ڕووسیا: "دامەزاندنی ناوەندێکی نێودەوڵەتیی بۆ هەناردکردنی غاز لە تورکیا نیشانەی متمانەی مۆسکۆیە بە ئەنقەرە"
جێگری وەزیری وزەی ڕووسیا، پاڤێل سۆرۆکین ڕایگەیاند: "تورکیا بەھۆی گەشەکردنی ئابووریی، زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی و پێشکەوتنی پیشەسازییەکەی، بووەتە یەکێک لە گەورەترین بەکارھێنەرانی وزە لە جیھاندا".
Istanbul
ئیستانبوڵ ــ AA
جێگری وەزیری وزەی ڕووسیا، پاڤێل سۆرۆکین ڕایگەیاند، ئەو دەستپێشخەرییەی کە لەبارەی دامەزراندنی ناوەندێکی نێودەوڵەتیی بۆ ھەناردەکردنی غازی سروشتی لە تورکیا خراوەتەڕوو، ڕۆڵی ئەنقەرە وەک ھاوبەشێکی متمانەپێکراو بۆ مۆسکۆ دووپات دەکاتەوە.
پاڤێل سۆرۆکین لە پەراوێزی "کۆڕبەندی وزەی ئیستانبوڵ" کە ھەفتەی ڕابردوو بەڕێوەچوو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "تورکیا بەھۆی گەشەکردنی ئابووریی، زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی و پێشکەوتنی پیشەسازییەکەی، بووەتە یەکێک لە گەورەترین بەکارھێنەرانی وزە لە جیھاندا".
ئاماژەی بەوەشدا کە گرنگە تورکیا، نرخێکی کێبڕکێ بەدەستبھێنێت و سەرچاوەکانی ھەمەچەشن بکات، چونکە ساڵانە پێویستی تورکیا بۆ وزە زیاد دەکات.
باسی لەوەش کرد تورکیا لە ڕووی جوگرافیاوە، پێگەیەکی باش ھەیە، چونکە بووەتە پردێک لەنێوان ئەورووپا و ئاسیا، ھەروەھا تورکیا ڕێگایەکی زۆر گونجاوە بۆ ھەناردەکردنی وزرە و گوتی: "دەتواندرێت پشت بە تورکیا ببەسترێت بۆ دابینکردنی غاز لە بازاڕەکاندا".
جەختیشی لەوە کردەوە کە تورکیا ھەنگاوی زۆر باشی ناوە لە پەرەپێدان بە بۆڕیەکانی گواستنەوەی وزە کە ئەوە نەک تەنھا وزە بۆ بازاڕی تورکیا دابین دەکات، بووەتە سەرچاوەیەک بۆ ھەناردەکردنی غاز بۆ ئەورووپا.
گوتیشی: "ئەو دەستپێشخەرییەی کە لەلایەن سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمیر پوتین و سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی دامەزراندنی ناوەندێکی نێودەوڵەتیی بۆ ھەناردەکردنی غاز لە تورکیا پێشکەشکراوە، یەکێکە لەو دەستپێشخەرییانەی کە ڕۆڵی تورکیا وەک ھاوبەشێکی متمانەپێکراو بۆ ڕووسیا دووپات دەکاتەوە، چونکە ناوەندەکە لە داھاتوودا دەبێت بە سەرچاوەیەک بۆ ھەناردەکردنی وزە".
لە ساڵی ٢٠٢٢دا سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاندبوو کە ئامادەکاریی دەکەن بۆ دامەزراندنی بازاڕیکی نێودەوڵەتی پێشکەوتوو بۆ غازی سروشتی لە تورکیا.
ھاوکات شارەزایانی ڕووسیا پێیان وایە، ئەو ناوەندە نێودەوڵەتییەی کە بڕیارە بۆ ھەناردەکردنی غازی سروشتی لە تورکیا، دابمەزرێندرێت، پڕۆژەیەکی گرنگە، چونکە پڕۆژەکە دەبێت بە ڕێگایەکی جێگرەوە بۆ گواستنەوەی غازی سروشتی ڕووسیا بۆ ئەورووپا.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن