عێراق

زیاتر لە ١٢٠ دوکانداری بازاڕەکانی ھەولێر سکاڵایان دژی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە تۆمار کردووە

قایمقامی قەزای ناوەندی ھەولێر، نەبەز عەبدولحەمید: "تا ئێستا زیاتر لە ١٢٠ دوکاندار و کاسبکاری بازاڕی لەنگە و قەیسەریی شاری ھەولێر دژی سووتاندنی دوکانەکانیان لە لایەن پەکەکەوە، سکاڵای یاساییان تۆمار کردووە".

Heman Hussein Yaseen  | 14.07.2024 - نوێکردنەوە : 15.07.2024
زیاتر لە ١٢٠ دوکانداری بازاڕەکانی ھەولێر سکاڵایان دژی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە تۆمار کردووە

Arbil

هەولێر - AA

ڕۆژی یەکی تەمووزی ئەمساڵ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی ھاوبەشدا، ھەریەک لە گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، عەمید میقداد میری و، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان – عێراق، ھێمن میرانی، ئاشکراکردنی تۆڕێکی سەر بە رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکەیان ڕاگەیاند کە جگە لە ئاگرتێبەردانی ژمارەیەک بازاڕ لە پارێزگاکانی ھەولێر، دھۆک و کەرکووک، ھەروەھا پلانییان ھەبووە ھێرش بکەنە سەر تۆڕەکانی کارەبا و وێستگەکانی سووتەمەنی.

ھەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەشدا، ھێمن میرانی ئاماژەی بەوەدا کە زەرەرمەندان دەتوانن سکاڵای یاسایی دژی تۆمەتباران تۆمار بکەن، دواتریش ژمارەیەک لە کاسبکاران و دوکاندارانی بازاڕی قەیسەری و بازاڕی لەنگەی شاری ھەولێر کە دوکانەکانییان سووتێنرابوو، سکاڵای یاساییان دژی ئەو گرووپە تۆمار کرد و تا ئێستاش سکاڵا تۆمارکردن بەردەوامە.

قایمقامی قەزای ناوەندی ھەولێر، نەبەز عەبدولحەمید لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "تا ئێستا زیاتر لە ١٢٠ دوکاندار و کاسبکاری بازاڕی لەنگە و قەیسەریی شاری ھەولێر دژی سووتاندنی دوکانەکانیان لە لایەن پەکەکەوە، سکاڵای یاساییان تۆمار کردووە".

ئەمە لە کاتێکدایە کە لەسەرەتای ئەمساڵەوە ئاگر لە چەند بازاڕێکی شاری ھەولێر کەوتەوە و بەھۆیەوە زیانێکی زۆر بە کاسبکاران کەوت و بەشێک لە بازاڕەکان تا ئێستاش لە ژێر نۆژەنکردنەوەدایە.

کەوتنەوەی ئاگرەکان گومانێکی زۆری لای ھاووڵاتییان دروست کردبوو، بەردەوام پرسیاری ئەوەیان دەکرد کە ئایا ئاگرکەوتنەوەکان سرووشتین یان دەستکردن، بەڵام دەستگیرکردنی تۆڕێکی تیرۆریستی سەر بە پەکەکە وەڵامی ھەموو ئەو پرسیارانەی دایەوە کە ھاووڵاتییان و دەزگا ئەمنییەکان بە دوایدا دەگەڕان.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın