەشی کوردستان پیشانی جیهان بدەن و کێبڕکێ لەسەر چۆنییەتی خزمەتکردنی وڵات و خەڵک بکەن".
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە چوار قەزا پێکدێت بە ناوەکانی سۆران، رواندز، مێرگەسۆر و چۆمان و ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی ٣٥٠ ھەزار کەس دەبێت کە دەکاتە نزیکەی لەسەدا ١٤.٤ی دانیشتوانی پارێزگای ھەولێر، رووبەری ئیدارە نوێکە پێنج هەزار و ٤٧٣ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، بە هەر چوار قەزاکە ١٣ ناحیە و ٧٩٧ گوند پێکدێنن.
سنووری ئیدارەی سۆران ناوچەیەکی شاخاوی دڵگیرە و ژمارەیەکی زۆر گوند و ناوچەی گەشتیاری لەخۆ دەگرێت کە هەندێکیان لە بەناوبانگترین ناوچە گەشتیارییەکانی پارێزگای هەولێر، هەرێمی کوردستان و عێراقن.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن