عێراق

"هەولێر بە ١١هەمین شار هەژمار دەکرێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ڕووی پیسی هەواوە"

شارەزا لە بواری وزەی نوێبووەوە: "بەپێی ئەو توێژینەوانەی کە لە زانکۆکان کراوە، ئەوا هەواکەمان پیسە و ئەو ماددە زیانبەخشانەی کە لە هەوای هەرێمی کوردستان و بە تایبەت هەولێر هەیە، ئاماژەی مەترسیدارن و داهاتوویەکی خراپتر چاوەڕێمان دەکات".

Heman Hussein Yaseen  | 14.03.2025 - نوێکردنەوە : 16.03.2025
"هەولێر بە ١١هەمین شار هەژمار دەکرێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ڕووی پیسی هەواوە"

Arbil

هه‌ولێر - AA

گۆڕانکارییەکانی ئاو وھەوا بە گەورەترین کێشە و گرفت دەژمێردرێت کە ڕووبەڕووی مرۆڤایەتی بووەتەوە و ڕۆژانە لێکەوتەکانی بەدیار دەکەوێت وەک گەرمبوونی گۆی زەوی، ئاگری دارستانەکان، توانەوەی بەستەڵەکەکان، بەبیابانبوون و وشکەساڵی توند، کەمی ئاو و پیسبوونی ژینگە، تا ئێستا چەندجارێک کۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی لەمبارەیەوە ئەنجامدراوە و وڵاتان پلانی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکان دادەڕێژن.

عێراق یەکێک لەو پێنج وڵاتانەیە کە زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی ئاو و هەوای لەسەرە و لەگەڵ ئەوەشدا خاوەن هەوا و ژینگەیەکی پیسە و ڕۆژانە بڕیار و ڕێنماییەکان بۆ پاکڕاگرتنی ژینگە دەردەچن، بەپێی ڕاپۆڕتە نێودەوڵەتییەکانیش هەولێر بە ١١هەمین شار هەژمار دەکرێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ڕووی پیسی هەواوە و پسپۆڕانی بواری وزەی نوێبووەوەش ئاماژە بەهۆکارەکان دەکەن و هۆشداریش دەدەن کە ئەگەر حکوومەت زوو بەرەنگاری هۆکارەکان نەبێتەوە ئەوا لە داهاتوودا کارەساتی لێدەکەوێتەوە و گوتەبێژی دەستەی چاککردن و پاراستنی ژینگەی هەرێمیش جەخت لەوە دەکاتەوە که‌ هه‌وڵه‌كان به‌رده‌وامن بۆ نه‌هێشتنی هۆكاره‌كانی پیسبوونی هه‌وا.

شارەزا لە بواری وزەی نوێبووەوە و مامۆستا لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، دکتۆر دلێر عەبدوڵڵا ئەحمەد لەبارەی پسیبوونی هەواوە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەپێی ئەو توێژینەوانەی کە لە زانکۆکان کراوە ئەوا هەواکەمان پیسە و ئەو ماددە زیانبەخشانەی کە لە هەوای هەرێمی کوردستان و بە تایبەت هەولێر هەیە، ئاماژەی مەترسیدارن و داهاتوویەکی خراپتر چاوەڕێمان دەکات ئەگەر کاری لەسەر نەکرێت و هەوڵی کەمکردنەەوەی نەدرێت".

دکتۆر دلێر عەبدوڵڵا ئەحمەد گوتیشی: "سەرچاوەکان بەکارهێنانی سووتەمەنییەکانن ئەوانەی کاربۆن و دووەم ئۆکیسدی کاربۆن لە هەوادا بڵاودەکەنەوە لەگەڵ کۆمەڵێک مەوادی دیکەی کیمایی ئەوانە ئاماژەن کە لە ژینگەیەکی خراپداین و کەشوهەواکەمان خراپ بووە و ئەگەر لێیگەڕێن کارەسات و مەترسی گەورەتر لە پێشماندایە، چونکە ئەو ستانداردەی کە بۆ پێوانەی هەوای پاک دیارییکراوە، هەوای هەرێمی کوردستان زۆر لەو پلەیە تێپەڕیووە و ئاستەکەی چەند هێندەی ڕێپێدراوەکانە کە لە ستانداردە جیهانییەکاندا هەیە، بێگومان ئه‌مه‌ش مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه‌ له‌سه‌ر داهاتووی هه‌رێم".

لەبارەی هۆکاری سەرەکی پیسبوونی ژینگە لە هەرێم، دکتۆر دلێر عەبدوڵڵا ئەحمەد گوتی: "هۆکاری سەرەکی بەکارهێنانی زۆری سووتەمەنییە و ژمارەی ئۆتۆمبێل و مۆلیدەمان زۆرە جگە لە کارگەکان کە زۆربەی ڕێکارە زانستیی و پابەندییەکانییان نیە بۆ بەکارهێنانی فلتەر وسووتەمەنی پاک، ئەوانە وایکردووە کە بە خێرایی هەواکەمان لە هەموو بابەتەکانی وەک زەوی و ئاو زیاتر پیس ببێت، ئەمە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانى مرۆڤ و زیندەوەرەکان هەیە، ئەمە وا دەکات ڕەنگە ببێتە هۆی نەخۆشی و ڕێژەی نەخۆشییە نوێیەکان زیاد بکات، هەروەها منداڵی کەمئەندام و ئەوانەی کێشە لە مێشکیان هەیە بەردەوام لە زیادبوونە و ئەمە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی پیسبوونی ژینگە".

ئەو شارەزایەی بواری وزەی نوێبووەوە بە پێویستی دەزانێت حکوومەت پاڵپشتی ئەو پڕۆژانە بکات کە دۆستی ژینگەن، هەروەها ئاماژە بە هەوای ئەو گەڕەکانە دەکات کە پڕۆژەی ڕووناکی تێیدا چووەتە واری جێبەجێکردنەوە و لەمبارەیەوە گوتی: "ئەرکی سەرەکی چاککردنی ئەم ژینگەیە لەسەر شانی حکوومەتە و پێویستە ڕێکاری توندتر بگرێتەبەر و پشتگیریی و پاڵپشتی دارایی بکات بۆ ئەو پڕۆژانەی کە دۆستی ژینگەن، چونکە وزەی نوێبووەوە هەم دۆستی ژینگەیە و هەم وا دەکات سووتەمەنی کەمتر بەکاربهێنی و ژینگەکە زۆر بە خێرایی کاردانەوەی باشی دەبێت، ئێستا ئاماژەی سادە پەیدابوونە لەو گەڕەکانەی کە پڕۆژەی ڕووناکیان تێدا جێبەجێکراوە و کارەبای ٢٤ کاتژمێرییان هەیە، بەهۆی ئەوەی مۆلیدەکان لەو گەڕەکانە کارناکەن، دەبینین هەواکەیان جیاوازی هەیە بەراورد بەو شوێنانەی کە مۆلیدە و کارگەی دیکەی لێیە".

لەبارەی پاڵاگەکان و کاریگەرییان لەسەر پیسبوونی هەوا، دکتۆر دلێر گوتی: "ناتوانین بڵێین سەرجەم پاڵاوگەکان، بەڵام ئەوانەی پابەندنین بە ڕێنماییەکان بە تایبەت ئەوانەی فلتەر بەکارناهێنن و بەشێوەیەکی هەڕەمەکی کار دەکەن، ئەوان هۆکاری سەرەکی پیسبوونی هەوا و ژینگەن، وەک دەبیستین کە ژمارەیەکی زۆر پاڵاوگەمان هەیە و نزیکن لە شوێنی نیشتەجێبوون ئەمە لە کاتێکدایە کە بەهۆی دەردانی گاز و پاشماوەی پیس نابێت لە شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانەوە نزیک بن، زۆرجار دەبینین کە دووکەڵی ئەو شوێنانە دەگاتە ناو ماڵەکانمان".

بۆ چارەسەری پاکڕاگرتنی هەوا و ڕووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەکان، دکتۆر دلێر عەبدوڵڵا ئەحمەد گوتی: "بۆ چارەسەرکردنی ئەم بابەتە وا باشترە وزەی نوێبووەوە بەکاربهێنرێت، ناوچەکەشمان کاتەکانی ڕۆناکی زۆرە، لەگەڵ ئەوەشدا شێوازی ماڵەکانمان باشە و سەربانەکانمان شوێنی دانانی تەختەکانی لێ دەبێتەوە، هەروەها پێویستە پڕۆژە حکوومییەکان پاڵپشتی بکرێن، دەکرێت لە فەرمانگەکانی حکوومەت تەنیا تەختەی لێ دابنرێت بەبێ پاتری چونکە فەرمانگە حکوومییەکان زۆربەیان تەنیا لە ڕۆژدا کراوەیە و دەتوانرێت لە ڕێگای تەختەکانەوە بە درێژایی ڕۆژ کارەبا بداتە ئەم شوێنە".

هاوکات پسپۆڕێکی بواری وزە پێی وایە کە سەرەڕای گۆڕانی ئاو و هەوا کە کاریگەری نەرێنی لەسەر ژینگە هەیە، هاوکات بوونی ژمارەیەکی زۆر لە پاڵاوگە، ئۆتۆمبێل و کارگەکان هۆکارێکن بۆ پیسبوونی ژینگە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەپێی توێژینەوەکان شاری هەولێر ١١هەمین پیسترین شارە لە ڕووی کوالێتیی هەواوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

پسپۆڕی بواری وزە و مامۆستا زانکۆ ڕێبین سەمەد لەبارەی گۆڕانی ئاو و هەوا، کاریگەری لەسەر ژینگەی عێراق و هەرێم، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە سەدەی بیستەمەوە تێکچوونی گۆڕانکارییە ژینگەییەکان دەستی پێکرد بەهۆی پێشکەوتن و گەشەکردنی پیشەسازی لە جیهاندا، بێگومان عێراقیش یەکێکە لەو وڵاتانەی کە پڕیشکی گۆڕانکارییەکانی لێ بەدیار دەکەوێت، بەپێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، تێکڕای زەوییە کشتوکاڵییەکان لە عێراق زیاترە لە ١٣٥ ملیۆن دۆنم و لەو ڕووبەرە بەشێکیان بەهۆی گۆڕانی ئاو و هەوا لە دەستچووە و، وەزارەتەکە ڕایگەیاند کە ٩٨ ملیۆن دۆنم بەهۆی لێکەوتەکانی گۆڕانی ئاو و هەوا لەناوچووە و کشتوکاڵ تێیدا کوژاوەتەوە، هەروەها زیاتر لە ٢٦ ملیۆن دۆنمی دیکە هەڕەشەی لەناوچوونی لەسەرە، واتا ئەوەی لە عێراق ماوەتەوە تەنیا ١٣ ملیۆن دۆنم زەوی کشتوکاڵییە کە ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ژینگەی عێراق هەیە بە گشتی".

لەبارەی هۆکارەکانی تێکچوون و پیسبوونی هەوا، ڕێبین سەمەد گوتی: "یەکێک لە هۆکارەکانی تێکچوونی ژینگە و پیسبوونی هەوا بریتییە لە چالاکی مرۆڤ لە بەرهەمهێنان و گەڕان بەدوای نەوتدا، کارگەکانی پیشەسازی، هەروەها کێشەی کارەبا یەکێکە لە کێشە گەورەکان کە بووەتە هۆی تێكچوونی ژینگە، لە عێراق و هەرێم هەر شارێک زیاتر لە هەزار مۆلیدەی پێدانی کارەبای تێدایە و زۆربەی مۆلیدەکان لە ٢٥٠ کەیڤی بەسەرەوەیە و ئەمانە کاریگەری خراپ لەسەر ژینگە دروست دەکەن هەتا ئەگەر سووتەمەنییەکی باشیش بەکاربهێنن".

ڕێبین سەمەد گوتیشی: "ئەگەر سەیری عێراق و هەرێم بکەین، دەبینین بەغدا و هەولێر تاکە شارن لە جیهاندا کە ژمارەی ئۆتۆمبێل لە ژمارەی دانیشتووان زیاترە، ئەمانە هۆکاری گەورەن بۆ تێکچوونی کوالێتی هەوا، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر سەیری شارەکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی بکەین دەبینین ڕێژەی پاڵاوگەکانییان ئێجگار زۆرە بەراورد بە شارەکانی دیکەی عێراق، چونکە کۆی شارەکانی عێراق بەبێ هەرێم تەنیا ١٦ پاڵاوگەی تێدایە، کەچی تەنیا لە هەولێر، دهۆک و سلێمانی نزیکەی ٢٥٠ پاڵاوگە هەیە ئەم ڕێژەیە ئێجگار زۆرە بە تایبەت هەولێر کە نزیکەی ١٥٠ پاڵاوگەی تێدایە".

لە بارەی کوالێتی هەوای هەولێر، ڕێبین سەمەد گوتی: "بەپێی دواین ڕاپۆڕتی نێودەوڵەتی بۆ کوالێتی هەوا کە لە ئاداری ٢٠٢٤ بڵاوکرایەوە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەولێر بە ١١ هەمین شار دادەنرێت لە ڕووی پیسی هەواوە، هەروەها لەسەر ئاستی عێراقیش بە دووەم شار دادەنرێت لە دوای بەغدا، بەپێی ڕاپۆرتی ئەمساڵیش کە هێشتا بڵاونەکراوەتەوە، بە دڵنیاییەوە ڕیزبەندییەکە گۆڕانکاریی بەسەردا دێت، چونکە ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی پیسبوونی هەوا دەستی پێکردووە بە تایبەت هەڵگرتنی مۆلیدەکان و سەپاندنی تەکنەلۆژیای سەردەم بەسەر پاڵاوگەکان بۆ ئەوەی کەمترین زیانی هەبێت".

هاوکات گوتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان دکتۆر سەنعان عەبدوڵڵا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بابەتی پرسە ژینگەییەکان بە تایبەت لە عێراق و هەرێم بابەتێکی گرنگە و وەک هاووڵاتی پێویستە ئاگاداری بین وەک هۆشیاریی و چۆنیەتی ئیدارەدانی ئەم پرسە، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە کاریگەرییەکی زۆری کەشوهەوا لەسەری هەیە، وەک لە ڕاگەیاندراوەکانیش باس لە بەبیابانبوون و کۆچکردن و کەمکبوونەوەی ئاو و بابەتی کەشوهەوا دەکرێت، ئەمانە هەمووی کاریگەری نەرێنییان لەسەر عێراق هەبووە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی لە هەرێم بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەنددارەکان هەوڵمانداوە بۆ ئەوەی بتوانین کاریگەرییە نەرێنییەکان کەم بکەینەوە لە ڕێگای بە ئیدارەدانی ئەم پرسە".

دکتۆر سەنعان عەبدوڵڵا گوتیشی: "تا ئێستا ١٥ ڕێنماییمان دەرکردووە لەسەر پاراستن و چاککردنی ژینگە، لە ماوەکانی ڕابردوو هەوڵەکانی حکوومەت چڕکراوەتەوە لەسەر باشکردنی کوالێتی هەوا و لەم چوارچێوەیەشدا ڕێکاری یاسایی گیراوەتەبەر ئەو کۆمپانیایانەی کە کەمتەرخەم بوونە و پابەند نینە، هەروەک دەزانین هۆیەکانی پیسبوون بریتییە لە کارگەکان، پاڵاوگەکان و زۆری ژمارەی ئۆتۆمبێل و لە هەمانکاتدا زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان، هەموو ئەوانە کاریگەری نەرێنییان هەیە لەسەر هەوا و ژینگەی هەرێم".

لە چەند مانگی ڕابردوودا حکوومەتی هەرێم هەوڵێکی دەستپێکرد بۆ پاکڕاگرتنی هەوا و ژینگەی هەرێم بە تایبەت هەولێر و بۆ ئەم مەبەستە ٥٩ پاڵاوگە داخران و لە پارێزگای دهۆکیش سەرجەم پاڵاوگەکان داخران و دووبارە پێویستە مامەڵەی دەستبەکارکردنەوە پێشکەش بکەن و ڕێنماییە ژینگەیی و تەندروستییەکان جێبەجێ بکەن.

هه‌روه‌ها لەسەر ئاستی ھەرێمدا حه‌فت هه‌زار و ٣٥٤ مۆلیده‌ی ئه‌هلی هه‌یه‌ كه‌ زۆرترین مۆلیده‌ی ئەھلی كه‌وتووه‌ته‌ پارێزگای ھەولێر كه‌ بریتییه‌ له‌ سێ ھەزار و ٧٧٦ موەلیدەیە، هاوكات له‌ پارێزگای سلێمانی ھەزار و ٧٥٩ موەلیدە و لە پارێزگای دھۆکیش ھەزار و ٨١٩ موەلیدە ھەیە.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ پڕۆژه‌ی ڕووناكی له‌ ٢١ گه‌ڕه‌كی پارێزگای هه‌ولێر و ١١ گه‌ڕه‌كی پارێزگای سلێمانی ده‌ستی پێكردووه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ له‌ پارێزگای هه‌ولێر نزیكه‌ی ٤٥٠ مۆلیده‌ی كاره‌بایی كوژاونه‌ته‌وه‌.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın