سەرکۆمار ئەردۆغان: "ئەگەر جەردەیی هەبێت کەس چاوەڕوانی ئەوە نەکات دەسەڵاتی دادوەری چاوی لێ بپۆشێت"
سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان: "ئەگەر ئاک پارتی خاوەنەکی هەبێت، ئەوا ئەویش گەل خۆیەتی. هەر کەسێک ئەم ڕاستییە ڕوونە لەبیر بکات و گرنگیی پێنەدات، ئەوا سەرەتا ئێمە و پاشانیش گەل لە بەرامبەر خۆیدا دەبینێتەوە".

TBMM
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند: "ئەگەر ئاک پارتی خاوەنەکی هەبێت، ئەوا ئەویش گەل خۆیەتی. هەر کەسێکئەم ڕاستییە ڕوونە لەبیر بکات و گرنگیی پێنەدات، ئەوا سەرەتا ئێمە و پاشانیش گەل لە بەرامبەر خۆیدا دەبینێتەوە".
لە میانی بەشداری کردنی لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی ئاک پارتیدا لە پەرلەمانی تورکیا، سەرکۆمار و سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی ئەردۆغان گوتارێکی پێشکەش کرد.
لە گوتارەکەیدا ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە ئاک پارتی پارتێکە گەل دروستی کردووە، گەل پەروەردەی کردووە، لە هەموو تێکۆشان و خەباتێک کە بە پشتیوانی گەل چووەتە ناویەوە سەرکەوتوو بووە و، ڕایگەیاند: "ئەگەر ئاک پارتی خاوەنەکی هەبێت، ئەوا ئەویش گەل خۆیەتی. هەر کەسێک ئەم ڕاستییە ڕوونە لەبیر بکات و گرنگیی پێنەدات، ئەوا سەرەتا ئێمە و پاشانیش گەل لە بەرامبەر خۆیدا دەبینێتەوە. پێویستە ئەو کێشە و زیانانەی دووچارمان بووە لە ڕووانگەی مەودامان لەگەڵ ئامانجەکانمان بخوێنینەوە. واتا هەرگیز نابێت لە ناو گەلدا بۆی بگەڕێین، هەردەم لە خۆماندا بەدوایدا دەگەڕێین. تیشک دەخەینەسەر ئەوەی چیمان بە کەموکورتی کردووە، چیمان هەڵە کردووە، چیمان بە نیوەناچڵ کردووە".
گوتیشی: "لە ژێر ڕۆشنایی ئەو وانانەی لێرە فێربووین، جارێکی دیکە ڕوو لە گەلەکەمان دەکەین، گەلەکەمان توندتر لە ئامێزدەگرین و سەرلەنوێ لەگەڵ گەلەکەماندا دەبینە یەک جەستە. خودا بمانپارێزێت بەپێچەوانەوە دەبینە یەکێک لەو پارتە بێ شومارانەی وەک مۆم تواونەتەوە و نەماون".
سەرکۆمار ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە یەکێک لەو کێشە سەرەکییانەی کوالیتی دیموکراسیی تورکیا دادەبەزێنێت، عەقڵیەتی ژەهراوی ئۆپۆزسیۆنە و، گوتی: "ئێمە هەرگیز وەک ئۆپۆزسیۆنمان نەکردووە و بەلاشخۆر نەبووین کە چاوەڕێی کۆسپی بەرامبەرەکەمان بین و بچینە سەر حازری".
سەبارەت بە پارتی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی تورکیا، پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "گوایە لە هەموو کارێکیاندا شەفاف دەبن، بەڵام بینیمان ساختەکار دەرچوون".
دەربارەی ئەو لێدوانانەی جەهەپە لەبارەی ئاک پارتی و خۆی دەیدەن، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "ئەو سووکایەتییانەی بە کەسایەتیم و ئەندامانی کابینەکەمان و هاوکارانمان کردیان، ئەو لێدوانە ئاست نزمانەی بەکاریانهێنا دەگەڕێنمەوە بۆ سەرۆکی گشتیی جەهەپە و هاوکارەکانی".
گوتیشی: "سەرۆکی گشتیی جەهەپە با سەرەتا بگاتە ئاستی یەکێک لە نوێنەرانی گەڕەکەکەمان، ئینجا گوێمان دادەخەین لەوەی 'چی دەڵێت؟".
هەروەها سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "ئێمە لایەنی بنیاتنەر و ئاڕاستەکارین و هەردەم بەو شێوەیە دەبین، نەک ئەو لایەنەی ڕادەکێشرێت. حازرخۆری سیاسیی شێواز و کار و خولیای ئۆپۆزسیۆنە لە وڵاتەکەماندا".
سەبارەت بە هەڵوێستەکانی سەرۆکی گشتیی جەهەپە ئۆزەل، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "ئەگەر پێداگریی بکات لەو ڕێگا هەڵەیەی تێیکەوتووە، ئەوا نایکەینە موخاتەب".
گوتیشی: "هەتا خۆی ڕێکنەکاتەوە، مەحکومی دەکەین بە سەرقاڵبوون بە فرتوفێڵی پارتەکەی و کارکردن بەشێوەیەکی دوور لە ڕەوشت".
سەرکۆمار ئەردۆغان ئەوەیشی خستەڕوو کە لە هەر شوێنێک جا ئیستانبوڵ بێت یان شوێنێکی دیکە، ئەگەر جەردەیی هەبێت. ئەوا کەس چاوەڕوانی ئەوە نەکات دەسەڵاتی دادوەری چاوی لێ بپۆشێت.
ڕاشیگەیاند: "لێپرسینەوە لەوانەی ئەو سەرچاوانە بەتاڵان دەبەن کە بە ئەمانەت پێیاندراوە و مافی بێ باوکیشی تێدایە بەرجەستەترین ئاماژەی ڕێکاریی دەوڵەت یاسایە. ناتوانین گیان و ماڵ و چارەنووسی هاووڵاتیانی ئیستانبوڵ بۆ کەسانی ناکارامەی خۆپەرست بەجێبهێڵین".
سەرکۆمار ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە دزی، گەندەڵی، بەرتیل، ساختەکاری و بێ ڕەوشتی پارت و ناسنامەی نییە.
هاوکات سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە وەک هاوپەیمانی جومهور لە خەمی بنیاتنانی داهاتووی تورکیاداین، نەک خۆ ڕزگارکردن و گوتی: "بەهۆی ئەوانەی لە شوێنى کارەکانیاندا هەر خەریکی خۆنمایش کردنن، هەرکاتێک لە ئیستانبوڵ بوومەلەرزەیەک ڕوو دەدات توشی دڵەراوکێ دەبین".
سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لە هەوڵەکانیان کرد بۆ بنیاتنانەی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ هاووڵاتیان و، ڕایگەیاند: "لە سەرانسەری تورکیادا تێکڕا سێ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون و یەکەی کۆمەڵایەتییمان بنیاتناوە. خانووی نوێمان بۆ ١٥ ملیۆن هاووڵاتیمان دابینکردووە".
گوتیشی: "بڕی ئەو پشتیوانییەی دەیدەین بۆ خانوویەک لە ئیستانبوڵ بۆ وەرچەرخان لە یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار لیرەوە دەگەیەنینە یەک ملیۆن و ٨٧٥ هەزار لیرە".
سەبارەت بە کارەکانی یەکەی نیشتەجێبوونی کۆمەڵایەتیی لە ئیستانبوڵ، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "لەگەڵ تەواوبوونی ٥٠ هەزار یەکەدا ٢٠٠ هەزار کەس لە مەترسی بوومەلەرزە ڕزگار دەکەین و پەناگەی ئارامیان بۆ دابین دەکەین.
گوتیشی: "لە ٢٣ ساڵی ڕابردوودا لەڕێگەی TOKİەوە یەک ملیۆن و ٥٤٧ یەکەی نیشتەجێبوونمان درووستکردوە. لە سەرانسەری تورکیادا سێ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار یەکە و یەکەی کۆمەڵایەتی وەرچەرخانمان دروستکردووە".
هەروەها سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "بە گیان کار دەکەین بۆئەوەی هەموو پارێزگاکانمان بەتایبەتی ئیستانبوڵ وا لێبکەین سەلامەت بن و بەرگەی بوومەلەرزە بگرن".
سەرکۆمار ئەردۆغان لە بارەی کەمپینی نیوەی لەسەر ئێمە لە ئیستانبوڵ، ڕایگەیاند: "پشتیوانی بەخشین دەگەیەنینە ٨٧٥ هەزار لیرە، دانی قەرز دەگەیەنینە ٨٧٥ هەزار لیرە و، پشتیوانی گواستنەوەیش دەگەیەنینە ١٢٥ هەزار لیرە".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن