هونەر و كلتوور

سلێمانی.. چێشخانەکەی مزگەوتی کاک ئەحمەدی شێخ ٢٠٢ ساڵ لە خزمەتکردن بە هەژاران

- لە ناوجەرگەی شاری سلێمانی و لەنێو مزگەوتی گەورەی شارەکەدا، چێشتخانەیەک ماوەی زیاتر لە ٢٠٠ ساڵە خزمەت بە هەژاران و رێبواران دەکات و تیایدا ژەمە خۆراک دەدرێتە ئەو کەسانەی پێویستییان پێیەتی.

Rewa Mahmood Hasan  | 13.04.2022 - نوێکردنەوە : 14.04.2022
سلێمانی.. چێشخانەکەی مزگەوتی کاک ئەحمەدی شێخ ٢٠٢ ساڵ لە خزمەتکردن بە هەژاران

سلێمانی - AA

لە ناوجەرگەی شاری سلێمانی و لەنێو مزگەوتی گەورەی شارەکەدا، چێشتخانەیەک ماوەی زیاتر لە ٢٠٠ ساڵە خزمەت بە هەژاران و رێبواران دەکات و تیایدا ژەمە خۆراک دەدرێتە ئەو کەسانەی پێویستییان پێیەتی.

چێشتخانەکە لە رۆژانی ئاساییدا کار دەکات و ژەمی نیوەڕوان دابین دەکات بۆ هەژاران و رێبواران و سەرەتا لەسەر دەستی کەسایەتی ئایینی ناوداری کورد و شاری سلێمانی، کاک ئەحمەدی شێخ دروست دەکرێت و بەهاوکاری خێرخوازانی شارەکە تا ئێستا بەردەوام لە خزمەت کردندایە.

محەمەد شێخ سالار حەفید لە لێدوانەکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی مێژووی ئەو چێشتخانەیە دەکات و دەڵێت "کاک ئەحمەدی شێخ کەسێکی کۆمەڵایەتی و ئایینی بووە لە ساڵی ١٨٢٠دا، داوا لە خێرخوازانی ئەو کاتەی شاری سلێمانی دەکات کە هاوکار بن لە کردنەوەی چێشتخانەیەک کە خواردن بۆ هەژاران و دەستکورتەکانی ئەو سەردەمە ئامادە بکەن، هەر لەو سەردەمەدا چێشتخانەکە دروست دەکەن و ناوی دەنێن، چێشتخانەی خێرخوازیی کاک ئەحمەدی شێخ، لەو کاتەوە بەردەوامە تا ئێستا، ماوەیەک پچڕانی تێدەکەوێت و دواتر دەکرێتەوە و هەتا ئێستا بەردەوامە".

چێشتخانەکە لەگەڵ ئەوەی کە بەدرێژایی مێژووی شاری سلێمانی و لەدوای کردنەوەیەوە تا ئێستا خزمەت بە هەژاران و رێبوارانی شارەکە دەکات و تیایدا ژەمە خۆراکی رۆژانەیان بۆ دابین دەکات، بەڵام بە هۆکاری سیاسیی لە ساڵی ١٩٥٧دا دادەخرێت، لەوبارەیەوە محەمە شێخ سالار حەفید سەرپەرشتیاری مزگەوتی گەورە و یەکێک لە نەوەکانی شێخ ئەحمەدی حەفید دەڵێت ''لە ساڵی ١٩٥٧دا چێشتخانەکە دادەخرێت، بەڵام دواتر لە ساڵی ١٩٩٨دا لەسەر ئەرکی کۆچکردوو شێخ سالاری حەفید و چەند کەسێکی هەمان بنەماڵە، جارێکی تر بەڕووی هەژاراندا دەکرێتەوە چێشتخانەکە. ئەو کاتە هەفتەی رۆژێک دەکرێتەوە، دواتر زیاد کرا بۆ هەفتەی سێ رۆژ لەسەر ئەرکی بنەماڵەکەی خۆمان ئەو خواردنانە دابەش دەکرا، دواتر سەرمایەداران و خێرخوازانی شاری سلێمانی کە زانییان چێشتخانەکە بەردەوامە و خەڵک هاوکاری دەکرێت تێیدا و هەژار و رێبواران رووی تێدەکەن، بڕیار دەدەن کە یارمەتی ئێمە بدەن و تا ئێستا هاوکارمانن لە بەردەوامیدان بەم چێشتخانە خێرخوازییە''.

محەمە شێخ سالار حەفید ئاماژە بەوە دەکات کە رۆژانە یەک ژەم خواردن بۆ هاووڵاتییان دابین دەکەن و باس لەوەش دەکات لە رەمەزاناندا بەهۆی بەربانگەوە کاتی دابەشکردنەکە دەخەنە ئێواران و دەڵێت "لە رۆژانی ئاساییدا هەموو رۆژێک لە نیوەڕواندا چێشتی خێر ئامادە دەکرێت، جگە لە رۆژی هەینی، ئەویش بەهۆی نوێژی هەینییەوە، رۆژانە خواردنی جیاواز پێشکەش دەکرێت بە هەژاران و رێبواران، ئەوانیش نۆکاو بە گۆشتەوە، برنج و فاسۆلیا، برنج و شلە بە گۆشتەوە، ساوەر و نیسکێنە، بەڵام لە مانگی رەمەزاندا، بە یارمەتی خوای گەورە و داوتر بە هاوکاری خێرخوازان توانیومانە هەموو رۆژێک بەشەخواردنەکانمان گۆشتی تێدابێت لەگەڵ برنج و فاسۆلیادا کە لە ئێواراندا و لەکاتی نزیکی بەربانگدا دابەش دەکرێت".

ئەوەی جێی سەرنجە ئەو چێشتخانەیە ماوەیەکی زۆرە خزمەت بە هەژاران دەکات و نزیکەی دوو هەزار کەس سوودمەند دەبن لەی لەکاتی ئاساییدا و لەوبارەیەوە محەمە شێخ سالار حەفید گوتی: ''لە رەمەزاندا و لەکاتی ئاساییدا، خواردنەکان لە چێشتخانەکە دابەش دەکرێت و جگە لەوەی هەندێک خێزان هەن بە سەتڵ و مەنجەل دێن دەیبەنە ماڵەوە کە خۆیان لە ٢٥٠ خێزاندا دەبینێتەوە. لە رۆژانی ئاساییدا هەزار تا هەزار و ٢٠٠ کەس لێرە لە چێشتخانەکە نان دەخۆن هەموو رۆژێک لە رەمەزاندا ئەو ژمارەیە دەگاتە سێ هەزار تا سێ هەزار و ٥٠٠ کەس".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın