ئۆڵۆمپیادی پاریس.. ھەڵبژاردەی تورکیا گەیشتە قۆناغی پێش کۆتایی بالە بۆ خانمان
لە چوارچیوەی یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی پاریس ٢٠٢٤دا لە یاری قۆناغی چارەکی کۆتایی بۆ تۆپی بالەی خانمان، ھەڵبژاردەی تورکیا بە ئەنجامی ٣-٢ لە ھەڵبژاردەی چینی بردەوە و بۆ قۆناغی پێش کۆتایی سەرکەوت.
Istanbul
ئیستانبوڵ ــ AA
لە چوارچیوەی یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی پاریس ٢٠٢٤دا لە یاری قۆناغی چارەکی کۆتایی بۆ تۆپی بالەی خانمان، ھەڵبژاردەی تورکیا بە ئەنجامی ٣-٢ لە ھەڵبژاردەی چینی بردەوە و بۆ قۆناغی پێش کۆتایی سەرکەوت.
ئەوەش بۆ یەکەمجارە ھەڵبژاردەی تۆپی بالەی تورکیا بۆ خانمان لە مێژووی خۆیدا لە یارییەکانی ئۆڵومپیادا، بگاتە یاری قۆناغی پێش کۆتایی.
ئەمڕۆ سێشەممە لە چوارچیوەی یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی پاریس ٢٠٢٤دا لە یاری قۆناغی چارەکی کۆتایی بۆ تۆپی بالەی خانمان، ھەڵبژاردەی تورکیا و ھەڵبژاردەی چین ڕووبەڕووی یەکتربوونەوە.
سەرەتا ھەڵبژاردەی تۆپی بالەی چین بۆ خانمان لە گێمی یەکەمدا، بە ئەنجامی ٢٥ خاڵ بەرامبەر بە ٢٣ خاڵ لە ھەڵبژاردەی تۆپی بالەی تورکیا بۆ خانمانی بردەوە، بەڵام خانمانی تورکیا سەرکەوتوو بوون لە گەڕانەوە بۆ نێو كەشی یارییەكە و ئەنجامەكەیان یەكسانكردووە، ئەوەش بە بردنەوەی گێمی دووەم و سێیەمی یارییەکە بە ئەنجامی ٢٥-٢١ و ٢٦-٢٤.
لە گێمی چوارەمدا، خانمانی چین توانیان یارییەکە لە بەرژەوەندی خۆیان کۆنترۆڵ بکەن و بە ئەنجامی ٢٥-٢١ سەرکەوتنیان بەسەر ھەڵبژاردەی تورکیا بەدەستھێنا و دواتر ھەردوو ھەڵبژاردە پەنایان بردە بەر گێمی یەکلاکەرەوە کە تیایدا کە خانمانی تورکیا بە ئەنجامی ١٥ خاڵ بەرامبەر بە ١٢ خاڵ لە خانمانی چینیان بردەوە.
بەو ئەنجامەش ھەڵبژاردەی تۆپی بالەی تورکیا بۆ خانمان، خۆی گەیاندە قۆناغی پێش کۆتایی.
ھەڵبژاردەی تۆپی بالەی تورکیا بۆ خانمان ڕۆژی پێنجشەممە لە یاری قۆناغی پێش کۆتایی لە یاریەکانی ئۆڵۆمپیادا، لەبەرامبەر براوی یاری نێوان ھەڵبژاردەی ئیتاڵیا و ھەڵبژاردەی سڕبیا کە ئەمڕۆ بەڕێوەدەچێت، یاری دەکات.