عێراق

نێچیرڤان بارزانی: "پێویستە قەرەبوو‌ی خەڵکی ھەڵەبجە و ھەموو قوربانییانی جینۆساید و ئەنفال بکرێتەوە"

سەرۆکی ھەرێم نێچیرڤان بارزانی: "ھەڵەبجە بووە ھێمایەکی جیھانی بۆ ستەملێکراویی گەلەکەمان و شایەدحاڵێک بۆ دڕندەییی ئەو تاوانانەی دژی ئەنجام دران".

Heman Hussein Yaseen  | 16.03.2025 - نوێکردنەوە : 16.03.2025
نێچیرڤان بارزانی: "پێویستە قەرەبوو‌ی خەڵکی ھەڵەبجە و ھەموو قوربانییانی جینۆساید و ئەنفال بکرێتەوە"

Arbil

ھەولێر - AA

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان-عێراق، نێچیرڤان بارزانی لە یادی ٣٧ ساڵه‌ی کارەساتی کیمیابارانکردنی ھەڵەبجەدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەرکی حکوومەتی عێراقە بەرپرسیاریەتیی یاسایی و ئەخلاقیی خۆی بەرانبەر قوربانییان و ھەموو پابەندییەکانی دەرھەق بە ھەڵەبجە و دانیشتووانەکەی جێبەجێ بکات.

سەرۆکی ھەرێم نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێکدا ڕایگەیاندووە: "کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە تەنیا تاوانێک نەبوو، بەڵکوو بەشێکی خەمناک بوو لە زنجیرەیەک تاوان و جینۆساید کە ئامانجیان نەھێشتنی گەلی کوردستان بوو. ھەڵەبجە بووە ھێمایەکی جیھانی بۆ ستەملێکراویی گەلەکەمان و شایەدحاڵێک بۆ دڕندەییی ئەو تاوانانەی دژی ئەنجام دران. ئەگەر دادپەروەرییەکی ڕاستەقینە ھەبووایە، ئەم کارەساتە بە تەنیا بەس بوو بۆ داننان بە ھەموو مافە ڕەواکانی گەلی کوردستاندا".

لە بەشێکی پەیامەکەدا ھاتووە: "لەم یادەدا، جارێکی دیکە جەخت دەکەینەوە کە پێویستە قەرەبوو‌ی خەڵکی ھەڵەبجە و ھەموو قوربانییانی جینۆساید و ئەنفال بکرێتەوە و لە ھەموو بوارەکاندا باشترین خزمەتگوزارییان پێشکەش بکرێت. ئەرکی حکوومەتی عێراقە بەرپرسیاریەتیی یاسایی و ئەخلاقیی خۆی بەرانبەر قوربانییان و ھەموو پابەندییەکانی دەرھەق بە ھەڵەبجە و دانیشتووانەکەی جێبەجێ بکات و دادپەروەرییان بۆ بەدی بھێنێت، ھەروەھا ھەموو ڕێکارەکانی بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە تەواو بکات، پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتییش لە ھەوڵەکانی بۆ دڵنیابوون لە دووبارەنەبوونەوەی ئەم جۆرە تاوانانە لە ھەر شوێنێکی جیھان بەردەوام بێت".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن