عێراق

له‌ سێ ڕۆژی جه‌ژندا نزیكه‌ی ٧٧ هه‌زار گه‌شتیار سه‌ردانی هه‌ولێریان كردووه‌

Heman Hussein Yaseen  | 02.04.2025 - نوێکردنەوە : 02.04.2025
له‌ سێ ڕۆژی جه‌ژندا نزیكه‌ی ٧٧ هه‌زار گه‌شتیار سه‌ردانی هه‌ولێریان كردووه‌

Arbil

هه‌ولێر - AA

نووسینگەی پارێزگاری ھەولێر لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماری سێ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی خستەڕوو کە تیاییدا ئاماژەی بە سێکتەری گەشتوگوزار، ئاسایش، تەندروستی و خزمەتگوزاریی شارەوانی کردووە و تیاییدا ئاماژە بەوەکراوە کە لەمیانی سێ ڕۆژی جەژندا نزیکەی ٧٧ ھەزار گەشتیار سەردانی ھەولێریان کردووە و، ئەوەش خراوەتەڕوو کە ١١٩ منداڵ لەمیانی ئەم سێ ڕۆژەدا لەدایکبوونە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەخراوەتەڕوو کە ژمارەی ھاتنی گەشتیاران بۆ شاری ھەولێر لە ڕۆژانی جەژندا بریتیی بووە لە ٧٦ ھەزار و ٦٥٤ گەشتیار، ھەروەھا ئەو پلان و ئامادەکاریانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ھەولێر داڕێژرابوو، وەکو خۆی و بەبێ ھیچ گرفتێک جێبەجێکران و بۆ ھەرحاڵەتێکی پێویستیش، سەرجەم ھێزەکانی ئاسایش لە ئەرکدا بوون.

لەبارەی ئاماری تاوانەکانی سێ ڕۆژی جەژن، نووسینگەی پارێزگاری ھەولێر ڕایگەیاندووە کە، سەرجەم ھێزەکانی سەربە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ھەولێر لە ھەموو بەش و ھۆبەکان لە ھەرسێ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز لەئامادەباشی تەواودابوونە و پلانەکان وەک چۆن داڕێژرابوون تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکراون و لەم سێ ڕۆژەدا ٢٨ تاوان تۆمارکراوە و ٢٨ تاوانیش ئاشکراکراوە.

سەبارەت بەپلانی بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی ھەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانیش، نووسینگەکە ڕاگەیاندووە کە، بەداخەوە بەھۆی پابەندنەبوونی شوفێران بەڕێنمایی و یاساکانی ھاتووچۆ و لێخوڕینی خێرا چوار ڕووداوی ھاتووچۆ ڕوویاندا و بەداخەوە لە ئەنجامیاندا ١٢ کەس برینداربوون.

لە بەشێکی دیکەی ئامارەکاندا، ئەوەشخراوەتەڕوو کە لەمیانی ئەو سێ ڕۆژەدا ٩ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە ھەبووە و جگە لە زیانی ماددیی، خۆشبەختانە ھیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

ھەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا، ئاماژە بە ھەوڵ و ماندووبوونی تیمە تەندروستییەکان دراوە و جەخت لەوەکراوەتەوە کە لەمیانی ئەم سێ ڕۆژەدا، پێنج ھەزار و ٨٧٤ ھاووڵاتیی سەردانی نەخۆشخانەکانی سنووری پارێزگای ھەولێریان کردووە، ھەروەھا ١١٩ منداڵ لەدایک بوونە کە ٧١ لەوانە ڕەگەزی نێر و ٤٨یان ڕەگەزی مێ بوون، ھاوکات ٦٦٩ نەشتەرگەریی جۆراوجۆر ئەنجامدراون لەگەڵ ٦٢٠ حاڵەتی شوشتنی گورچیلە، لەگەڵ ئەوەشدا ١٥٩ نەخۆش لە نەخۆشخانەی نانەکەلی چارەسەریان وەرگرتووە و ٥٢٠ نەخۆشیشی لە سەنتەری ئاوات چارەسەری تیشکیان وەرگرتووە.

لەبارەی خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی ئەوەشخراوەتەڕوو کە لە ڕۆژانی جەژن شەش ھەزار و ٩٥٦ تۆن زبڵ و پاشماوە لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی ھەولێر کۆکراوەتەوە و لە زبڵخانەی کانی قڕژاڵە چارەسەریان بۆ کراوە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın