توركيا, عێراق

"رێگای گەشەپێدان".. دەرفەتێکی بەھێزی وەبەرھێنانە بۆ عێراق و تورکیا

ساڵی ٢٠٢٨، خاڵی دەستپێکی پرۆژەکە دەبێت کە دروستکردنی کۆمەڵێک ڕێگاوبان، ھێڵی ئاسنین، بەندەر و شاری نوێ لەخۆدەگرێت، ھەروەھا ماوەی گەشتەکانی نێوان ئاسیا و ئەورووپا لە ڕێگای تورکیاوە کورت دەکاتەوە.

Hişam Sabanlıoğlu  | 18.09.2023 - نوێکردنەوە : 19.09.2023
"رێگای گەشەپێدان".. دەرفەتێکی بەھێزی وەبەرھێنانە بۆ عێراق و تورکیا

Ankara

ئەنقەرە – AA

بازرگانان و بڕیاردەرانی عێراق پڕۆژەی "رێگای گەشەپێدان" کە بڕیارە لە ڕێگەی تورکیاوە، کەنداو بە ئەورووپاوە ببەسترێتەوە، وەک دەرفەتێکی بەھێز بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە مێژووى و کولتوورییە ھاوبەشەکانی عێراق لەگەڵ تورکیا، دەزانن و ڕایدەگەیەنن کە پڕۆژەکە، دەبێتە مایەی پاڵپشتیکردن لە بەرژەوەندییە ھاوبەشی و ئابوورییەکانەوەوە بۆ ناوچە دوورە دەستەکان.

پڕۆژی"ڕێگای گەشەپێدان" پرسی گرنگی بوو لە ڕۆژەڤی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا، ھاکان فیدان بۆ عێراق کە لەنێوان ٢٢ و ٢٤ ی مانگی ئابی ئەمساڵدا ئەنجامدا، ئەمە جگە لەوەی لە کۆبووەوە و گفتوگۆکانی سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە لووتکەی سەرکردەکانی G20دا کە لە ڕۆژانی ٩ و ١٠ی ئەم مانگە لە نیودەلھی بەڕێوەچوو، ڕەنگی دایەوە.

لە ڕێگای پڕۆژەکەوە کە دروستکردنی کۆمەڵێک ڕێگاوبان، ھێڵی ئاسنین، بەندەر و شاری نوێ لەخۆدەگرێت، عێراق ئامانجی ئەوەیە ماوەی گەشتەکانی نێوان ئاسیا و ئەورووپا لە ڕێگەی تورکیاوە کورت بکاتەوە و ناوەندێکی گواستنەوە "ترانزێت" لە ڕێگای بەندەری فاوەوە کە یەکەم وێستگەی پڕۆژەکەیە دابمەزرێنت.

-ڕێگای ئاوریشمی عێراق

پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان کە بە "رێگای ئاوریشمی عێراق" ناو دەبرێت وەک تێپەڕگەیەکی رکابەری نۆکەندی سوێس دەبێت و ئامانج لێی خێراکردنی گواستنەوەی کاڵا و شتومەکی بازرگانییە لەم رێگایەوە.

ئەو ھێڵی ئاسنین و ڕێگا خێرایەی کە بەندەری فاو بە سنووری تورکیاوە دەبەستێتەوە درێژییەکەی دەگاتە ١٢٠٠ کیلۆمەتر کە تێچووی پڕۆژەکەیش ١٧ ملیار دۆلارە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت بەندەرەکە ببێت بەگەورەترین بەندەر لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا.

سەرەتا پڕۆژەکە بە"کاناڵی وشک" ناونرابوو بەر لەوەی لە ئاداری ساڵی ڕابردوودا بگۆڕدرێت بۆ "پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان" کە ھاوکات بوو لەگەڵ کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی و سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کە لە ئاداری ساڵی ڕابردوودا لە ئەنقەرە ئەنجامدرا کە ئێستا پڕۆژەکە بە "بناغەی پڕۆژەی ئابووریی بەردەوام نانەوتی" ناو دەبرێت.

ڕۆژی ٢٧ی ئایاری ٢٠٢٣، بەبەشداری نوێنەری ھەریەک لە وڵاتانی سعوودیە، تورکیا، سووریا، ئوردن، کوێت، بەحرێن، قەتەر، ئیمارات، عومان و ئێران ھەروەھا نوێنەرانی بانکی نێودەوڵەتیی و یەکێتیی ئەورووپا، کۆنفرانسی "رێگای گەشەپێدان" لە بەغدا بەڕێوەچوو.

سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ئەو کات لە میانی کۆنفرانسەکەدا رایگەیاندبوو، رێگای گەشەپێدان کە لە عێراقەوە بۆ تورکیا لەرێگەی گواستنەوەی وشکانیی و ئاسنینەوە درێژدەبێتەوە، دەرفەتێکی ئومێدبەخشە بۆ یەکتربڕینی مێژوو، کولتوور و بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان و گوتبووی: "رێگای گەشەپێدان پڕۆژەیەکە ڕەنگدانەوەی لەسەر دامەزراندنی ئابوورییەکی بەھێز دەبێت، ئەوەیش لە میانی زیاکردنی بەھای بەرھەمی گشتیی خۆماڵی".

بازرگانان و بڕیاردەرانی عێراق لەبارەی پڕۆژەی "ڕێگای گەشەپێدان" بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو قسەیان کردووە و ڕایانگەیاندووە، ئەو پڕۆژەیە کە بڕیارە لە ساڵانی ٢٠٢٨، ٢٠٣٣ و ٢٠٥٠ بە سێ قۆناغ تەواو بکرێت، دەبێت بە " دەروازەی ئابووریی عێراق کە لە ڕێگای تورکیاوە بەڕووی جیھاندا دەکرێتەوە".

- ھاوبەشی گەشەپێدانی ستراتیژی

لەچوارچێوەی پڕۆژەکەدا کە خاڵی کۆتایی تورکیایە، پلان دانراوە کە ناوچەیەکی ئابووریی فراوان لە ئەورووپاوە بە وڵاتانی کەنداو ببەسترێتەوە.

پێشتر سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ڕایگەیاندبوو کە کۆمپانیا تورکییەکانی لە کارەکانی ژێرخانی عێراقدا ڕۆڵی گرنگ دەگێرن و ئاماژەی بەوەیشدابوو کە کۆمپانیا تورکییەکان خاوەن توانا و شارەزایی زۆر باش و گرنگن، ھەر ئەوەیش وایان لێدەکات کاربکەن لە پەرەپێدانی پڕۆژەی "ڕێگای گەشەپێدان".

لای خۆیەوە ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری گواستنەوە، ناسر ئەسەدی لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی "سەباح"ی نیمچە فەرمیی عێراق ڕایگەیاندووە، تورکیا و عێراق لە ھەوڵی ئەودان کە کۆمەڵێک ڕێککەوتننامەی پەیوەندیدار بە پرۆژەی "رێگای گەشەپێدان" واژوو بکەن.

بازرگانانی عێراق پاڵپشتی تورکیا دەکەن بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی پڕۆژەکەدا ڕۆڵێکی کارا بگێڕێت، ئەوەیش لە کاتێکدایە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ھەردوو وڵات ٢٤ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، ئەمە جگە لەوەی چاوەڕان دەکرێت کە لەچوارچێوەی پڕۆژەکەدا ئایندەیەکی باشتر بۆ کەرتی بازرگانی نێوان ھەردوو وڵات برەخێسێندرێت.

سەرۆکی ژووری بارزگانیی بەغدا، فیراس حەمدانی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ڕایگەیاند: "تورکیا گرنگترین ھاوبەشی ستراتیژی ئێمەیە لە پرۆژەی 'ڕێگای گەشەپێدان'، ئەمە وێرای ئەنقەرە ھاوبەشێکی ستراتیژی گرنگە لە گەشەپێدانی عێراقدا".

فیراس حەمدانی ئاماژەی بەوەیشدا، ئەو پڕۆژەیە دەبێتە ھۆی پەرەپێدانێکی گرنگ بۆ پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان عێراق و تورکیا و گوتی: "کۆمپانیا تورکییەکان ڕۆڵێکی ڕاستەقینەیان دەبێت لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکەدا،بەتایبەتی کە تورکیا بازاڕێکی بەھێزی ھەیە و حکوومەتی عێراق و بازرگانانیش پێیان باشە سوود لە شارەزایی تورکیا وەربگرن بۆ پەرەپێدانی ئەم پڕۆژەیە".

لای خۆیەوە ئەندامی لیژنەی وەبەرھێنان و گەشەپێدان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، حوسێن سەعبەری لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوەی کرد کە تورکیا، وڵاتێکی گرنگە لە گەشەپێدانی ئابووریی عێراقدا و گوتی: " ئێمە سنوورێکی درێژمان لەگەڵ تورکیا ھەیە، مێژوویەکی قووڵ و تەنانەت یەکگرتوویی خوێنیشمان پێکەوە ھەیە".

حوسێن سەعبەری ئەوەیشی وەبیرھێنایەوە کە پیشتر سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چەند لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە تورکیا ھاوبەشێکی ستراتیژییە بۆ عێراق.

- تایبەتمەندییە پەسەندکراوەکانی تورکیا

کارەکانی دروستکردنی بەندەری گەورەی فاو لە پارێزگای بەسرە باشووری عێراق بەردەوامە کە بە یەکەم وێستگەی پڕۆژەی "رێگای گەشەپێدان" دادەنرێت،

بەندەرەکەیش دەکەوێتە سەر ڕووباری شەتولعەرەب کە ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات تیایدا کۆدەبنەوە پێش ئەوەی بچنە کەنداوی عەرەبی.

پڕۆژەکە لە ناوچەی بەندەری فاو لە پارێزگای بەسرە دەست پێدەکات و بە شارەکانی دیوانیە، نەجەف، کەربەلا، بەغدا و مووسڵدا تێدەپەڕێت، پاشان دەگاتە بەندەری مێرسینی تورکیا.

پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای (PEG Infrastructure)ی ئیتاڵی دیزاین کراوە و دوای تێپەڕبوونی بە شاری مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراق و بەغدای پایتەخت، "ڕێگای گەشەپێدان" لە گوندی " ئۆڤاکۆی" لە پارێزگای شرناخەوە دەچێتە تورکیا.

تورکیا، ئەو وڵاتەیە کە گەورەترین پاڵپشتی بۆ دووبارە بنیادنانەوە و سەقامگیریی عێراق پێشکەش کردووە، بەو پێیەی لە میانی ئەو کۆنفرانسەی کە لە ساڵی ٢٠١٨دا لە کوێت لەبارەی دووبارە بنیادنانەوەی عێراق بەڕێوەچوو بەڵێنی دا، پێنج ملیار دۆلار بۆ دووبارە بنیادنانەوەی عێراق تەرخان بکات.

لای خۆیەوە یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا، ڕەفعەت سمۆ لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ڕایگەیاند، ئەو ھێڵە شەمەندەفەری کە بڕیارە لەچوارچێوەی پڕۆژەکەدا، دروست بکرێت بە دووری ھەشت کیلۆمەتر لە ناوەڕاستی شاری مووسڵ تێپەڕدەبێت.
ڕەفعەت سمۆ گوتیشی: "ئێمە کۆمپانیا تورکییەکانمان لەبری کۆمپانیا بیانییەکان لە کاری وەبەرھێنان و دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی مووسڵ ھەڵدەبژدووە، چونکە کۆمپانیا تورکییەکان لەو کۆمپانیا بیانیانەی کە لە عێراقدا کار دەکەن، باشترن".

یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا، ڕەفعەت سمۆ ئاماژەی بەویشدا کە کۆمپانیا تورکییەکان ڕۆڵێکی گەورەیان گیراوە لە دووبارە بنیادنانەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مووسڵ، ھەروەھا دروستکردنی ڕێگاوبان و پردەکان لە شارەکەدا و گوتی: کۆمپانیا تورکییەکان پشکی شێریان ھەیە لەو پڕۆژانەی کە لە موسڵ جێبەجێ دەکرین، جگە لەوەیش ھاوولاتییانی شاری مووسڵ ھەست بە ئاسوودەیی و دڵخۆشی دەکەن کاتێک دەبێنن کۆمپانیا تورکییەکان پڕۆژە لە شاری مووسڵ جێبەجێ دەکەن".

ڕەفعەت سمۆ باسی لەوەیش کرد کە چاوەڕوان دەکرێت، تورکیا بەشدارییەکی گرنگ بکات لە جێبەجێکردنی پرۆژەی "ڕێگای گەشەپێدان"دا و ڕایگەیاند: "کۆمپانیا عێراقییەکان بە تەنھا ناتوانن ئەم پڕۆژە گەورەیە جێبەجێ بکەن، عێراق پێویستی بە کۆمپانیای بیانی ھەیە بۆ یارمەتیدان لە تەواوکردن ئەم پڕۆژەیە و تورکیایش وەک وڵاتێکی دراوسێی عێراق، نزیکترین وڵاتە لە مووسڵ".

یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا گوتیشی: "پێویستە تورکیا لە ڕێگەی کۆمپانیا گەورەکانیەوە کە پڕۆژەی گرنگیان جێبەجێ کردووە، جێ پەنجەی خۆیان لە جیھانی بازرگانیدا بەجێھێشتووە، بەشداری لە پڕۆژەی 'ڕیگای گەشەپێدان'دا بکات".

- پڕۆژەی "ڕێگای گەشەپێدان" یەکێکە لە بژاردە جێگرەوەکان لە کاتی ھەڵگیرسانی جەنگدا

بڕیارە لە ساڵی ٢٠٢٥دا، کارەکانی دروستکردنی بەندەری گەورەی فاو تەواو بکرێت، ھەروەھا پێشبینی دەکرێت ٩٠ شۆستە بۆ لەنگەرکردنی کەشتی تیایدا دروست بکرێت توانای بەندەری جەبەل عەلی لە دوبەی تێپەڕێنێت کە ٦٧ شۆستە بۆ لەنگەرکردنی کەشتی تیادایە و بە گەورەترین بەندەری کۆنتێنەر لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا دانراوە.

پڕۆژەکە یەکێکە لە بژاردە جێگرەوەکان بۆ بوونی ناکۆکی یان ئەگەری ھەڵگیرسانی جەنگ، چونکە "ڕێگای ئاوریشمی چینی" ڕاستەوخۆ بە عێراقدا تێناپەڕێت.
پێشبینی دەکرێت ئەم پڕۆژەیە کات و تێچووەکان کەم بکاتەوە، ئەوەیش بە کورتکردنەوەی دووری نێوان چین و ئەورووپا بە بەراورد بە ڕێگای دەریایی کە بە نۆکەندی سوێس دەڕوات.

لەلایەکی دیکەوە، پڕۆژەکە کە ئامانجی ئەوەیە ببێتە "ڕێگای ئاوریشمی نوێ" لە نێوان تورکیا و عێراق، یەکێکە لەو پڕۆژانەی کە پێویستی بە داراییەکی زۆری ھەیە تا تەواو بکرێت کە حکوومەتی عێراق بە تەنھا ناتوانێت تێچووی پرۆژەکە لە ئەستۆی بکرێت ، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت تورکیا، وڵاتانی کەنداو و چین بەشداربن لە دابینکردنی دارایی بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە.

لە ١٣ی ئەم مانگە، وەزیری دەرەوەی تورکیا، ھاکان فیدان ڕایگەیاندبوو کە عێراق، ئیمارات، تورکیا و قەتەر لە دیدار و کۆبوونەوەی چڕدان لە بارەی پرۆژەی "ڕێگای گەشەپێدان".

ھاکان فیدان باسی لەوە کرد کە لەو کۆبوونەوانەی سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە لووتکەی سەرکردەکانی G20دا بەشداری کردووە، پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدان خراوەتە بەرباس و گوتی: "لە ئێستادا بەتایبەتی ھەر لە G20دا پرۆژەی ڕێڕەوێکی دیکە ھەیە کە لەو کۆبوونەوانەی سەرکۆمارمان لە G20دا بەشداری کردووە باس کراوە و پشتیوانیمانی بۆ دووپات کراوەتەوە پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدانە کە لە ئێستادا تورکیا، عێراق، ئیمارات و قەتەر لەم بابەتەدا لە دیدار و کۆبوونەوەی چڕدان".

گوتیشی: "بەتایبەتی لەو کۆبوونەوەیەی سەرکۆمارمان لەگەڵ سەرۆکی ئیمارات (شێخ محەمەد بن زاید ئال نھەیان) ئەنجامیدا، ھاوڕابوون کە لە ماوەی چەند مانگی داھاتوودا کاری فەڕمی کۆتایی لەم بارەیەوە تەواوبکرێت لانی کەم کارە فەڕمییەکانی سەر کاغەز و بخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، ئەم پێشنیارەش بە بەرپرسانی عێراق گەیەندرا".

لای خۆیەوە خانمە بازرگانیی عێراق ، سۆنگول چابوک بە ئاژانسی ئانادۆڵوی ڕایگەیاند، عێراق بەھۆی ھەڵکەوتە جوگرافییەکەیەوە لەناو جەرگەی ڕێگای ئاوریشمدایە، ھەروەھا تورکیا سوورە لەسەر ئەوەی کە وڵاتانی ئەوروپا لە ڕێگای عێراقەوە بە وڵاتانی ئاسیاوە ببەستێتەوە.

سۆنگول چابوک کە پێشتر ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بوو گوتیشی: "بەھۆی ئەم پڕۆژەیەوە، عێراق دەرفەتی ئەوەی دەبێت بگاتە ئاسیا و کەنداو، تەنانەت ئەورووپایش".

ئەو خانمە بارزگانیيە ئاماژەی بەوەیشدا، تورکیا کە لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ کۆمپانیا گرنگەکانیدا لە عێراق بوونی ھەیە، ئارەزووی جیددی ھەیە بۆ بەشداریکردن و پاڵپشتیکردن لە پڕۆژەکە، ئەوەیش لە ڕێگای کۆبوونەوەکانی لەگەڵ عێراق و ژمارەیەک وڵاتی دیکە و گوتی: "ئومێد دەکەین کە وڵاتانی دیکەیش بەشداری لەم پڕۆژەیەدا بکەن بۆ بەھێزکردنی کەرتی گواستنەوەی نێوان ئاسیا و ئەورووپا".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın