وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکان: " لەگەڵ گەشەکردنی ئابووریی و پیشەسازییمان پێویستیمان بە وزەى زیاتر دەبێت"
وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکان، ئەلپارسلان بایراکتار: "گرژییەکانی جیۆسیاسی و ململانێیەکان لە ناوچەکەدا، مەترسی و نادڵنیایی زۆریان بۆ کەرتی وزە (لە تورکیا) ھێناوە."
Istanbul
ئیستانبوڵ ــ AA
وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا، ئەلپارسلان بایراکتار ڕایگەیاند، خواستی وڵاتەکەی لەسەر وزە بە خێرایی لە زیادبووندایە کە ئەوەش ھاوکاتە لەگەڵ گەشەکردنی ئابووریی و پیشەسازیی و زیادبوونی ھەناردەکردن و ژمارەی دانیشتووان لە تورکیا.
ئەلپارسلان بایراکتار لە گوتارێکدا کە ئەمڕۆ ھەینی لە میانی کۆڕبەندی وزەی ئیستانبوڵ پێشکەش کرد، گوتی: " گرژییەکانی جیۆسیاسی و ململانێیەکان لە ناوچەکەدا، مەترسی و نادڵنیایی زۆریان بۆ کەرتی وزە (لە تورکیا) ھێناوە".
ڕاشیگەیاند کە سیاسەتەکانی تورکیا بۆ وزە لە چوارچێوەی ئامانجی گەیشتن بەڕێژەی سفر لە دەردانی گازی ژەھراوی تا ساڵی ٢٠٥٣دا، داڕێژراون و ئاماژەی بەوەدا کە گرنگە لەسەر ئاستی ھەرێمی و نێودەوڵەتی ھاریکاریی، لەم قۆناغەدا ھەبێت.
ئەوەشی خستەڕوو کە تورکیا ئامانجی ئەوەیە تا ساڵی ٢٠٣٥، ئاستی بەرھەمھێنانی وزە لە ڕێگای وزەی توندبا و خۆڕ، چوار ھێندە زیاد بکات و گوتی: "خواستی تورکیا لەسەر وزە بە خێرایی لە زیادبووندایە کە ئەوەش ھاوکاتە لەگەڵ گەشەکردنی ئابووریی و پیشەسازیی و زیادبوونی ھەناردەکردن و ژمارەی دانیشتووان".
باسی لەوەش کرد کە بەرھەمھێنانی نەوت لە تورکیا لە میانی حەوت ساڵی ڕابردوودا سێ ھێندە زیادی کردووە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی بیرە نەوت لە گابار سەربە پارێزگای شرناخ، دۆزراونەوە.
ھەروەھا ڕاشیگەیاند کە تورکیا لەسەر ئاستی ھەرێمیی، بەردەوامە لە پەرەپێدان بە ھاوکارییەکانی لە بواری وزە و پەرەپێدان بەو پرۆژانەی کە یارمەتیدەر دەبن بۆ ئاسایشی وزە لە تورکیا و ناوچەکە.
گوتیشی: "ئەو وەبەرھێنانەی کە ئێمە لە بواری غازی سروشتی شلدا (LNG)، ئەنجاممان داوە، بەشیوەیەکی بەرچاو دەبنە مایەی بەھێزکردنی ئاسایشی دابینکردنی غازی سروشتی بۆ وڵاتەکەمان و بۆ ئەووروپا".
ئاماژەی بەوەشدا: "لەگەڵ ئەم ژێرخانە بەھێزە و پلانی دامەزراندنی سەنتەری بازرگانی غاز لە سەنتەری دارایی ئیستانبوڵ، پێگەی خۆمان وەک وڵاتێکی گرنگی لە بواری وزە، بەھێز دەکەین".
ھەروەھا جەختی کردەوە لەسەر گرنگی وزەی ئەتۆمی بۆ تورکیا و گوتی: "ھەر چوار یەکەی وێستگەی ئەتۆمی ئاکویو تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٨، دەخرێنە كار".
ڕاشیگەیاند: "لەگەڵ وەگەرخستنی وێستگەی ئەتۆمی ئاکویو لە ساڵی ٢٠٢٨دا، بەڕێژەی ١٠ لەسەدا پێدوایستی تورکیا لە کارەبا، دابین دەکرێت".