Arbil
هەولێر - AA
ماوەی ١٨ مانگە لەسەر سکاڵایەکی عێراق، ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیھان ڕاگیراوە کە ڕۆژانە ٤٠٠ بۆ ٤٥٠ ھەزار بەرمیلی ھەناردە دەکرد، بەمەش کێشە و گرفتی ئابووری کەوتووەتە نێوان ھەرێم و بەغدا و چەندین لێکەوتەی سیاسیی و ئابووری ھەبووە.
دوێنێ سێشەممە، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیراندا، بڕیاریداوە کە وەزارەتی دارایی فیدراڵ قەرەبووی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان-عێراق لە خەرجییە سیادییەکان بۆ تێچووی بەرھەمھێنان و گواستنەوەی نەوت بکاتەوە بۆ ئەو بڕە نەوتەی لە ھەرێم بەرھەمدەھێندرێت و ڕادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) دەکرێت، ھەروەھا بەشێوەیەکی دادپەروەریش خەرجی بەرھەمھێنان و گواستنەوەی نەوت دیاری دەکرێت.
لە بڕیارەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو کە لایەنێکی ڕاوێژکاری تەکنیکی نێودەوڵەتی کە وەزارەتی نەوتی عێراق بە ھاوکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی ھەرێم دەستنیشانی دەکەن لە ماوەی ٦٠ ڕۆژدا خەرجی بەرھەمھێنان و گواستنەوەی نەوتی ھەرێم دیاری دەکات، ئەگەر لەو ماوەیەدا دەستنیشانکردنی لایەنەکە جێبەجێ نەکرا، ئەوا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەو لایەنە ڕاوێژکارییە نێودەوڵەتییە دەست نیشان دەکات.
ڕاشگەیاندراوە کە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە کە دەستبەجێ نەوتی بەرھەمھێنراوی ھەرێمی کوردستان ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکرێت، تا مەزەندی بەرھەمھێنان و گواستنەوەی نەوتی ھەرێمیش لەلایەن ئەو لایەنە ڕاوێژکارییە نێودەوڵەتییە تەواو دەکرێت، لەم قۆناغەدا وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بۆ بەرھەمھێنان و گواستنەوەی ھەر بەرمیلێک نەوتی ھەرێم بڕی ١٦ دۆلار خەرج دەکات.
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، بڕیارەکە بۆ قۆناغی ئێستا بە ئەرێنی دەزانێت و ڕوونیشی دەکاتەوە کە جیاوازی ئێستا لەگەڵ پێشووتر ئەوەیە کە، تێچووی بەرھەمھێنان و گواستنەوەی نەوت بەپێی ئەم بڕیارە، لەدەرەوەی پشکی ھەرێمی کوردستان ھەژمار دەکرێت.
ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، نەرمین مەعروف لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەو بڕە پارەیەی کە دیارییکراوە بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەیە، پێشتر لەناو بوودجەدا نزیکەی ترلیۆنێک و ٤٠٠ ملیار دینار تەرخانکرابوو بۆ تێچووی گواستنەوە، بەڵام ئەو بڕە پارەیە لەناو خەرجی سیادی هەژمار نەکرابوو، بەڵکو لە پشکی هەرێم لەناو پێداویستییە خزمەتگوزارییەکان هەژمار کرابوو".
لەبارەی جیاوازییەکەوە، نەرمین مەعروف گوتی: "ئەوەی ئێستا کە بڕیاری لێدراوە ئەوا بڕە پارەکە دەخرێتە چوارچێوەی خەرجی سیادی، واتا لە دەرەوەی پشکی هەرێمی کوردستان هەژمار دەکرێت و، کاریگەری لەسەر پشکی هەرێم نابێت، بەس ئەوە ماوەتەوە کە ئایا هەرێم ڕازی دەبێت بەو بڕە پارەیە یان نا، بە تایبەتی کۆمپانیاکانی بواری بەرهەمهێنانی نەوت، هەرچەندە وەکو سەرەتایەک ئەم بڕیارە خراپ نیە چونکە ئەمە وەکو سولفە هەژمار دەکرێت تا لەماوەی ٦٠ ڕۆژدا کۆمپانیایەکی پسپۆڕ خەمڵاندنێکی زانستی ورد دەکات بۆ تێچووی هەریەکێک لە کێڵگەکان بە پێی تایبەتمەندی خۆی".
حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی خۆی بابەتەکەی تاوتوێکردووە و بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ بۆچوونی خۆی لەبارەی بڕیارەکەی حکوومەتی عێراق بخاتەڕوو.
ھاوکات گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) مایڵز کاگینز لەبارەی بڕیارەکەی حکوومەتی عێراق، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە چاوەڕێی زانیاری زیاترین لەلایەن پەرلەمانی عێراق و حکوومەتی ھەرێم، بەر لەوەی ھەر کۆمێنتێکمان ھەبێت لەبارەی ڕاگەیاندراوەکە".
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ٢٥ی ئاداری ٢٠٢٣، بە بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانی پاریس، ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان ڕاگیرا کە ڕۆژانە ٤٠٠ ھەزار بەرمیل لە ھەرێم و ٧٥ ھەزار بەرمیلیش لە کەرکووکەوە ھەناردە دەکرا.
ھاوکات لە ٤ی نیسانی ٢٠٢٣دا، بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی و سەرۆکوەزیرانی ھەرێم، مەسرور بارزانی لە بەغدا، ڕێککەوتنێک لەبارەی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم واژووکرا، بەڵام تا ئێستا ڕێککەوتنەکە کاری پێنەکراوە و ئەم دۆخەش بووەتە ھۆی ڕاوەستانی پڕۆژەکانی حکوومەت و دروستبوونی کێشە لە بوودجە و مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمدا.